2018-06-12
17069 جار خوێندراوەتەوە
+
-
سەرەتا بۆ پاشەکەوتکردنی پارە پێویستە بڕیارەکەی لە مێشکی خۆتدا جێگیر بکەیت، بیر لە تەکنیکە کۆنەکانی پارە پاشەکەوتکردن مەکەرەوە، لە جیاتی ئەوە بیر لە خەرجکردنی پارە بکەرەوە بە شێوەی پلان، چونکە پاشەکەوتکردنی پارە بە واتای ئەوە نایەت کە واز لە خەرجکردنی هەموو پارەکان بهێنیت پێکەوە، بەڵکو پێویستە بە پێی گرنگی پێداویستییەکان پارە خەرج بکەیت.
ماڵپەڕی " nerdwallet" شێوازی پاشەکەوتکردنی پارەی خستووەتە ڕوو.
پاشەکەوتی ڕۆژانە
سەبارەت بە پاشەکەوتکردنی پارەی ڕۆژانە چەند گۆڕانکارییەکی بچووک دەتگەیەنێتە ئەنجام، هەوڵبدە لە ڕێگەی سیستمێکی ئۆتۆماتیکی یاخود حساب بانکییەوە پاشەکەوت بکەیت کە بڕە پارە کەمەکەی ڕۆژانە لەو بڕە جیابکاتەوە کە پاشەکەوتی دەکەیت، جگە لەوەش دەکرێت ڕۆژانە بڕێک پارە جیا بکەیتەوە و پاشان بیخەیتە حساب بانکییەکەتەوە.
بەر لە ڕۆشتن بۆ کڕینی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان هەوڵبدە لیستێک بۆ ئەو شتانە دروست بکەیت کە پێویستت پێیانە تا شتێک نەکڕیت کە پێویستت نییە و پارەی زیادە خەرج نەکەیت، سەبارەت بە ڕۆشتن بۆ کافێ و ڕێستۆرانتەکان ڕێگر نابێت لە پاشەکەوتکردنی پارە، بەڵام هەموو ڕۆژێک نانخوان لە دەرەوە بێگومان زیان بە پاشەکەوت دەگەیەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانیت لە دەرەوە نان بخۆیت و زیان بە پاشەکەوتت نەگات، پێویستە بزانیت چ شوێنێک هەڵدەبژێریت و چ جۆرە خواردنێک یاخود لەگەڵ هاوڕێکەتدا پارەکە بکەن بە دوو بەشەوە.
هەوڵبدە سوود لەو کاتانە وەربگریت کە داشکاندن ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەش هیچ شتێک بە پەلە مەکڕە و باش بیر بکەرەوە پاشان بڕیار بدە، هەوڵبدە خەرجی دیاریی لەدایکبوون و ئاهەنگەکان و دیاریی ڕۆژی دەرچوون کۆبکەیتەوە.
پاشەکەوتکردنی مانگانە
بۆ زیاتر پاشەکەوتکردنی پارەی مانگانە هەوڵبدە خەرجی ئوتومبێلەکەت کەمبکەیتەوە، جگە لەوەش دەتوانیت پارەی ئینتەرنێتەکەت کەمبکەیتەوە یاخود جۆرە هێڵێک بەکار بهێنیت کە پارەیەکی کەمتری دەوێت، کەمتر بەکارهێنانی کارەبا و چاودێریکردنی لیستی پارەکە و ئاگاداربوون بڕێک پارەت بۆ دەگەڕێنێتەوە و دەتوانیت پاشەوکەتی بکەیت.
پاشەکەوتکردنی ساڵانە
پاشەکەوتکردنی ساڵانە لە ڕێگەی پاشەکەوتکردنی مانگانەوە ڕوودەدات پێویستە ئاگاداری بڕی پارەی کۆکراوە بیت و دووربکەوەرەوە لە قەزرکردن، بیر لەو هۆکارە بکەرەوە کە پارەی بۆ کۆدەکەیتەوە ئایا بۆ ئەو ئاهەنگە یاخود کڕینی خانوو، با بەردەوام هۆکارەکەت بیر بێت تا زیاتر هانتبدات.

ل.ب