بەمنزیکانە زۆرترین ژمارەی کشانی ئەستێرە ڕوودەدات
2018-12-14
9730 جار خوێندراوەتەوە
+
-
زانایانی فەلەكناس لە چاوەڕوانی ئەوەدان لە ڕۆژی هەینیدا کشانی ئەستێرەیەك ڕووبدات کە بە ڕوونی دیاردەبێت و بە "ئەستێرە کشانی دووانە" ناودەبرێت.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری سەنتەری فەلەکناسیی لە ئیمارات بە ماڵپەڕی سکای نیوزی ڕاگەیاندووە، ئەم کشانی ئەستێرە دووانییە هەموو ساڵێك ڕوودەدات، ئەمساڵ دەکەوێتە ڕۆژی ١٤ی کانوونی یەکەمەوە.
ئەم دیاردەیە بە دووانە ناوبراوە چونکە زۆرترین کشانی ئەستێرە لەخۆدەگرێت، هەروەها بە خاوی ڕوودەدات بەمەش کاتی زیاتر دەبێت بۆئەوەی ببینرێت، بە جۆرێك خێراییەکەی دەگات بە ٣٥ کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا.

لە ئەمساڵدا کشانی ئەستێرە دووانییەکان ڕۆژی هەینی ١٤ی کانوونی یەکەم لە کاتژمێر ٤:٣٠ دوای نیوەڕۆ بە کاتی ئیمارات ڕوودەدات، کە دەکاتە کاتژمێر ٣:٣٠ خولەک بە کاتی کوردستان، بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا درەنگتر ڕوودەدات و دەگات بە شەو.
هەروەها وا چاوەڕوان دەکرێت کە نزیکەی ٦٠ بۆ ١٢٠ کشانی ئەستێرە ڕووبدات، بەڵام تەنها لە شوێنی زۆر تاریکدا دەبینرێت و لەناو شارەکاندا ناتوانرێت ببینرێت.
ژ.ن