2021-06-28
14304 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لەکاتی برسێتی و گەدەی بەتاڵدا ئاگاداریی ڕەفتار و ئەو خۆراکانە بە کە دەیخۆیت، رەنگە هەندێکیان زیان بە تەندروستیت بگەیەنن، وەک بە برسێتی بخەویت یان بە گەدەی بەتاڵ بنێشت بجویت.
ماڵپەڕی برایتساید لە بابەتێکی تەندروستیدا ئاماژەی بە کۆمەڵێک شت کردووە کە نابێت بە گەدەی بەتاڵ و برسێتی ئەنجام بدرێت، ئەوانیش:
یەکەم: دەرمانە دژە زیندەگییەکان "ئەنتیبایۆتیک" لەگەڵ ئاودا یان هەر گیراوەیەکی تر بخورێت، جگە لەوەی سوودەکەی کەمدەبێتە لەهەمان کاتدا ئەگەری هەیە گرفتی برینی گەدە دروست بکات.

دووەم: بە گەدەی بەتاڵ قاوە بخورێتەوە، دەبێتەهۆی دڵە کزە و گرفتەکانی هەرس زیاد دەکات.

سێیەم: خواردنەوە کهولییەکان بخورێتەوە، چونکە گەدە زیاتر لە باری ئاسایی هەڵیدەمژێت و بڕەکەی لە خوێندا زیاد دەکات، لە ئەنجامدا ژانەسەری توند و کاریگەریی نەرێنی لەسەر جگەر و دڵ و گورچیلە دروست دەکات.

چوارەم: جوینی بنێشت، زیاتر لە ١٠ خولەک بە گەدەی بەتاڵ بجورێت زیان بە پەردەی گەدە دەگەیەنێت و توشی هەوکردنی دەکات.

پێنجەم: بە برسێتی و گەدەی بەتاڵ بخەویت، ئاستی گلوکۆز لە جەستەدا دادەبەزێت و هەستی حەوانەوە تێکدەدات، بەو جۆرەش کاریگەریی لەسەر جۆرییەتی خەو دەبێت.

شەشەم: وەرزشی توند بکەیت، ڕاستە کالۆری زیاتر دەتوێنێتەوە بەڵام کاریگەریی لەسەر نەمانی چەوری جەستە نابێت، بەڵکو هۆکارە بۆ لاوازبوونی ماسولکەکان و جەستە بڕی زیاتر وزە لەدەستدەدات.

حەوتەم: بازاڕکردن و کڕینی خۆراک، هەرگیز نابێت بە گەدەی بەتاڵ بازاڕ بکەیت و خۆراک بکرێت، چونکە جەستە زیاتر لە باری ئاسایی هەست بە برسێتی و ماندوێتی دەکات.

هەشتەم: خواردنەوە مزرەمەنییەکان، وەک شەربەتی پرتەقاڵ بڕی ترشی تێیدا بەرزە و بە گەدەی بەتاڵ بخورێتەوە ترشەڵۆکی گەدە و ئازار و ئاوسانی سک دروست دەکات، بەتایبەت ئەو کەسانەی گرفتی گەدەیان هەیە.

نۆیەم: دەمەقاڵە، نابێت لەکاتی برسێتی و گەدەی بەتاڵدا دەمەقاڵە و بۆڵەبۆڵ بکەیت چونکە لەو کاتەدا ناتوانیت بە باشی کۆنترۆڵی کاردانەوەکان بکەیت و هەڵەی زیاتر بکەیت.

ئ.ل