فۆتۆگرافەر ڕفیق مەحمود محەمەد لەگەڵ دوو پیاو لەدەرەوەی ستۆدیۆی فۆتۆکەی لەشەقامی پیرەمێرد لەسلێمانی لە ١٩٦٨دا دانیشووە
2021-04-21
5240 جار خوێندراوەتەوە
+
-
خێزانی ڕەفیق مەحموود ئەفەندی ناسراو بە رەفیقی وێنەگر لە ڕێگەی کۆکردنەوە و ئەرشیف کردنی کارەکانی ڕەفیقی وێنەگر و مەحموود ئەفەندی باوکییەوە زۆرێک لە یادگاری و وێنەی کەسایەتی و ڕووداوەکانی شاری سلێمانییان پاراستووە و ئێستا دووبارە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هاوڵاتییان ئاشنا دەکەن بە بەشێک لە کارەکانیان.
ڕەفیقی وێنەگر لە ساڵی ١٩٣٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری بە کارکردن لە دووکانەکەی باوکیدا بەسەربردووە کە ئەویش بە هەمان شێوە یەکێک بووە لە وێنەگرە دیارەکانی ئەو سەردەمە. لە ساڵی ١٩٥٤ دا لە شەقامی پیرەمێرد دوکانێکی وێنەگری کردۆتەوە، دوکانێک کە بۆ نزیکەی شەش دەیە خزمەتی کردووە و مێژووی تۆمارکردووە.
لەو کاتەدا، ڕەفیق ژیانی خۆی بۆ بەدۆکیومێنت کردنی ژیانی شارەکە و کوردستان تەرخان کردبوو و وێنەی چەندین ڕووداوی وەکو لافاو و چالاکی وەرزشی و سەیران گرتووە لەگەڵ چەندین وێنەی کەسایەتی وەکو شاعیران و هونەرمەندان و سیاسەتمەداران و میوزیکژەن.
ڕەفیق لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بەشداری لە شۆڕشە یاخیبونیە کوردیەکاندا کردووە لە دژی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق، لە دەستێکی تفەنگەکەی و دەستەکەی تری کامێراکەی پێ بووە.
پێش داخستنی دوکانەکی لە ساڵی ٢٠٠٩ و گیان لەدەستدانی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، رەفیق بە هەزاران فۆتۆی لە ستۆدیۆ بچوکەکەیدا گرتووە، هەر لە وێنەی مامەلەی دامەزراوە فەرمییەکان هەتا وێنەی ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری و دەرچوون و لەدایکبوون وچەندانی دیکەش. لە ڕێگەی وێنەکانیەوە، ڕەفیق پەیوەندیەکی ماناداری بۆ نەوە یەک لەدوای یەکەکانی سلێمانی دروستکردووە کە لە ئێستادا بەشێکیان لە لایەن کچەزاکەی بە ناوی ئارۆز و کوڕەکەی بە ناوی ڕزگار لە ڕێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاو دەکرێنەوە.
ئارۆز بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند کە ئامانجیان لەم کارە پێکەوە بەستنی سەردەمی ئێستایە بە یادگاریەکانی ڕابردووەوە، وتیشی کە ڕێگەی باپیری بۆ هێشتنەوەی ساتەکان لە ڕێگەی وێنەوە بوو، جیاواز لە کەسانەی دیکە کە بیرەوەریەکان دەنوسنەوە یاخود چیرۆکەکان زارەکی دەگێڕنەوە.
ئارۆز سەعید رایگەیاند کە "ئەو لە هەموو شتێک شتێکی دەزانی، بەڵام لە ناخەوە ئەو وێنەگرێکی سەر شەقامی بوو، شوێنێک کە تیایدا چێژی لە وێنەگرییەکەی دەبینی."
لەو شارانەی کە لە گەشەسەندندان، وێنە دوو ڕۆڵی گرنگی لەسەر شانە، یەکەم بەبیرهێنەرەوەیەکی سەردەمانی ڕابردووە بۆ ئەو کەسانەی لەو کاتانەدا ژیاون، دووهەم بەستنەوەی نەوەی نوێیە بە مێژووەوە، ئەوەش بە زیندووکردنەوەی یادەوەریەکانی ڕابردوو و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان خانەوادەکان و کلتور و شوناس.
لینکی تەواوی بابەتەکە لە دیسکی ئینگلیزی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی: فۆتۆ ڕەفیق - photo rafiq

دیمەنی یاری هەڵماتێن لەلایەن چەند پیاوێکەوە لە شەقامێکی شاری سلێمانی – ساڵی ١٩٥٦

ڕفیق مەحمود محەمەد بەسەر ماتۆڕێکەوە - ساڵی ١٩٥٥