بەرنامەی هایما لەسەر شاشەی NRT2 پێشکەشدەکرێت

بەرنامەی هایما لەسەر شاشەی NRT2 پێشکەشدەکرێت
2018-12-14

7710 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو بەرنامەی "هایما" پێشکەشدەکات، کە بەرنامەیەکی ئاینی هزریی پەروەردەیی هاوچەرخە دوور لە هەموو حزبگەراییەک.

بەرنامەی "هایما" لەلایەن "د.ناسیح فەتاح مامۆستای زانکۆ" لەگەڵ "مامۆستا ئەحمەد پۆشێنی پێشنوێژ و وتارخوێن" پێشکەشدەکرێت کە هاوکات خۆیان سەرپەرشتیاری بەرنامەکە دەبن.

د. ناسیح فەتاح لەبارەی بەرنامەکەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لەم بەرنامەیەدا واتا جوانەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام  شیدەکرێتەوە بەدەر لە هەموو حزبگەراییەك و تێیدا تیشک دەخەینە سەر هەموو ئەو پرسانەی کە تاک و خێزان و کۆمەڵگای کوردی لەلایان دروستبووە، بە مەبەستی بەرچاوڕوونی و گەشەپێدانی مرۆیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بە شێوەیەکی هێمنانە و هاوچەرخ و میانڕەو.

هەروەها وتیشی، "ئەو بابەتانەی لەم بەرنامەیەدا باسی دەکەین بۆ تەواوی هاوڵاتییانی کوردستانە کە جگە لە ئیسلام چەند ئاینێکی دیکەی تێدا پەیڕەو دەکرێت، دەمانەوێت هاوسەنگی ڕابگرین و کارێك بکەین ئەوانیش بتوانن سوود لە بەرنامەکە وەربگرن."

لەلایەکی دیکەوە مامۆستا ئەحمەد پۆشێنی جەختی لەوە کردەوە، ئەم بەرنامەیە بە مەبەستی بەرچاوڕوونی و گەشەپێدانی مرۆیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بە شێوەیەکی هێمنانە ئەنجام دەدەین.

وتیشی، "هەوڵدەدەین بە شێوازێکی هاوسەنگ گێڕانەوە و شیکردنەوە بکەین بۆ واتا جوانەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، بە شێوازێکی میانڕەو و بە میوانداری و هاوکاری کۆمەڵێك مامۆستای شارەزا و پسپۆڕ، تا بتوانین تاوتوێی چەمکە هزرییە جیاوازەکان بکەین."

ئەم بەرنامەیە هەموو شەوێکی چوارشەممە لە کاتژمێر ٩:٠٠ لەسەر شاشەی ئێن ئاڕ تی دوو پەخشدەکرێت.

زۆرترین خوێندراو