کردنەوەی پێشانگایەک بۆ مامۆستایانی وانەی هونەریی

کردنەوەی پێشانگایەک بۆ مامۆستایانی وانەی هونەریی
2018-12-14

2921 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە کاروچالاکییەکانی ساڵانەی مامۆستایانی پەروەردەیی ڕۆژئاوای سلێمانی ئەمڕۆ پێشانگایەکی وێنەکێشان بۆ کۆمەڵێک مامۆستای هونەریی کرایەوە، وێنەکان زیاتر گوزارشتبووە لەبارودۆخ و ڕەوشی مامۆستا و هۆشیارکردنەوەی خوێندکار.

لە راپۆرتێکی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا ئاماژە بە پێشانگایەکی شێوەکاری مامۆستایانی هونەری پەروەردەی ڕۆژئاواکراوە، ساڵانە ئەمجۆرە پێشانگایە بۆ مامۆستایانی وانەی هونەریی سەرجەم قوتابخانەکانی ئەو پەروەردەییە ئەنجام دەدرێت.

حەسەن سلێمان مامۆستای بەشداربوو لە پێشانگاکە وتی "ئێمەی مامۆستا لەم وڵاتە هیچ دەزگایەک بەدەم داواکارییەکانمانەوە نایەن، پەرلەمان هیچ بڕیارێکی تێدا نییە، لەڕێگەی ڕەنگەوە ویستومە پۆستەرێک بکەم کە پەیامەکەی ئەوەیە داهاتی گەل بۆ گەل بێت نەک بۆ شتی تر".

مامۆستایان لە ڕێگەی پۆستەرەکانیانەوە بەشێکیان تایبەتکردووە بە هۆشیارکردنەوە و مافی مرۆڤ و دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و کاریگەریی نەرێنی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، هەروەک مامۆستا هەوار کەمال  وتی "پەروەردە و تەکنەلۆژیا کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبووە، بەڵام لایەنی خراپی ئەوەیە کە خوێندکار هەرشتێک فێردەبێت تەنها بیری لەلای نامە و ئەو شتانەیە کەلە تۆرەکۆمەڵایەتییەکانەوە بۆیدێت هەربۆیە دایمەن سەرقاڵ و ماندوون".

لەم پێشانگایەدا نزیکەی ٢٥٠ مامۆستای هونەر لە خوێندگەکان بەشداربوون و لە ڕێگەی وێنەوە پەیامەکانیان بە خوێندکاران و حکومەت گەیاندووە، وابڕیاریشە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوامبێت.

ئ.ل

زۆرترین خوێندراو