ئایا پێکوتەی کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر سوڕی مانگانە دەبێت؟

2021-06-29

4962 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەندێک لە خانمان لە دوای بەکارهێنانی دەرزی "پێکوتە"ی کۆرۆنا سوڕی مانگانەیان تێکچووە، ڕێژەی خوێنیان زیادیکردووە یان سوڕی مانگانەیان دوا کەوتووە، بەڵام پزیشکان ڕایدەگەیەنن پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات، چونکە سیستمی بەرگریی کاریگەریی لەسەر هۆڕمۆنەکان دەکات.

ماڵپەڕی بی بی سی عەرەبی لەوبارەیەوە نوسیوویەتی، فیکی میل پزیشک و شارەزای بواری نەخۆشییەکانی خانمان لە کۆلێژی ئیمبریاڵ لە لەندەن سەبارەت بەو گرفتە ڕایگەیاندووە، وەڵامی تەواوی ئەو پرسیارە دیاریکراو نییە و نازانرێت بەڵام زۆربەی خانمان ئاماژەیان بەوەکردووە کە سوڕی مانگانەیان گۆڕاوە، دیارترین گۆرانکاریش زیادبوونی ڕێژەی خوێن و دواکەوتنی سوڕی مانگانە بووە.

ئەوەی خستووەتە ڕوو، هەروەک دەزانرێت پێکوتەکان کاریگەریی ماوە کورتیان دەبێت لەسەر سوڕی مانگانە، ئەگەری هەیە کاریگەرییەکە مانگێک بۆ دوو مانگ بخایەنێت، چونکە سیستمی بەرگریی کاریگەریی لەسەر هۆڕمۆنی رەگەزەکان دروست دەکەن، هۆڕمۆنی ڕەگەزەکانیش بەرپرسن لە سوڕی مانگانە، هەر بۆیە کاتێک سیستمی بەرگریی بەرکەوتەیەکی دەبێت چ بەهۆی وەرگرتنی پێکوتەوە بێت یان دژەتەنی ڤایرۆسەوە ئەوا گۆڕانکاریی لەسەر هۆڕمۆنەکان دروست دەکات، کە ڕۆڵیان هەیە لەسەر کات و بڕی خوێن لە سوڕی مانگانەدا.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەکردووە، جگە لەو هۆکارە هۆکاری تریش هەیە کە لە دوای وەرگرتنی پێکوتە سوڕی مانگانە دەگۆرێت، ئەویش لە ناوپۆشی منداڵداندا خانەی بەرگریی زۆر بوونی هەیە، هەربۆیە لەکاتی چالاکبوونی سیستمەکە یان بەرکەوتنی بە دژە تەن کاریگەریی لەسەر کات و بڕی سوڕەکە دەبێت.

دەربارەی ئەوەی کە ئایا کاریگەریی پێکوتەکە لەسەر سوڕی مانگانە بۆ هەمیشەیی دەبێت یاخود نا؟ ئەو پزیشکە لە وەڵامدا وتی "بۆ هەندێک لە خانمان کاریگەریی نییە و لەدوای وەرگرتنی پێکوتەکە هەست بە گۆڕانکاریی ناکەن، بۆ هەندێکی تریان مانگێک بۆ دوو مانگ دەخایەنێت."

ئ.ل

زۆرترین خوێندراو