2021-06-30
4765 جار خوێندراوەتەوە
+
-
هونەرمەندی گۆرانیبێژ تەنیا ئیدریس لە دوای بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاڵ و شیرینی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو لەبارەی داگیریکردنی دووکانەکانیەوە رایگەیاندوە کە لە مافی خۆی خۆش نابێت.
تەنیا ئیدریس لەلایەن "ژاڵە رەسوڵ" پێشکەشکاری بەرنامەی تاڵ و شیرینی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو، لەبارەی چەند دووکانێکەوە پرسیاری لێدەکات کە پێشتر موڵکی ئەو بووە و لە وەڵامدا تەنیا ئیدریس وتی " نازانم کێ ئەو کارەی کردوە، ئەگەر بزانم لە مافی خۆم خۆشنابم، دووکانەکان بەناوی حکومەتەوە داگیرکراون."
تەنیا ئیدریس وتیشی" چوومەتە لای وەزیر وتی ئێمە نەمانکردوە، سەردانی پارێزگارم کردوە هەمان قسەی کردوە."
دواتر ژاڵە رەسوڵ دەپرسێت "کەیسەکەت داوە بە دادگا؟"
تەنیا ئیدریس لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەدا کە لەبەرئەوەی نازانێت کێ لە پشتی کارەکەوەیە، نازانێت سکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکات.
تەنیا ئیدریس ساڵی ١٩٧٢ لەدایکبووە، ساڵی ١٩٨٧ پێشمەرگە بووە، لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكان دەستی كردووە بە كاری هونەری، لە ساڵی ١٩٩١ چووەتە دەرەوەی وڵات، یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان، زۆربەی زۆری ئاواز و شیعرەکانی هی خۆیەتی، زیاتر لە ٣٥ ساڵە لەگەڵ میوزیک دەژی، چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپی تۆمارکراوی هەیە.