رۆمانی 'ماڵی پشیلەکان'ی هیوا قادر بە فارسی بڵاودەبێتەوە

2021-04-27

1476 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رۆمانی "ماڵی پشیلەکان"ی هیوا قادر کە لەلایەن نوسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەییەوە وەرگێڕدراوە، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا بە فارسی بڵاودەبێتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، نوسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەکرد، پاش چەند مانگێک لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆڵەتی چاپ لە ئێران، کتێبەکە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا بڵاودەبێتەوە.

کتێبەکە لەلایەن خانەی "نشری سالس" لە تاران چاپ و بڵاودەبێتەوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی ئێران کە زۆرترین شاکارە جیهانییەکانی وەک "میلان کۆندێرا، گابریل گارسیامارکیز، سێرڤانتس ، ماریۆبارگاس یۆسا، ناباکۆف، ئیڤان کلیما و بۆلگاگۆف و دەیان نووسەری تری وەرگری نۆبڵ" چاپ و بڵاوکردووەتەوە .

"ماڵی پشیلەکان" یەکێکە لەڕۆمانە بەناوبانگەکانی نوسەر هیوا قادر، لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەکاتی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا چەندین وتار و بابەتی جۆراو جۆری لەسەر نوسراوە و پێشوازییەکی زۆری لێکرا، رۆمانەکە بۆ دووەمجار چاپکراوەتەوە، تابلۆی بەرگی کتێبەکەش کاری هونەرمەند ئارام عەلییە.

وەک نوسەری رۆمانەکە ئاماژەی پێکردووە "بەشێکی زۆری ئەم ڕۆمانە باس لە مەنفا و مرۆڤ و تەنهاییەکانی دەکات لە ڕێگەیی پشیلەکانەوە، مرۆڤی کوردیش یەکێکە لەو ئەتنییە کۆچبەرانەی کە وەک با بەهەموو دنیادا بڵاوبووەتەوە"، نوسەر پێیوایە باسی لە خەمی مرۆڤی کورد و ئەو کۆچبەرانەی تر کردووە کە وەک کورد لە دەرەوەی وڵاتی خۆیاندا دەژین.

No description available.

ئ.ل


زۆرترین خوێندراو