ئەگەرەکانی شەڕی ناوخۆ، ئەگەرەکانی راپەڕینی باشوور
6/22/2021 9:16:12 PM
13009 جار خوێندراوەتەوە
مەریوان عەلی
+
-
شەڕ، یەکێک لەئامراز و کەرەستەکانی سیاسەتکردن. پێکیشەوە (سیاسەتو شەڕ) دووانەی تەواوکاری یەکدین. لەباشوری کوردستانیش، ئەم ئامرازە، زۆرتر ئامادەی نێو سیاسەتی ھێز و پارتەکانی باشور بووە و ھەر ھێز و لایەنێکیش، کەمێک ماندووبوبێ لەدۆزینەوە و گەیشتن بەچارەسەری سیاسی، کەڕەنای فوو پێداکردووە و وەک ئاسانترین ئامراز و کەرەستەی ئەلتەرناتیڤ، شەڕی وەک چارەسەر راگەیاندووە.
پانۆرامای رووداوەکانی رابردوو و دۆخی ئێستای گرژیی و ئاڵۆزییەکان، پێماندەڵێ: ھاوچارەنوسی، ھەڵچوون و داچوونی رابردووی پەیوەندییەکان، ھاوکاریکردن و پشتیوانییەکانی ھەرسێ ھێزی پەکەکە و پارتی و یەکێتی بۆ یەکتری، لەوێستگە و قۆناغە جیاوازەکاندا، کە کەی و لەکوێ لەتەنیشت یەکتر و لەچ سەنگەرێکدا پێکەوە جەنگاون؟ یا لەڕووی دیپلۆماسییەوە، لەئەنقەرە و دیاربەکر، بۆ ئازادیی و مافەکانی یەکتر تێکۆشاون؟ یا بەرژەوەندییە ئابوریی و بازرگانییەکانیان، سەرەڕای ھۆکارگەلی بابەتی کە گەلێک جیاوازە، ھەردوولایەنی (پارتی دیموکرات و پەکەکە)ش بەڕوونی جەختیان لەمەترسییەکانی سەر کوردستان کردۆتەوە، بەڵام ھێشتا نەیانتوانیوە رێگربن لەوەی دۆخەکە، بەئێستای نەگات، کە بێمتمانەییو لێکترازانی ناوخۆیی، ماکی بەشێکی گەورەی دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی ئێستایە و سیاسەت و ستراتیجی نوێی نێودەوڵەتیش دوای کۆرۆنا، جموجۆڵە دیپلۆماسی و کۆنگرەکان، پەیوەندییە نوێیەکانی ناوچەکەش، وەک بەرجەستەترین پێدراو، ئاییندەی ھێزە سیاسییەکان و کوردستانیشیان، لەڕۆخی لێکترازانێکی گەورەتر و ئەگەرێکی کراوەی کارەساتباردا راگرتووە.
ھەر بۆیە مەترسی کوتینی دەھۆڵی شەڕی ناوخۆ، بەتەنیا فووپێداکردن نابێت بەکەڕەنای شەڕێکدا، بۆ گرتنی کەپکی رووت و قوتی ئەحمەد ئاغاو زینەتیر، بەڵکو ئەگەری داگیرساندنی فتیلەی شەڕێک دەبێ، ئیقیلمیگر.
گەرچی، شەڕکردن بە تەنیا مایەی بەدیھێنانی ئامانجە سیاسییەکان نییە، وەلێ کاریگەری دەرەکی لەسەر ھێزو لایەنە سیاسییەکان و کوردستانیش، پارادایمێکی زاڵە. بەو پێودانگەشی ناوخۆو دەرەوە، دالومەدلول و تەواوکاری یەکترن، بۆیە ناکرێ کورتبینانە شەڕی ناوخۆ، بەململانێی ھێزو پارتێک یان گروپ و بازنەیەکی ناو لایەنەکان بەئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی تەپۆڵکە و چیایەکی کوردستان بزانین، بەبێ ئەوەی کاریگەریی و ویستی دەرەوە (دەرەکی) کە پێدراوەکانی ناوخۆ ماکەکەیەتی زۆرتر، درک پێنەکەین. بەتایبەت کە گروپو لایەنی دیکەی سایە و سێبەری ئەم حزبانە، سوتەمەنییەکی ئامادەن، بۆ پەڕینەوەی ئاگری شەڕ لەتەپۆڵکەو چیایەکەوە، بۆ شەڕێکی ئیقلیمگیر.
