ئەگەر زانیت مناڵەکەت تەماشای فیلمی پۆڕن دەکات چی دەکەیت؟

2021-06-12

4518 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تەماشاکردنی ڤیدیۆی پۆڕن و ئەو فیلمانەی کە دیمەنی نەشیاوی تیایە بۆ منداڵان و هەرزەکاران، کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بەجێدەهێڵێت، پزیشکێک هۆشداری دەدات لەبارەی ئەو حاڵەتەوە لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا.

د. دیلمان ئازاد خۆشناو پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری لە بابەتێکی ماڵپەڕی تەندروستی مێدیار، سەبارەت بە تەماشاکردنی دیمەنی پۆڕن لەلایەن منداڵانەوە وتی "بەداخەوە پێتان دەڵێم تەماشاکردنی فیلمە نەشیاوەکان لەلایەن منداڵانەوە لای ئێمە حاڵەتی دەگمەن نییە، بەڵکو گەلێک بڵاوە و بەرەو بوون بە دیاردە دەچێت لەناو منداڵ و هەرزەکاراندا."

د. دیلمان لەبارەی یەکێک لەو کەیسانەوە قسەی کرد و وتی "خانمێک بە دڵەڕاوکێوە منداڵەکەی هێنا بۆ پشکنینی کچێنی، بەڵام جیاواز لە زۆر حاڵەتی کۆمەڵگەی خۆمان کە دەیبینین، ئەم خانمە زیاتر خەمی لایەنی دەروونیی کچەکەی بوو، دڵەڕاوکێی دایکەکە ئەو ساتە دەستیپێکرد کە بۆ دڵنیابوونەوە لە منداڵەکەی سەردانی کۆڵانەکەی کرد و بینی کچەکەی لەگەڵ هاوڕێکەی تەماشای دیمەنی پۆڕن دەکەن."

د. دیلمان وتیشی "دایکەکە بە منی گوت ڕاستە ئێستا بۆ پشکنینی کچێنی ئەم منداڵەم هێناوە، بەڵام مەبەستی سەرەکی من ئەوەیە تۆ ڕێنماییم بکەی کە لە چ ڕێگایەک هەوڵبدەین دەروونی بیماری منداڵەکە ئاسایی بکەینەوە و کاریگەریی ئەو کردەوە نەشیاوانەی تێدا نەهێڵین، داوای هەندێک ماڵپەڕی بەسوودیشی کرد تاوەکوو لە ڕێگایانەوە خۆیشی ڕێنمایی وەربگرێت بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ دوای کەوتنە داوی ماڵپەڕ و دیمەنە پۆڕنەکان و نەشیاوەکان، لێرەدا لە قۆناغی دوای ڕوداوە نەخوازراوەکەدا، ڕۆشنبیریی دایکەکە جێگەی دڵخۆشییە، کە بابەتەکەی نەشاردووەتەوە، بەڵکو بۆ دڵنیابوونەوە لە جەستە و دەروونی منداڵەکەی، هاتووە ڕێگە راستەکەی بینیوەتەوە و پەنای هێناوە بۆ پسپۆڕان."

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوەی گرنگە لەم بەسەرهاتە راستەقینەوە وەریبگرین ئەوەیە کە کەمتەرخەم نەبین لەم ڕووەوە، هەر مۆبایل و ئامێرێکی ئەلیکترۆنی کە ئینتەرنێتیان لەسەر بێت، بێ چاودێری نەدرێنە دەستی منداڵ.

هەروەها، کاتێک منداڵەکەت دەچێتە دەرەوە و مۆبایل و خەتی پێ نییە، تەواو بێخەم مەبە، چونکە زۆرجار یەکێک لە منداڵەکان مۆبایل و تابلێتی پێیە و پیشانی هاوڕێکانی دەدات، بۆیە لە هەموو حاڵەتێکدا چاودێریی منداڵەکەت گرنگە و پشتگوێخستنی دەبێتە کەمتەرخەمی و ڕەنگە کارەساتی لێبکەوێتەوە.



زۆرترین خوێندراو