سەردێڕ:

کێ مافی سنوربەزاندنی بە تورکیا داوە؟

6/11/2021 6:27:03 PM
4641 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

تورکیا ھەموو عێڕاق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەک بەشێک لە خاکی خۆی تەماشا دەکا و لە لێدوانی سیاسی و سەربازیەکانیان لە شیعر و گۆرانیەکانیان، لە بزاڤە ئابوری و سەربازی و کلتوری و سیاسی و ئەمنیەکانیان ئەوەیان نەشاردۆتەوە، تورکیا لە سۆمالەوە بگرە تا لیبیا و قەتەڕ و سوریا و عێڕاق و ئازەربایجان بوونی سەربازی ھەیە و وەک خاوەن ماڵ ھەڵسوکەوت دەکا نەک وەک خۆسەپێن.

ئەو گوتارەی تورکیا خەڵکی خۆی پێ گۆش دەکات و زۆرجاریش بە گوێی کۆمەڵگەی نێودەوڵتی دەدات، ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩١٨ لە رۆژانی کۆتایی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و بە گوێرەی رێکەوتنی ئاگربەست کە بە رێکەوتنی(مۆندڕۆس) بەناوبانگە، تورکیا و بەریتانیا رێکەوتوون کە ھێلی ئاگربەست ٥٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری ھەولێر دووربێ، بەڵام بەریتانیا ئاگربەستی شکاند و سنووری ئێستای دەوڵەتی عێڕاقی نەخشاندووە و تورکیا بە ناچاری لە رێکەوتنی لۆزان ١٩٢٣ بەو واقیعە سەپێندراوە قایل بووە کە شاری موسڵیشی خستە سەر دەوڵەتی عێڕاق. ئەو رێکەوتنە بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵە و دوو ساڵی ماوە کۆتایی بێت.

لە ساڵی ١٩٢٦ حکومەتی تورکیا و بەریتانیا دەربارەی نەوتی کەرکوک رێکەوتن بەوەی بەریتانیا بڕی ٥ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار پاوەندی ئیستەرلینی بداتە تورکیا، بەڵام تەنھا ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار پاوەندی داوەتە تورکیا، بۆیە رێکەوتنەکە بە جێبەجێنەکراو ھەژماردەکرێ. تورکیا بەگوێرەی ئەو رێکەوتنە کە بەریتانیا شکاندی خۆی وەک خاوەنی کەرکوک بە نەوتەکەیەوە دادەنێ.

لە ساڵی ١٩٤٦ تورکیا و عێڕاق رێکەوتنی ھاوسێیەتی باش ئیمزا دەکەن، رێکەوتنەکە دەربارەی چۆنیەتی دابەشکردنی ئاوی دیجلە و فوڕاتە و بە گوێرەی ئەو رێکەوتنە ھەردوولایەن وێکڕا بڕیار دەدەن کوێ و چۆن سوودی لێو وەربگیرێت بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، ھەروەھا تورکیا پێویستە زانیاری بە عێڕاق بدات دەربارەی ھەر پڕۆژەیەک کە دەیەوێ لە سەر ھەردوو رووبار یان ئ ەوانەی تێیان دەڕژێن دروست بکات. ئێستا تورکیا ئاوی کردۆتە چەکی وشککردن و تینو کردنی عێڕاق و بە بەێ گوێدان بە مافی عێڕاق و ئەو رێکەوتنە مامەڵە لەگەڵ ئاوی ھەردوو رووبارەکە دەکات.

لە ساڵی ١٩٨٢ کە پەکەکە لە یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە بیقاعی لوبنانی بڕیاری دا دەست بە خەباتی چەکداری بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو بارەگاکانی خۆیان جێگەیان بۆ چەکدارانی پەکەکە کردەوە و لە رووی لۆجستی و چەکدارکردنیان ھاوکاریان کردن و لە ناوچەی لۆلان یەکەمین سەربازگەیان بۆ دامەزراندن. تورکیا بەوە شلەژا و لە ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ سەدام حسێن یەکەمین رێکەونی ئاسایشیان مۆرکرد کە بەگوێرەی ئەو رێکەوتنە سوپای تورکیا بۆی ھەیە ١٠ کیۆمەتر سنووری عێڕاق ببەزێنێ و خاڵی سەربازی تێدا جێگیر بکات ھەروەھا بە قووڵایی ٣٥ کیلۆمەتر دەتوانێ ھێز بجولێنی بەڵام دەبێ لە ماوەی ٧٢ کاتژمێر بگەڕێتەوە سنووری خۆی.

