لە ئێران کتێبێک لەسەر شێرکۆ بێکەس بڵاودەکرێتەوە

2018-06-12

9748 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەمنزیکانە نوێترین کتێبی نوسەر و لێکۆڵەر ئومێد وەرزەندە دەربارەی شێرکۆ بێکەس بڵاودەبێتەوە.

ناوەڕۆکی کتێبەکە تایبەتە بە ڕەهەندەکانی ژیانی شێرکۆ بێکەس جگە لە لێکۆڵینەوە لە بەرهەمەکانی ڕای شارەزایانی بواری ئەدەب لە کوردستان و ئێران لەخۆدەگرێت.

لێکۆڵەر و نوسەری کتێبەکە دکتۆر ئومێد وەرزەندە لەبارەی بەرهەمەکەیەوە بۆ ئاژانسی میهر وتی: "کاری ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکە لە کۆتاییدایە‌، هه‌موومان ده‌زانین شێرکۆ بێکه‌س یه‌کێکه‌ له‌ شاعیره‌ دیاره‌ نوێخوازه‌کانی کورد،‌‌ کاریگه‌ریی زۆری لەسه‌ر پڕۆسه‌ی شیعری کوردی بووه و هەیە‌."

ئومێد وەرزەندە دەڵێت: "ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیان و کاری ئه‌م شاعیره‌ به‌ باشی بناسین، ئه‌م کتێبه‌ش کاری نووسین و لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی ساڵی ڕابردوو ده‌ستی پێ کردووە لە ئێستادا ڕووی له‌ ته‌واو بوونه‌ و به‌ زوویی چاپدەکرێت.

نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە باس لەوە دەکات "له‌م کتێبەدا هه‌وڵدراوه‌ بیروڕای مامۆستایانی بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر سه‌باره‌ت به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ جیهانییه‌کانی شیعری بێکه‌س به‌ تایبه‌ت له‌ ئێران و هه‌رێمی کوردستان بخرێته‌ ڕوو."

شێرکۆ بێکه‌س لە ڕابردوودا په‌یوه‌ندیی زۆر باشی له‌گه‌ڵ شاعیرانی ئێراندا هه‌بوو و زۆربەی کتێبه‌کانیشی بۆ‌ زمانی فارسی وه‌رگێڕدراون.

دکتور ئومێد وه‌رزه‌نده‌، نوسەر و لێکۆڵەرێکی دیاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئه‌ندامی لیژنه‌ی زانستیی زانکۆی ئازادی سنه‌یه،‌ سه‌رۆکی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردستان ناسییه‌.

Image result for ‫شێرکۆ بێکەس لە پارکی ئازادی‬‎

شێرکۆ بێکەس ساڵی ١٩٤٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا یەکەمین شیعری بڵاوکردووەتەوە، لەساڵی ١٩٦٥ چووەت شاخ و بووە بەپێشمەرگە لەڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق کاری کردووە،  لە ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین کتێبی شیعری بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست" لە بەغدا بە چاپ گەیاند، ساڵی ١٩٦٩ هاوسەرگیریی کردووە، ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ لەگەڵ چەند شاعیرێکی تر هەوڵی گۆڕانکارییاندا لە شیعری کوردیدا دا و کاریان لەسەر شیعری نوێی کوردی کرد، لە ساڵی ١٩٨٦ کۆچی کردووە بۆ دەرەوەی عێراق و چەند ساڵێک لە سوید ژیاوە، ساڵی ١٩٨٧ لە سوید "خەڵاتی تۆخۆڵسکی" پێبەخشراوە، لە ساڵی ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، لەوساڵەدا کرایە وەزیری ڕۆشنبیری یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام پاش ماوەیەک دەستی لەکارکێشایەوە، شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی نوێخوازی کورد بووە، چەندین نامیلکە و دیوانی شیعریی هەیە، ناوەرۆکی شیعرەکانی باس لە سروشت و نیشتمان و ژن و خاک و خۆشەویستی دەکات، شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی جیھانی وەرگێڕدراون، لە ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"یان دامەزراند، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئەمریکا و کەنەدا بووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپدرا، ڕۆژی ٤ی ٨ ی ساڵی ٢٠١٣ لە ستۆکھۆڵمی پایتەخی سوید بەھۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆی لە پارکی ئازادی لەشاری سلێمانی بەخاکسپێردرا.  

زۆرترین خوێندراو