دوو پەیام بۆ پەکەکە
6/12/2021 5:16:00 PM
15993 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+
-
نێوانی ئێمە و پەکەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دژوارتر دەچێت. ھەندێک لە برادەرانی یەکێتی خەریکن خۆیان ئەکەن بە مامۆستای ڕێنمایی ئاشتیی و تەبایی و خێری زیندە.
کەسانێک کە ھیچ باجێکی شەڕی نەگریسی براکوژیان نەداوە، خۆیان لە ئێمە کردۆتە باڵوێزی ئاشتی. وەک ئەوەی ئەم بەڕێزانە ھەمویان ئاشتیخواز بن و، تاکە شەڕخوازی مەیدان پارتی بێت.
ئێمە نە حەزمان لە شەڕی براکوژیە و نە موبادەرەی ھەڵگیرسانیشی ئەکەین، بەڵام عەنتەریش لەکەس قوبوڵ ناکەین. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە براکەمان بێت، کە پەکەکەیە.
پەکەکە کوردە و برای ئێمەیە، بەڵام برایەتی مانای ئەوە نیە کە لایەک خۆی بە مودیر و مەسئولی نیشتیمان بزانێت و ھیچ حسابێک بۆ دەستکەوتەکانی براکانی تری نەکات و، تەنانەت بیەوێت وەک مشەخۆر خۆی بێتە سەر سفرەی حازر و ماڵی براکەشی بەناوی دڵسۆزی و شۆڕشگێڕیەوە وێران بکات.
دوو خاڵی گرنگ وەک مەسجێکی زۆر ڕاشکاوانە و ڕوون گرنگە پەکەکە لێی تێبگات:
یەکەم: ئەگەر پەکەکە کوردی عێراقی خۆش ئەوێت و پێی خۆشە بارە قورسەکەی سەر شانیان کەم بکاتەوە، ئەبێت کوردستانی عێراق بەجێ بھێڵێت، چونکە پەکەکە بوەتە بارگرانی بۆ حکومەتی ھەرێم. حکومەتی ھەرێمیش تاپۆ نیە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و، یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریش تێیدا بەشدارن.
بۆیە ئەبێت پەکەکە لەو ڕاستیە تێبگات کە کێشەی ئەو لەگەڵ ئێمەی پارتی نیە بەتەنیا، بەڵکو لەگەڵ ھەموو کوردستانی عێراقە.
دووەم: ئەگەر پەکەکە لە بادینان جێی پێ لێژ بووبێت، ئەوە مانای ئەوە نیە لە دەڤەری پژدەر، شارباژێڕ، شارەزور و ھەورامان بە ئاسانی ئەتوانێت دەست لە ھەڤاڵانی ئێمە بوەشێنێت. بۆیە ئەگەر بێت و بە ھەر بیانویەک ھێرشی سەربازی بکرێتە سەر تاکە کەس، یان بارەگاکانمان، زۆر بە توندی و بە گورزی سەربازی وەڵام ئەدەینەوە.
ھەمان شت بۆ ھێرشکردنە سەر بارەگاکانمان بە نمایشی خۆپیشاندانی مەدەنیش کە پەکەکە خەڵکی سیڤیل بۆ مەرامی خۆی بەکار بھێنێت ڕەوایە و، وەڵامی توندمان ئەبێت. چونکە وەک سەرۆک مام جەلال فەرمویەتی، وتار بە وتار و فیشەکیش بە فیشەک وەڵام ئەدرێتەوە، ئێمەش وا ئەکەین. خۆپیشاندان بە مەبەستی سوتاندنی بارەگاکانی پارتی و پانکردنەوەی سەری کادرانمان بە بلۆک ووتار نیە، بەڵکو ھێرشێکی سەربازیە. ھیوادارین پەکەکە زیاتر سەری بە کێشەی کورد لە تورکیاوە بیەشێنێت و واز لە ئاژاوە نانەوە لە کوردستانی عێراق بێنێت. ھیوادارین پەکەکە تۆزقاڵە زەڕەیەک ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات و ئەم شەڕە نەگریس و ناشرینەمان لێ لابات، چونکە ھیچ نەبێت برامانن.
ئێمە حەزمان لە کوشتنی برای خۆمان نیە، مەگەر ھیچ ڕێگایەک نەمێنێت و ناچار بین لە پێناو خۆپاراستن، پەنجەی سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمان ببزوێنین.