2021-05-31
15974 جار خوێندراوەتەوە
+
-
وڵاتی جەزائیر بەناوبانگە بە بازاڕە کۆن و جیاوازەکانی، کە چەندین سەدەیە هەموو پێداویستیەکانی ژنان و پیاوانیان دابین کردوە.
بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "ئەل عەین"، شاری قسنتینەی کۆن کە لە رۆژهەڵاتی جەزائیرە، خاوەنی چەندین شتی جیاوازە لە ناویاندا بازاڕێکە کە تایبەتە بە پیاوان و ژنان بۆیان نیە بچنە ناوی.
بازاڕی "رحبة الجمال" گەورەترین بازاڕی میللی شارەکەیە و رۆژانە پیاوان و منداڵان و تەنانەت پشیلەکانیش سەردانی دەکەن، بەڵام بە ڕووی ژناندا داخراوە و دەڵێن بە چەند هۆیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی چوونە ناوەوەی ژنان بۆ ئەم بازاڕە قەدەغە کراوە.
ئەو داستان و ئەفسانانەی کە باس لە هۆکارە جیاوازەکانی قەدەغەی چوونی ژنان بۆ ئەم بازاڕە دەکەن بەپێی دانیشتوانی شارەکە هۆکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتین و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی عوسمانیەکان و فەرەنسییەکان.
بەپێی گێڕانەوەکان مێژووی ئەم بازاڕە بۆ ١٥ سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ناوەکەی لەوە هاتووە کە لە سەدەکانی پێشوودا کاتێک کاروانچییەکان سەردانی شارەکەیان کردووە، حوشترەکانیان بە دەرگاکانی بازاڕەکە و ئوتێلەکانی شارەکەدا دەبەستەوە.

لەم بازاڕەدا هەرچی بتەوێت و بە هەر کوالێتیەک بتەوێت دەستت دەکەوێت، جگە لە دووکانی پیاوان دووکانی جلوبەرگ و پێداویستی ژنان و منداڵانی تێدایە لەگەڵ ئوتێلی بچوک و کۆمەڵێک حەمام بە نرخێکی هەرزان، هەروەها یەکێک لە کۆنترین مزگەوتەکانی شارەکە لەم بازاڕەدایە کە ناوی مزگەوتی " سيدي عبدالرحمن القروي".
بەپێی یەکێک لە گێڕانەوەکان لە سەردەمی داگیرکاری فەڕەنسیەکاندا، سەربازە فەڕەنسیەکان ئەو بازاڕەیان کردوەتە سۆزانی خانەکان و بەم هۆیەشەوە پیاوانی شارەکە لە ترسی شەرەفیان رێگەیان نەداوە ژن و کچەکانیان سەردانی ئەم بازاڕە بکەن.
گێڕانەوەیەکی تر دەڵێت لە سەدەی ١٨ کاتێک "ساڵح بای موستەفا" کە سەر بە حکومڕانی عوسمانیەکان بووە لە ساڵەکانی ١٧٧١ بۆ ١٧٩٢ حوکمی ئەو شارەی کردوە، فەرمانی کردوە کە بازاڕەکە و گەرەکێکی تەنیشت بازاڕەکە بکرێنە سۆزانی خانە و دواتر زانایانی ئاینیی شارەکە چوونی ژنانیان بۆ ناو ئەم ناوچەیە قەدەغە کردوە.


