چۆن دەزانیت منداڵەکەت هەستیاریی بە شیر هەیە؟

2021-06-26

2704 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەستیاری بە شیر یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی هەستیاری بە خۆراک کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە منداڵانادا و بە تایبەتیش لە منداڵانی ساوادا بوونی هەیە، بەڵام لە زۆرینەی کەیسەکاندا لەدوای ساڵێکەوە بوونی نامێنیت.

دکتۆر کامەران ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە بابەتێکدا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئاماژەی بۆ دیارترین نیشانەکان کردووە کە ئەمانەن:

-هاتنە خوارەوەی ئاو بە لووت دا

-تەنگە نەفەسی

-سکچوون و بوونی خوێن لە پیسایی دا

-خورانی پێست به تایبەت چواردەوری دەم

-سوور بوونەوەی پێست و هەڵئاوسانی

-ڕشانەوە و ئازاری سک

- هاتنە خوارەوەی فرمێسکی زۆر بە چاودا

-ڕەنگە له منداڵی ساوا دا نیشانەکانی بریتی بێت لە ڕشانەوە یان نەخواردنی شیرەکە.

-حاڵەتی هەستیاری زۆر بەهێز: ڕەنگە ببێتە هۆی شۆکی کاردانەوەی هەستیاری کە زۆر ترسناکە.

چۆن دەتوانیت دەستنیشانی هەستیارییەکە بکەیت؟

یەکەم: پشکنینی پێست: لە ڕێگای لێدانی دەرزی ژێر پێست و چاودێری کردنی.

دووەم: پشکنینی خوێن بۆ دژەتەنەکان IgE.

سێیەم: پشکنینی پیسایی.

چوارەم: پشکنینی هەستیاری بە خۆراک: لە ڕێگای پێدانی شیر و چاودێریکردنی منداڵەکە بە چڕوپڕی

جۆرەکانی هەستیاری بە شیر کامەنەن؟

یەکەم: هەستیاری بە شیر بە تایبەت شیری مانگا، لە دوای یەک بۆ سێ ساڵ ٪٧٠ منداڵەکە چاکدەبێتەوە.

دووەم: هەستیاری بە شیری مانگای درەنگ وەختە یان جۆری دووەم، هەرسنەکردنی شیری مانگا، ئەم دوو جۆرە هەر بە زۆری لە منداڵی ساوادا ڕوودەدەن بەڵام دوای نزیکەی ( ٤٨ ) کاتژمێر نیشانەکانی دەردەکەوێت و زۆربەیان دوای یەکەم ساڵی تەمەن چاکدەبنەوە.

گرنگە خاڵیک لەبەرچاو بگیرێت کە ئەویش جیاکردنەوەی هەستیاری بە شیرە لەگەڵ هەرسنەکردنی لاکتۆز کە بە زۆری لە تەمەنی گەورەتر ڕوودەدات و نیشانەکانی جیاوازترە.

شێوازی خۆپاراستن و چارەسەرکردنی:

یەکەم: شیری دایک بدرێت بە منداڵ لانی کەم تاوەکو تەمەنی شەش بۆ هەشت مانگ.

دووەم: لە حاڵەتی بوونی ژەستیاریدا بە شیر، پێویستە بە هیچ شێوەیەک ئەم خۆراکانە نەدرێت بە کەسی تووشبوو:

-شیری مانگا: لە جێگەی ئەوە شیری سۆیا بدرێت بە منداڵەکە.

-شیرەمەنی وەک ماست پەنیر

-ساردەمەنی و محەلەبی و کاستەر و هەر بەرهەمێک شیر یان لاکتۆزی تێدابێت، تاوەکو نەمانی نیشانەکانی و چاکبوونەوەی حاڵەتەکە لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ

زۆرترین خوێندراو