ئەرکە یاساییەکانی ھەرێم و ناوەند لە یاسای بوودجەدا
6/16/2021 12:21:31 PM
3854 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار محمد ساڵح
+
-
ھەرێم و ناوەند دوای زنجیرە دانوستانێکی ماوە درێژ دواجار گەیشتن بە جۆرە تێگەشتنێک و ئەمەش خرایە نێو چواچێوەیەکی یاساییەوە، بەمەش شتێک نەماوەتەوە پێی بوترێ رێککەوتنی ھەرێم و ناوەند یاخود جێبەجێ کردنی رێککەوتن، بەڵکو ئەوەی ئێستا بەرکارە یاسای بودجەی گشتی عێراقە بۆ ساڵی ٢٠٢١ ، کە دەبێ ھەردوولا ( ھەرێم و ناوەند ) ئەو ئەرکە یاساییە داراییانە جێبەجێ بکەن کە بە پێی یاسای ناوبرا و خراوەتە ئەستۆیان.
ئەرکە یاساییەکانی ھەردوولا ( ھەرێم و ناوەند ) لە یاسای ناوبراودا دیاریکراوە و باسی چۆنیەتی جێبەجێ کردنیشی کراوە و بەشێوازێک رێکخراوە کە دەبێت یەکەمجار حکومەتی ھەرێم ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، خۆ ئەگەر ھاتوو ھەرێم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد ئەوا بۆی نییە داوای بەشە بووجە لە ناوەند بکات، ھەربۆیە ئێمە پێمان وایە(بەپێچەوانی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراقەوە)، ئەگەر حکومەتی ھەرێم پێش جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سکاڵا لەسەر ناوەند تۆمار بکات بەزیانی خۆی دەشکێتەوە.
لێرەدا کورتەی ئەرکە یاساییە داراییەکانی ھەرێم و ناوەند لە چەن خاڵێکدا دەخەینە روو بەو شێوازەی لە یاسای بووجەدا ھاتووە:
یەکەم / حکومەتی ھەرێم پابەند دەبێت بە بەرھەمھێنانی رۆژانەی ( ٤٦٠ ) ھەزار بەرمیل نەوتی خاو ، وە پاش دەرکردنی بڕی پێویست بۆ انتاج و نقل و تشغیل و بڕی پێویستی بەکارھێنانی ناوخۆیی، دەبێت ئەو بڕەی دەیدات بە ناوەند لە بڕی نرخی ( ٢٥٠) ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەنرخی سۆمۆ کەمتر نەبێت، ئەمەش بەھەماھەنگی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێم جێبەجێ دەکرێ ئەمەش بەپێی مادەی( ١١/ پانیا / ٢) لەیاسای بووجە، ئەم خاڵەش لە رابردوودا پرسی سەروەری فرۆشنی نەوتی ھەرێمی وروژاند و ئەمەش بۆچوونی تر ھەڵدەگرێ و ئێرە شوێنی باسکردنی نییە.
دووەم / حکومەتی ھەرێم پابەندە بە تسلیم کردنی داھاتە نانەوتیەکان بە خەزێنەی گشتی عێراق، ئەم حوکمەش بە ڕەھایی ھاتووە و ھەموو داھاتە نانەوتیەکان دەگرێتەوە بە پشت بەستن بە بنەمای ( المگلق یجری علی اگلاقە )، بەڵام جێبەجێ کردنی ئەم التزامە کاتێک بەدیدێت و پەسەند دەکرێت کە دیوانی چاودێری دارای عێراق ھەستێ بە ووردبینی کردنی سەرجەم ئەو بەیاناتانەی کە پەیوەندیدارن بە داھاتە نانەوتیەکانەوە ، ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارای ھەرێم، لە ئێستادا ئەم پرۆسەیە ھەنگاوەکانی دەستی پێکردووە.
سێیەم/ حکومەتی ھەرێم قەرزاری بانکی بازرگانی عێراقیە ( بانکێکی ھاوبەشە لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت ) دا، ئەم قەرزە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە پشکی ھەرێم دەبردرێت بەشێوەیەکی مانگانە ، بەشێوازێک کە دەبێت لە ماوەی حەوت ساڵدا بدرێتەوە، واتە لە ( ٢٠٢١ – ٢٠٢٧ ) دەخایەنێت ، ئەمرۆش یەکەمین ھەنگاونرا بۆ دانەوەی ئەو قەرزە.
چوارەم/ لە پاش جێبەجێ کردنی سەرجەم ئەو ئەرکە یاساییانەی حکومەتی ھەرێم کە ئاماژەی پێ درا، حکومەتی ناوەند ھەڵدەستێ بەناردنی پشکی ھەرێم لە بووجەی عێراق دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییە سیادییەکان، ئەم خاڵەش لە بێمتمانەیی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێمەوە سەرچاوەی گرتووە، واتە دەبێت حکومەتی ھەرێم لە پێشدا نیەت پاکی خۆی بسەلمێنێت و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بەمانایەکی تر التزامی حکومەتی ناوەند دروست نابێت تاکو حکومەتی ھەرێم التزاماتەکانی جێبەجێ دەکات.
پێنجەم / حکومەتی ھەرێم پابەندە بە پێدانی زانیاری تەواو لەسەر میلاکاتی فەرمانبەرانی ھەرێم بە ناوەند لە ھەردوو بەشی شارستانی و سەربازییی لە ماوەیەکدا کە لە ( ٣٠ / ٦ / ٢٠٢١ ) تێپەڕنەکات .
شەشەم / حکومەتی ھەرێم پابەندە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لەو پارەیەی لە حکومەتی ناوەندەوە دەنێردرێت، پێش ھەر خەرجکردنێکی تر.
لە دوای خستنەڕووی ئەرکە داراییەکانی ھەرێم و ناوەند بەپێی یاسای بووجە کە باس کرا، دەتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ناردنی پارە لەلایەن ناوەندەوە بۆ ھەرێم لەم کاتەدا ئەگەرێکی زۆر قورسە و حکومەتی ناوەند دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی پەرلەمانی، چونکە وەک باسکرا حکومەتی ناوەند کاتێک التزامی ناردنی پارەی لەسەر دروست دەبێ کە حکومەتی ھەرێم سەرجەم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات ، بەڵام لە ئێستادا ھەرێم زۆرێک لە ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە.