سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی لە شەڕی مەکان و زەمان دا

6/16/2021 10:02:40 PM
9862 جار خوێندراوەتەوە
تانیا کوردی
+ -

کاتێک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو لە شەڕێکی سەختدابوو لەگەڵ مەکان؛ زۆر بە خێرایی دەیویست ژێرخانی ھەرێمی کوردستان لە ئاوەدانکردنەوە و سێکتەرەکانی دیکەی وەک رێگەوبان و وزەو ئابووری و، گەشەی حوکمڕانی تەندروست بەھێز بکات و سەرکەوتوانەیش ئیدارەی قۆناغەکەی تەواو کرد.....لە ئێستایشدا کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، لە شەڕێکی سەختدایە لەگەڵ زەمان، شەڕی زەمان دەکات لەسەر ستەیجی جیھان لە پێناو بەھێزکردنی مەکان و پێگەی ھەرێمی کوردستان، کە ئەمە شەڕێکی وەھایە، لۆبی بەھێز و خولقاندنی دیپلۆماسیەتی دەوێ تا بتوانرێ پێگەی ھەرێم دەولیەن پارێزراوتر بکات.

سەرۆکی ھەرێم ئەمجارەیش لە نێو وڵاتانی جی ٧ رێرەوێکی دیکەی دەولی بۆ ھەرێم کردەوە؛ لەم حەفتەیەدا وڵاتانی G٧ کە پێکدێن لە (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن)، کە بەریتانیا سەرکردایەتی کۆبوونەوەکەی کرد، ستایشی رۆڵی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد و، لە ھەمانکاندا باسی کۆنتڕۆڵکردنی گروپە لادەرەکانی عێراق کرا کە میلیشیاکان دەگرێتەوە.

ئەم بابەتە لەخۆڕا نەھات، بەڵکوو لەم نەخشەڕێگایەدا ھات کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ پێوەندی بەھێزی ھەرێم لەگەڵ بەریتانیا و تەواوی وڵاتانی ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ھێڵەو لە ھەوڵی بەردەوام دایە،  لەنێویاندا پێوەندی تۆکمەی کورد و بەریتانیا و کورد و فەڕەنسا، بینرا، سەردانی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ھەرێم و لە دیداری لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان و، دەربڕینی پاڵپشتی ئاشکرای بۆ ھێزی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان، نیەتی ئاشکرای بەریتانیای بۆ پاڵپشتی نەخشەڕێگای سەرۆکی ھەرێم لێ خوێنرایەوە، ھەروەھا داوای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەریتانیا کە رۆڵی پێشمەرگە لە وڵاتانی جی ٧ دا بە گرینگەوە لێی بڕوانرێ کە خۆی بەریتانیا سەرپەرشتی گروپی جی حەوت بوو، ئەم داوایەی سەرۆکی ھەرێم رێرەوی باشی گرت و ئەنجامی ئەرێنی لێکەوتەوە لەم دوو خاڵەدا:

یەکەم، شەرعیەت دانی وڵاتانی جی ٧ بە ھێزی  پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان کە ھێزێکی ئاشتی پارێزە لە ناوچەکەو سەرۆکی ھەرێم کە فەرماندەی باڵای ھێزە چەکدارەکانە بە گرینگی زانی ئەم رۆڵە لە بوارە دەولییەکە لەم قۆناغەدا جارێکی دیکە بورژێندرێتەوە و لەم ھەنگاوەش سەرکەوتوو بوو.

دووەم، لە کۆبوونەوەکەی وڵاتانی جی ٧ بە ناراستەوخۆ ھۆشداری درایە عێراق کە دەبێ لە قۆناغی دابێ میلیشاکانی لادەر و لە یاسا دەرچوو کۆنتڕۆڵ بکرێن.

شەرعیەت دان بەھێزی پێشمەرگە لە وڵاتانی جی ٧ دەستکەوتیکی دیکەی دەولی بوو بۆ سەرۆکی ھەرێم، ھەروەک لە ماوەی رابردوویشدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری ٢٥٧٦ دوو داوای سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان پەسەند کرد کە پێوەستبوون بە شەرعیەت دان بە رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، لەگەڵ رۆڵی یوئێن بۆ چارەسەرکردنی پرسی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی درەوەی ئیدارەی ھەرێم.

ھەرخۆی لە بابەت شەرعیەتی ئەنجوومەنی ئاسایش بە رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، ئیدی ھەرێم سەربەستە نەوتی خۆی بەبێ ھیچ سانسۆرێکی یاسایی و دەولی بفرۆشێ، ئەمەش دەستکەوتێکی دیکەی دەولی بوو بۆ شەرعیەت دان بە وزەی ھەرێمی کوردستان کە لە داھاتوودا ھەرێمی کوردستان دەتوانێ کۆنفیدرالیەتی وزە لەگەڵ ھەر وڵاتێک بیەوێ ئەنجام بدات، لە پێشوتریشدا نێچیرڤان بارزانی لە رێگەی کۆریای باشوور سەرکەوتوانە توانی دەرچەی یاسایی بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان بدۆزێتەوە و نەوتی کوردستان ھەم لە دەسپێکەوە رێگەی دەولی بەم لۆبییە بۆ دۆزیەوە و ھەناردەی جیھانی کرد، ھەم ئێستایش دەولییەن سەنەدێکی بۆ دروستکرد کە ئیدی وزەی ھەرێمی خۆمالی کرد.