2021-06-30
3188 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لە ژێر ناوی "کەمپینی پێکەوە هیوا دەبەخشــیـن لەپێناو منداڵانی توشبووی شێرپەنچە" ڕێکخراوی کەرکووک بۆ هەمووان بەهاوبەشی لەگەڵ تایم سەنتەر مۆڵ کەمپینێک سازدەکەن بۆ منداڵانی توشبووی شێرپەنجە لە شاری کەرکوک.
لە پۆستەری کەمپینەکەدا هاتووە چالاکییەکە بە ئامادەبوونى هەریەک لە هونەرمەندان (دینە و میرا) دەبێت لە ڕۆژی ١ی تەموزی ٢٠٢١ ڕۆژی پینج شەمە، لە تایم سەنتەر مۆڵ لە گەڕەکی ڕەحیماوا.
خانمە گۆرانیبێژ لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئاماژەی بەوەکردووە لە پێناو دووبارە بەخشینەوەی هیوا بە توشبوانی شێرپەنجە لەگەڵ هونەرمەند میرا لە کەرکوک دەبن.
دینا لە شاری رانیە لەدایکبووە و لە شاری ھەولێر نیشتەجێیە، لە مانگی تەمووزی ٢٠١٧ دەستی بە کاری ھونەری کردووە و کۆمەڵێک گۆرانی تۆمارکراو و چەند ڤیدیۆ کلیپێکی ھەیە، یەکەم ڤیدیۆ کلیپی لەژێر ناونیشانی "شای وڵات" بڵاوکردەوە، ئەلبومێکیشی بە ھەمان ناونیشان ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دوێتێکی لەگەڵ میرا بڵاوکردووەتەوە.
میرا عەلی، یەکێکە لە گۆرانیبێژە گەنجەکانی هەرێمی کورستان و چەند ساڵێکە لە بواری هونەری گۆرانیوتندا کاردەکات، چەند گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپێکی تۆمارکراوی هەیە، زۆرینەی کارە هونەرییەکانی بە هاوکاری ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر بەرهەمدەهێنێت، ساڵانە لە مانگی ڕەمەاندا گۆرانیی ئاینی بڵاودەکاتەوە، جگە لەوەش گۆرانیی بۆ زانای ئاینیی بەناوبانگی کورد سەعید نورسی و عەلی کوڕی ئەبوتالب وتووە.