2021-06-26
3132 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئێوارەی ئەمڕۆ یادێک بۆ کۆچی دوایی هونەرمەندی گۆرانیبیژی کورد حەسەن زیرەک سازدەکرێت لە سەرای شاری سلێمانی.
حەسەن زیرەك ٢٩ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢١ لە شاری بۆكان لەگەرەكی قەڵا لەدایك بووە، هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە بەهرەی دەنگخۆشی تێدا دەرکەوتووە، دواتر وردە وردە دەنگەی لە زۆرێک لە ناوچەکانی كوردستان بڵاوبووەتەوە بەجۆرێك كەسانێك كە رووخساری زیرەكیان نەبینوە عاشقی دەنگی دەبن.
لە ساڵیادی کۆچی حەسەن زیرەکدا، بەشی سەنتەرە ڕۆشنبینی و تیپە هونەرییەکانی بەڕێوبەرێتی ڕۆشنبیری سلێمانی کاتژمێر پێنجی ئێوارە لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی بۆ یادی حەسەن زیرەک ئێوارە میوزیکێک سازدەکات لە ژێر ناوی "میوزیکی سەرشەقام بە یادی گەورە گونەرمەند حەسەنزیرەک".
زیرەک بەهۆی ئەوەی ژیانێکی گەڕیدانەی هەبووە زۆرێک ناوچەی کردووە، بۆ ماوەیەک لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغداد دادەمەزرێت هەر لەوێش چەند گۆرانییەک تۆماردەکات، پاشان لە ساڵی ١٩٥٨ دا دەچێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر لە بەشی کوردی ڕادیۆی تاران دادەمەزرێت، لەو کاتانەی کە تەرخانکراون بۆ پەخشی کوردی دەرفەتی بەخشیووە بە زیرەک بۆ تۆمارکردنی چەندین گۆرانی و پێشکەشکردنی بەرنامەی هونەری لە ڕادیۆکە، لەگەڵ گەڕانەوەی و دەستپێکی کارکردنی لە ڕادیۆی تاران، زیرەک هاوسەرگیری ئەنجامدەدات لەگەڵ میدیا زەندی، لە ساڵی ١٩٦٢ شوێنی کارەکەی دەگۆڕێت و لە ڕادیۆی کرماشان دەست دەکات بە کارکردن.
حەسەن زیرەک چەندین جار ڕوبەڕوی گرتن و ئەشکەنجەدان بووەتەوە لە ژیانیدا، هۆکارەکانی ناڕوونن، بەڵام دواین جار لە ساڵی شەستەکاندا دوو جار بەبێ هۆ لەلایەن دەسەڵاتی شای ئێرانەوە دەگیرێت و دەستگیر دەکریت، پاش کۆتا ئازادکردنی زیرەک دەچێتە گوندی مەلا ئەحمەدی شاری بانە و لەوێ چایخانەیەک دادەنێت، دواتریش دەچێتە شاری شنۆ ماوەیەکیش لەوێ دەمەێنتەوە و بەهۆی نەخۆشییەوە دەگەڕێتەوە شاری بۆکان، توشی نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر دەبێت، هەر بەو هۆیەشەوە بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی بۆ دەدرێت، بەڵام سەرکەوتوو نابێت و لەکۆتایدا بۆ دواجار لە ساڵی ١٩٧٢دڵی دەوستێت و بۆ هەمیشە و بەیەک جاری دەنگی زیرەک دەبێتە تۆمارێکی مێژوویی.
زیرەک خویندەواری نەبووە، سەرەڕای ئەوەی دەنگیی خۆش بووە، زۆر جار هۆنراوەی نوسیەوە کە ئەمەش ببوە هۆی سەرسوڕمانی زۆرێک لە شارەزایانی میوزیک.
ل.ل