ئایا نێچیرڤان بارزانی لە سیاسەتی دەرەوەدا سەرکەوتوو بووە؟
6/12/2021 3:22:13 PM
3264 جار خوێندراوەتەوە
جەواد قادر
+
-
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، پرسی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خستە سەرووی بەرنامەی سیاسیی سەرۆکایەتیی هەرێمەوە.
لەم ماوەیەدا سەرۆکی هەرێم هەوڵی دا ژێرخانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم پتەوتر بکات و لە کۆمەڵێک بواردا پەرەیان پێ بدات. ئەمە بە تایبەت لە جۆری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم، ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا ڕوونتر ڕەنگی دایەوە. لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی هەرێم توانیی دوو بابەتی جێی سەرنجی هەرێم بخاتە ناو بڕیاری مانگی ڕابردووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کە بە دڵنیاییەوە وەک بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتی بایەخی یاسایی هەیە.
هەر لەم ماوەیەدا، ئەمەریکا و فەرەنسا لە بەرزترین ئاستدا پاڵپشتییان بۆ کوردستان دووپات کردەوە. کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و فەرەنسا، گەواهییە بۆ ئەو هاوبەشییە شەفافەی کە ئێستا لەنێوان کوردستان و ڕۆژائاوادا هەیە. ئەم هاوبەشییە، بە شێوەیەکی پڕماناتر لە سەردانی مێژوویی پاپای ڤاتیکان بۆ کوردستان و گەشتی ئەو بەناو شەقامەکانی هەولێردا، بەرجەستە بووەوە.
ئەم هاوبەشییە، کە لە زۆر ڕووەوە شێوازی هاوپەیمانییەکی نەنووسراوی وەرگرتووە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دوولایەنەی هەرێم و ڕۆژئاوادا بینا کراوە. بەڵام سەرۆکی هەرێم لەم دوو ساڵەدا کاری بۆ ئەوە کردووە کە هاوبەشیی نێوان کوردستان و ڕۆژئاوا بگۆریت بۆ هاوپەیمانییەکی درێژخایەن و ڕێککەوتنێکی نووسراو. ئەمە بەتایبەت لە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمەریکا و عێراقدا ڕەنگدانەوەی هەبوو.
بە واتەیەکی تر، سەرۆکی هەرێم دیالۆگی ستراتیژی وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ سەقامگیرکردنی پێوەندییەکانی کوردستان و ڕۆژئاوا. هەربۆیە، پێداگریی کردووە کە هەرێمی کوردستان بەشدار و لایەنێکی سەربەخۆ بێت لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەسەر دیالۆگی ستراتیژی. ئەم پێداگرییە دواجار بەرهەمی هەبوو و لە کۆنووسی گەڕی دووەمی دانیشتنەکانی دیالۆگی ستراتیژیدا، ئاماژەی فەرمی درا بە هەرێمی کوردستانی عێراق.
بەڵام نێچیرڤان بارزانی، بۆچی بایەخێکی وەها زۆر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات؟ بۆچی پاڵپشتیی ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان وەها پڕبایەخە؟
سەرۆکی هەرێم باوەڕی وایە کە یەک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی هاتنەدی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی، پاڵپشتیی ڕۆژئاوا بوو لە ساڵە دژوارەکانی دوای ساڵی ١٩٩١ و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان. ئەو پێی وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەبوو لە زەمینەسازی بۆ دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت بە دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ ی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەپاندنی هێڵی نەفڕین. لە ٣٠ ساڵی دوای ڕاپەڕیندا، پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمەریکا پێویست بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، وەک قەوارەیەکی سیاسی بمێنێتەوە و بەرگەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بگرێت.