2018-12-14
26552 جار خوێندراوەتەوە
+
-
هۆزێك لە ناوەڕاستی دەریادا دەژین و ژیانیان هەمووی لە ناو بەلەمدایە، لەوێدا دەمێننەوە، ناندەخۆن و دەخەون و هاوسەرگیری دەکەن و تەنانەت دەشمرن.
ماڵپەڕ هافپۆستی عەرەبی لە بابەتێکدا بڵاویکردەوە، هۆزی باجاوی ئەندەنوسی هۆزێکن کە منداڵەکانیان پێش ئەوەی فێری ڕۆیشتن بکەن فێری مەلەیان دەکەن، هەر لە منداڵییەوە لە ئاودا دەبن و دەچنە قوڵایی دەریاوە.

خەڵکی ئەم هۆزە لەڕووی فسیۆلۆجییەوە جیاوازن و سروشتی جەستەیان بەجۆرێکە کە دەتوانن لەگەڵ ژینگەی ئاویدا خۆیان بگونجێنن.
جەستەیان بەجۆرێك گەشەی کردووە کە دەتوانێت بەرگە بگرێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر ئاودا بمێنێتەوە، جیناتێکی جیاوازیان هەیە لە مرۆڤی ئاسایی کە وایلێکردوون بتوانن بۆ ماوەی ١٣ خولەك هەناسەیان بگرن لە قوڵایی ٧٠ مەتری لە ژێر دەریادا.
ئەمەش یارمەتییان دەدات بە ئاسانی بچنە ژێر دەریا و بەدوای خواردن و کەرەستەی جیاوازدا بگەڕێن بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیان و پەیداکردنی خواردن و دروستکردنی خانو و بەلەمەکانیان.

پسپۆڕانی بواری زانستەکانی مرۆڤایەتی لە زانکۆی هاوای بڕیاریاندا گەشت بکەن بۆ گوندی باجاو، لەگەڵ خۆیاندا ئامێرێکیان برد کە تیشکی سەروو بنەوشەیی دەردەکات، بۆ ئەوەی بزانن قەبارەی سپڵی ئەم هۆزە چەندە.
لە دواتردا پسپۆڕان بۆیاندەرکەوت کە قەبارەی سپڵی ئەم هۆزە %٥٠ گەورەترە لە قەبارە سروشتییەکەی لە مرۆڤی ئاساییدا، چونکە سپڵی گەورە بڕێکی زیاتر لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن دروستدەکات کە هەڵگری ئۆکسجینن، ئەمەش یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ژێر ئاودا بمێنێتەوە.

هۆزی باجاو کۆمەڵێك گۆڕانکاری جیناتی بۆماوەییان هەیە کە کاریگەری کردووەتە سەر سپڵیان کە بە (PDE 10A) ناودەبرێت، ئەو کەسانەی لەم جۆرە جیناتەیان هەیە سپڵیان گەورە ترە لە قەبارەی سپڵی ئاسایی، بەوجۆرەی کە لەم هۆزەدا هەیە.
چەندین چیرۆکی جیاواز هەیە لە بارەی مێژووی ئەم هۆزەوە، باوترینیان کە خۆیان دەیگێڕنەوە دەڵێن، ئەم هۆزە لە وشکانیدا ژیاون، پادشایەکیان هەبووە کە کچەکەی لە کاتی زریانێکی بەهێزدا لەگەڵ ئاودا ڕۆیشتووە و لە دەریادا خنکاوە و ون بووە، پادشاکە فەرمانی کردووە کە بەدوایدا بگەڕێن، بۆ ئەمەش ڕۆیشتوون بۆ ناو دەریا و کاتێك کە نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە بڕیاریانداوە لە ناو دەریادا بمێننەوە و لە ترسی پاشاکەیان نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکەی خۆیان.

لە هەندێك لێکدانەوەی دیکەدا وتراوە کە ئەم هۆزە ڕێگەیان پێنەدراوە کە لە زەوییەکانی مالیزیادا بژین پاش ئەوەی لە فلیپینەوە کۆچیان کردووە، بۆیە پەنایان بردووەتە بەر دەریا و لەوێدا ژیانیان بەسەر بردووە.
وێڕای ئەوەی لێکدانەوەی جیاواز هەیە بۆ مێژووی ئەم گوندە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە دانیشتوانی ئەم گوندە پەیوەست نین بە هیچ بنەمایەکی چینایەتی کۆمەڵگاوە و سیستمی حکومڕانییان نییە، هەرگیز شەڕ ناکەن چونکە هیچ شتێیان نییە تا لە پێناویدا شەڕی بۆ بکەن، جگە لە ئاو هیچ شوێنێك ناناسن و جگە لە مەلە هیچی دیکە نازانن. نزیکترین کۆمەڵگا لێیانەوە ژیانی ژێر دەریایە و دوور لە شەڕ و ئاژاوە دەژین.


ژ.ن