ئەم پێودانگەش لەبەردەم ئەو حەقیقەتەدا راماندەگرێت، کە لەباشوری کوردستان، نەبوونی دەوڵەت سەروەریی و دامەزراوەیی دەستورو یاسا، وایکردووە ھێز لەدەوڵەتەوە (حکومەت)ەوە، ببێتە ھێزی لایەنە سیاسییەکان و ئەو ھێزەی دەوڵەت (حکومەت) لەبنەماوە سیاسەت و شەڕی پێدەکات، بۆتە ھێزی سیاسەت و شەڕی لایەنەکان. بەپێچەوانەی دەوڵەت دامەزراوەیی و خاوەن سیستەم، کە تیایدا دەوڵەت بڕیاری شەڕ دەدات. ھەربۆیە شەڕی ناوخۆی ئەمجارە، ئەگەر لەباشوری کوردستان رووبدات، شەڕی نێوان دوو ھێزی ناکۆک یان پێکھێنەری یەک حکومەت (دەوڵەت) نییە، بەڵکو ھێزێکی زۆرینە و سەرەکی پێکھێنەری حکومەتە، لەگەڵ لایەنێکی دیکەی دەرەوەی حکومەت، ئەمەش وادەکات سیمای شەڕی ناوخۆیی نێوان دوو ھێزی سیاسی، بگۆڕێ بۆ شەڕی نێوان حکومەت و ھێزو لایەنێکی سیاسی. لەسەرەنجامیشدا شەڕی حکومەت، واتا شەڕی تەواوی ھێز و لایەنە پێکھێنەرەکانی حکومەت، بەبێ جیاوازی. ئەمەش وادەکات، لەم دۆخ و ھەلومەرجە بابەتییەدا، کاریگەریی و ویستی دەرەکی، سەرباری ململانێی ھێز و دۆخی نەخوازراوی ناوخۆی، ھەر چەشنە پێکدادان و شەڕێک، تەنیا بەبناری قەندیل و مەتینەوە، نەمێنێتەوە و پەڕینەوەی بزوتی ئاگرەکەش، دوور نییە لەئەگەری شەڕێکی ئیقلیمگیرەوە، بۆ راپەڕینی شارەکان، چەخماخە بدات، کە توڕەیی و نیگەرانی خەڵکی باشووریش، لەئێستادا کەرەستە و ماددەیەکی بەھێزە بۆ گڕگرتن و کڵپە سەندن. خۆپیشاندانەکانی رابردووی شارەکان، سوتاندنی داوودەزگاکانی حکومەت، نەک ھەر بارەگا حزبییەکان، شەھیدکردنی خۆپیشاندەران و پاسەوانی بارەگاکان، باشتر لەمەمان پێناڵێن.
ھەر بۆیە، بەڕاستیش بەگومانەوە لەھەر دەنگێک دەڕوانم، کە ھەر جۆرە شەڕێک لەباشووری کوردستان، تەنیا بەشەڕی ھێزولایەنێک بخوێنێتەوە. بەدرێژایی ساڵانی رابردوو سەلمێندراوە، ھەر گرژییەکی نێوان ئەم ھێزانە (پارتی و پەکەکە)، نەک ھەر لەسەرەوە، بەڵکو لەدامێنیش، گرفتی خوڵقاندووەو جێکەوتەی نادروستی بەجێھێشووە.
تەنانەت چەند ئەم دۆخە، بێمتمانەیی و لێکترازان، نەشەڕ و نەئاشتی درێژەبکێشێ، ئەوا ھاندان و ویستی دەرەکی، بەتایبەت بازرگانانی شەڕ، بۆ دنەدانی دۆخەکە، کاریگەرتر دەبێت و ئەگەری مەترسییەکان ئاوەڵاتر دەبن.
بەھیوام ئەو رۆژە روونەدات، ئەگەرنا دووبارە بوونەوەی دیمەنەکانی رابردوو، کەلەسەر دیوارەکان دەنوسرا (گیراوە بۆ فڵانە کەس)، ھەروەک لە راپەڕینی (١٩٩١)دا بینیمان، بەدوور نازانم.