سەردێڕ:

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ گرنگە؟

6/23/2021 4:07:44 PM
12176 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئوردن، لەو بارودۆخە ئێستا کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی پێ تێدەپەڕێ بایەخێکی زۆری ھەیە، چونکە ھاوکێشە سیاسیەکان خەریکە رەھەندی نوێ وەردەگرن و رەنگە سەر لەنوێ دابڕێژرێنەوە، ئوردنیش بە مەتبەخی داڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە ناسراوە.

رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان دوو رووداوی گرنگ لە سەروبەندی گۆڕانکاری دایە، یەکەمیان تێڕوانین و ستراتیژیەتی نوێی کۆشکی سپیە لە روانگەی دیموکراتەکاندا، کە پێدەچێت درێژکراوەی ھەمان ستراتیژیەتی سەردەمی ئۆبامابێ، کە نەرمی نواندنە بەرامبەر ھێزی رکابەری سەرەکی ئەمریکا کە ئێرانە، لە پێناو وەدەستخستنی ھەندێک دەسکەوت کە گەڕانەوە بۆ رێکەوتنامەی ھەڵوەشاوەی نێوانیان دەربارەی بزاڤەکانی ئێران بۆ وەدەستخستنی چەکی ناوەکی.

ھەڵبژرادنی سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراھیم رەئیسی تەواو پێچەوانەی رووداوەکانی کۆشکی سپیە، چونکە رەئیسی بە کەسێکی رادیکال ھەژماردەکرێ بە بەراورد بە روحانی، ئەوەش ئەگەری ئەوە دێنێتە پێش کە سەردەمی ئۆباما و ئەحمەدی نەژاد دووبارە ببێتەوە، بەوەی ئەمریکا ھەرھەنگاوێک بۆ دواوە بھاوێژێ، ئێران جێگاکەی پڕ بکاتەوە، وەک ئەوەی لە سوریا و عێڕاق و یەمەن و لوبنان روویدا.

ئەو پێشھاتانە بۆ ولاتانی ناوچەکە گرنگە و ئوردنیش چەقی ئەو گرنگیانەیە، چونکە ناوەندی بەیەکگەیشتنی خاڵە ھاوبەشەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیە، ھەروەھا درێژکراوەی سیاسەتی ستراتیژی وڵاتانی عەرەب و سوونەیە لە مەغریبەوە بگرە تا دەگاتە میسر و پاشان سعودیە و  ئیمارات. لێرەدا پێگە و گرنگی ھەرێمی کوردستان دێتە گۆڕێ لە ناو ھاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە، بە تایبەتیش ئەگەر سەردانەکەی نێچیرڤان بارازانی بۆ ئیمارات بەو سەردانەی ئێستای بۆ ئوردن و میوانداریکردنی لەلایەن شا عەبدوللای دووەم وێنەکە روونتر دیار دەبێ و باشتریش لە پێشھاتەکان دەگەین.

نێچیرڤان بارزانی لەو گوتارە نەرم و کاریگەرەی بە ھۆیەوە توانی گەمارۆ و مەترسیەکانی سەر ھەرێمی کوردستان لابدا، لەھەمان کاتدا بیکاتە کلیلی کردنەوەی پرسە ئاڵۆزەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئێستا ھێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان گرەو لە سەر توانا و کارامەییەکەی دەکەن لە راگرتنی ھاوسەنگی و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ کێشەکانی عێڕاق و ناوچەکە. لەو روانگەیەشەوەیە کە گوێ لە بۆچوونەکانی دەگیرێ و ھاوبەش دەکرێ لە داڕشتنەوەی ھاوکێشەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان.