2021-06-30
1655 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بۆ یەکەمجارخانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ئەمەل سەعید کوردە بەدەنگ و رەنگ لە تابلۆیەکی جوڵاودا دەردەکەوێت، کە کاری هونەرمەند ژاڵە واحیدە و پێکەوە لە پێشانگایەکدا بەشداریی دەکەن.
ئەمەل سەعید کوردە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک ڕایگەیاندووە، بۆ یەکەمجار بە دەنگ و ڕەنگ لە تابلۆیەکی جوڵاودا بەشداریی دەکات کە لە پێشانگایەکی شێوەکاری بەناوی "cry me a waterfall" ”تاڤگه ئاسا بۆم بگری“ نمایشدەکرێت، ئەم کارەش لەلایەن هونەرمەند ژاڵە واحیدەوە کراوە.
سەبارەت بەو کارە لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئەمەل سەعید کوردە ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ یەکەمین جار و لە کارێکی زۆر سەردەمی و نوێدا بەدەنگ و ڕەنگ و بە جلی کردییەوە بەشدارە، ئەم کارە بە زمانی کوردی و ئینگلیزییە، کارەکە تابلۆیەکی جوڵاوی ناو پێشانگا دەبێت و بە سکرین "شاشە"ی گەورە نمایش دەکرێت و ئامادەیی دەبێت لە چەند پێشانگایەکی وڵاتانی ئەوروپیدا.
ئەم کارەی ژاڵە، لە فۆڕمی میوزیك ڤیدیۆیەكی درێژكراوەدایە و گۆرانییەكی خۆشەویستیی كوردییە لە ئاوازی هونەرمەند ناسری ڕەزازی، لەگەڵ گۆرانییەكی خۆشەویستی نوێش لەخۆدەگرێت، بەناوی ”تاڤگه ئاسا بۆم بگری“، لە وتنی ئەمەل سەعید كوردەیە و موزیكی كارزان كامیلە، وابڕیارە پێشانگاکە لە ٢٤ی تەممووزەوە بۆ ٢٨ی ئاب بەردەوام دەبێت.
ئەمەل سەعید کوردە یەکێکە لە خانمە هونەرمەندە دیارەکان، لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، لە سلێمانی ژیاوە و دەرچووی بەشی میوزیکی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانییە، لەتەمەنی ١٧ ساڵیدا یەکەم بەرهەمی لە تیڤی پەخشکراوە، نزیکەی ٣٠ بەرهەمی تۆمارکراو و ئەلبومێکی بڵاوکراوەی هەیە و داهاتی ئەلبومەکەی بەخشیوەتە نەخۆشانی تالاسیمیا، لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی بەکالۆریۆسی هونەری لە لەندەن بەدەستهێناوە.
ئ.ل