لە ساڵی ٢٠٠٧ کە رەوانشاد جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری عێڕاق بوو، نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێڕاق لە سەردانێکی دا بۆ تورکیا لەگەڵ ئەردۆغان رێکەوت بۆ نوێکردنەوەی رێکەوتنەکە و لە رۆژی ٢٦/٩/٢٠٠٧ رێکەوتنەکە لەلایەن جەواد پۆلانی وەزیری ناوخۆی عێڕاق و بەشیر ئەتەلایی وەزیری ناوخۆی تورکیا رێکەوتنەکە ئیمزا کرا کە ماف بە تورکیا دەدات لە جیاتی ١٠ کیلۆمەتر ٢٠ کیلۆمەتر بێتە ناو سنووری عێڕاق و پرسی ٣٥ کیلۆمەترەکەش ھەر وەک خۆی مایەوە و ئەو رێکەوتنە ھەر ھەموارکردنەوەی ھەمان رێکەوتنی سەردەمی سەدام حسێن بوو و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ درێژکرایەوە.

لە سالێ ٢٠١٧ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بۆ کۆکردنەوەی ھێز لە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، قایل کردنی تورکیا بۆ چوونە ناو بەرەی ئێران و عێڕاق بۆ رێگری کردن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، رێکەوتنێکی دیکەی لەگەڵ تورکیا ئیمزا کردوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ درێژکراوەتەوە، کە خۆی لە ھەموارکردنەوەی رێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠٠٧ دەبینێتەوە کە ماف بە سوپای تورکیا دەدات لە رێگای وشکانی و ئاسمانی لە ھەر شوێنێک پەکەکە بوونی ھەبێت دەتوانێ ھێز بەکاربێنێت. 

تورکیا بە گوێرەی ئەو رێکەوتنە گەورەترین سەربازگەی خۆی لە باشیک(بەعشیقە) کردۆتەوە کە تەنھا ١٢ کیلۆمەتر لە سەنتەری موسڵ دوورە، ھەروەھا بە پشتن بەستن بەو رێکەوتنە کەی بیەوێ کەمپی مەخمور بۆردومان دەکا و فڕۆکەکانی لە دەڤەری سلێمانی چەندین جار چەندین ئامانجیان بۆردوومان کردووە، ھەموو رۆژیش لە سەر زاری بەرپرسانی تورکیا ئەوە دوبارە دەکرێتەوە کە ھێرشی سەر شنگال دەکەن.

ئەوەی تورکیا دەیکات جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنانەن کە لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامی داون، بۆیەشە حکومەتی عێڕاق لە ھەندێک لێدوانی لاواز زیاتر ھیچ ھەڵوێستێکی نەبووە، تەنانەت یاداشتێکی نەداوەتە ئەنجوومەنی  ئاسایش و لە رێگەیەوە داوای نەکردووە کە فشار لەسەر تورکیا دروستبکرێ.

بەرپرسانی عێڕاقی و زۆرجاریش بەشێک لە بەرپرسانی کوردستان و ژمارەیەک میدیا پرسی بێ ھەڵوێستی حکومەتی عێڕاق بەوە دەبەستنەوە کە عێڕاق دەستی بەو شوێنانە ناگات کە سەربازی تورکیای لێیە ئەگەرنا قبوڵی نەدەکرد، ھەر ئەوەش بە ھۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیاری ساڵی٢٠١٦  پەڕلەمانی عێڕاق دادەنێن کە بڕیاری دەرکردنی سوپای تورکیای داوە، بەڵام دەکرێ بپرسین خۆ ئەگەر ناوچە سنووریەکان بۆ سوپا و حکومەتی عێڕاق دوورە دەستن، ئەوە گەورەترین سەربازگەی تورکیا لە بەعشیقەیە کە لە ژێر کۆنتڕۆلی حەشدی شەعبی و سوپا و حکومەتی عێڕاقدایە.