2021-05-17
1855 جار خوێندراوەتەوە
+
-
رۆمانی "ڕێگاكانى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" لە نوسینی ئەلیخاندرۆ زامبرا، لە وەرگێڕانی ئارام ڕەشید، چاپ و بڵاوکرایەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، وەرگێڕی رۆمانەکە ئاماژەی بەوەکرد، ناوەرۆکی ڕۆمانی "ڕێگاكانى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" دەربارەى ژيان، عەشق، تەنيايى، سياسەت، ڕابردوو، ئێستا و تەنانەت ئايندەشە، ڕۆمانەكە ڕەنگ و بۆى ئەمريكاى لاتينى پێوەيە، بەڵام؛ سادە و بێ هيچ گرێوگۆڵ و جوانكارييەكە.
ئەم رۆمانە خەڵاتى ئەڵتازۆر و ئەدەبياتى ساوپاولۆ و پێنى ئينگليزى و باشترين ڕۆمانى ساڵى چيللى بۆ ساڵى ٢٠١٢ی پێ بەخشراوە.
ئەم کتێبە لە چوار بەش پێك هاتووە: "كەسايەتييە لاوەكييەكان، ئەدەبياتى دايك و باوكان، ئەدەبياتى منداڵەكان، ئێمە سەلامەتين"، لە لایەن دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفانەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەلێخاندرۆ زامبرا نووسەری ڕۆمانی ڕێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە ساڵى ١٩٧٥ لە شارى سانتياگۆى وڵاتى چيللى لەدايك بووە، پێش تەمەنى چل ساڵی يەكێك بووە لە ئەندامانى گروپى "بۆگۆتا ٣٩" كە بە باشترين نووسەرە لاوەكانى ئەدەبياتى ئەمەريكاى لاتين دادەنرێن، ئێستاش يەكێكە لە بەناوبانگترين نووسەرە ئيسپانى زمانەكان لە جيهاندا.
ئارام رەشید، یەکێکە لە وەرگێڕە دیارەکان و نزیکەی ٢٠ ساڵە کاری وەرگێڕان دەکات، تا ئێستا چەندین بەرهەمی جیهانیی کردووە بە کوردی، لە دیارترین ئەو بەرهەمانەش " کافکا لە کەنار دەریا، رێگا، کۆلارەباز، بەردی سەبوری، بازاڕیی، ترس لە مەرگ، ڕێگاكانى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە"ن.

ئ.ل