2021-06-28
3167 جار خوێندراوەتەوە
+
-
سووڕی خوێن ئەو ھۆکاری گواستنەوەیەیە لە لەشدا، کە خواردن و ئۆکسجین دەگەیەنێتە ھەموو ئەندامەکانی جەستەت، خۆراکی تەندروست یەکێکە لەو ڕێگایانە بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن، لەگەڵیدا وەرزش، ئاو خواردنەوە، کۆنتڕۆڵکردنی کێش، جگەرەنەکێشان، دوورکەوتنەوە لە کافایین.
پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن "د.ههڤین کهمال شاهـ محمد" ئهندامی پڕۆفیشناڵی ئهکادیمیایی ئهمریکی بۆ ئازار شکاندن، لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک لەبارەی ئەو خۆراکانەوە کە ئازار و گرژی ماسولکەکان کەم دەکەنەوە و سوڕی خوێن چالاک دەکەن ئاماژەی بەوەدا، ھەندێک خۆراک بە ڕێژەیەکی زۆر سوڕی خوێن چالاک دەکەن، بۆیە ئەمجارە کەدەچیت بۆ مارکێت و پێداویستییە خۆراکیەکانت دەکڕیت ھەوڵ بدە ئەو جۆرە خۆراکانە ھەڵبژێریت، ئەوانیش:
١- بیبەری توونی سوور: ئەم جۆرە بیبەرانە تەنیا وەک بەھاراتێک تام و چێژ نادەن بە خۆراکەکانت، بەڵکو بەڕێژەیەکی زۆر ماددەی "کاپسەسین" یان تیادایە کە خوێنبەرەکان پاکدەکەنەوە، ھەروەھا ئازارشکێنن و ماسولکەکانیش خاودەکەنەوە کەئەمەش دەبێتە ھۆی چالاکبوونی زیاتری سووڕی خوێن و کەئەمەش شتێکی باشە بۆ فشاری خوێن.
٢- چەوەندەر: ئەم خۆراکە ڕێژەیەکی زۆری نایترەیتی تیادایە، کە لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ نایتریک ئۆکساید، نایتریک ئۆکسایدیش بۆرییەکانی خوێن نەرمدەکاتەوەو سوڕی خوێن چالاک دەکات لە خانە و شانەکانی لەشدا، ھەندێک لەتوێژینەوەکان دەڵێن شەربەتی چەوەندەر فشاری خوێن دادەبەزێنێت.
٣- بێرییەکان: خێزانی میوەکانی وەکو شلک و توو و گۆڵدن بێری و بلو بێری و شاتوو و توتڕک دەگرێتەوە، کە بە ڕێژەیەکی زۆر ئەنتی ئۆکسیدیان تێدایە و پارێزگاری لە دیواری بۆرییەکانی خوێن دەکەن و ناھێڵێت ڕەق ببن، ھەروەھا ئەم مادەیە یارمەتی ڕژانی نایتریک ئۆکساید دەدەن کە فشاری خوێن نزمدەکەنەوە.
٤- ماسییە چەورەکان: وەکو سەلمۆن، ماکیریل کەجۆرە ماسییەکی دەریایە، ھالیبوت، زۆر گرنگن بۆ تەندروستی دڵ، لەبەرئەوەی ڕێژەیەکی زۆر ئۆمێگا سێ یان تیادایە و کاریگەرییان ھەیە لەسەر چالاککردنی سوڕی خوێن و دابەزینی فشاری خوێنیش.
٥- ھەنار: دەنکە سوورەکانی ھەنار پڕن لەخۆراکە ماددەی بەسوود، بەتایبەت ئەنتی ئۆکسیدەکان و نایترەیت، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی کشانی بۆری خوێنەکان و کەمکردنەوەی گرژی ماسولکەکان، لەگەڵیدا ئاسانی ھاتوچۆکردنی سوڕی خوێن، کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی ڕۆیشتنی ئۆکسجین و خۆراک بۆ ھەموو بەشەکانی تری لەش، ئەمەش دەبێتە ھۆی چالاک بوون و وزەی زیاتر لە مرۆڤدا.
٦- سیر: لەتوێژینەوەکاندا بینراوە ئەو کەسانەی بە ڕێژەیەکی زۆر سیر لە خۆراکەکانیاندا بەکاردەھێنن، کێشەی چالاکی سوڕی خوێنیان نییە و دڵ ناچار نابێت فشاری زیاتری بچێتە سەر بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن.
٧- کاکڵەی گوێز: ڕێژەیەکی زۆری جۆرێک لە ئۆمێگا سێی تیادایە کەناوی "ئەلفا-لینۆلینیک- ئەسید "ەو سوڕی خوێن چالاکدەکات، بەپێی توێژینەوەیەکیش ئەگەر بۆ ماوەی ھەشت ھەفتە بە ڕێکی گوێز بخورێت ئەوا پارێزگاری لەتەندروستی بۆری خوێندەکات و پاکیان دەکاتەوە و فشاری خوێن دادەبەزێنێت.
٨- ترێ: توێژینەوەکان سەلماندویانە ئەو ماددەی دژە ئۆکسیدەی لەناو ترێدا ھەیە یارمەتی بۆری خوێن دەدات کە بکشێن و باشتر کاربکەن.
٩- زەردەچەوە: ماددەی "کۆرکمین"ی تێدایە کە وەک دژە ھەوکردنێکی بەھێز کار دەکات، توێژینەوەکان دەڵێن کۆرکمین ڕێژەی دەردانی نایتریک ئۆکساید زیاد دەکەن، کە بۆری خوێن دەکشێنێت و بەو جۆرەش سوڕی خوێن چالاک دەبێت و گرژی ماسولکە ناھێڵێت.
١٠- سپێناخ: یارمەتی بەھێز بوون و گەورەبوونی بۆریەکانی خوێن دەدات، بەو جۆرەش ڕێژەیەکی زۆرتر لەخوێن ھاتوچۆ دەکات، ھەروەھا تێبینی کراوە خواردنی سپێناخ بەڕێژەی زۆر پارێزگاری لە دیواری بۆرییەکانی خوێن دەکات.
١١- مزرەمەنییەکان: ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین (سی)و دژە- ئۆکسیدیان تیادایە، کە ھەوکردن کەمدەکەنەوە، جەڵتە و کڵۆت لەناو خوێندا کەمدەکەنەوە، سوڕی خوێن چالاکدەکەن، گرژی و ئازاری جومگە کەمدەکەنەوە، توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەوانەی ڕۆژانە شەربەتی پرتەقاڵی فرێش دەخۆن، فشاری خوێنیان نزمدەبێتەوە.