سەردێڕ:

ھەڵبژاردنەکانی ئێران ڤاکسینی نەخۆشیەکانی عێراق

6/11/2021 6:20:46 PM
2413 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدولەتیف
+ -

پێشتر وتمان ئەوەی عێراق بەرێوە دەبات مستەفا کازمی و پەرلەمان نییە و بە تۆپزیی سوپاکانی حەشدی شەعبی عێراقی و ئێرانیی و حەوزەی قومە. 

کەواتە زەحمەتە ئێران دوو ھەڵبژاردن بەڕێوەبەرێت لە یەک ساڵدا، ئەوە ڕوونە ھەڵبژاردنەکەی عێراق دیکۆرە بۆ تاڵانیی و گەندەڵییەکی مونەززەم و گەر دواشنەخرێت دەبێت بە فلتەری ڕەھبەرو نیگەھبان و مەرجەعیەتی ویلایەتی فەقیھدا بڕوات و لە زیخ و ئاو بدرێت و ئینجا کاری لەسەر بکەن، ئەوەی ئێرانیش یەکلایی بۆتەوە.

ئەگەرچی دابەشبوونی بازنەکانی ھەڵبژاردنی عێراق وەک ئێران نییە یەک کەس داڕشتنەوەی بۆ بکات بەڵام ئەوە ڕوونە ھەر شیعە دەکاتەوە بە زۆرینە و قسەکەری سەرەکیی. بەڵام ئەو ھەڵبژاردنەی ئێران بۆ سەرۆکایەتی خۆیان و عێراق و لوبنان و یەمەن و سوریاشە بەڵام بەحەیاتی عێراق ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەو جۆرە بەخۆوە نابینێت چونکە ئێران دژی ھەر جۆرە پاڵەوانسازیی و دەرکەوتنێکی کاریزمایی سەرۆکایەتییە لێرە، وەلێ سەرکردەی باڵای میلیشیایی و سەربازیی و ئەمنی زۆر پێویستەو بگرە قەرزیشی بۆ دەکات وەک ھێزەکانی میلیشیای رەبعەڵای لوبنانی و نوجەبای ئ ێرانی و عاسائیبی ئەھلی حەق. 

ئاخر ھەشتاوسێ بازنەی ھەڵبژاردن و بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق (نائب) یانی چی؟ لەکاتێکدا ھیچ سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیرانێکت نەبوە بە دەنگدانی دروست ھاتبێت و ھەمیشە بە سازان و ڕێککەوتنی نھێنی و سەفەقات ھاتوون و دانراون!؟  کەواتە بوار بۆ ھیچ ڕیفۆرم و گۆڕانکارییەک ناھێڵێتەوەو کوردیش بەو پەرتەوازەییە ئەستەمە کورسییەکانی جاران بەرێتەوە ناچار دەبێ یان خۆی ساغ بکاتەوە یان یاخیی بێتەوە.

دیسان لە و ھەڵبژاردنە ساختەیەی عێراق بەھێزەکان (الأقویاء) دەبنەوە بە چەتری دەسەڵات و براوەی ھەڵبژاردن و مەشخەڵگێڕی نوێ، بەڵام ھێشتا ئێران دەیەوێت ئەو بەھێزانەش نەوەو موتووربەکراوی عەمامە ڕەشی خۆی بن نەک مەرجەعیەتی نەجەفی رەسەن و دەشبێت لە تشخیێ مێلحت نڤام و مەجلیسی شورا دەرنەچن. 

ئەم دۆخی دەستێوەردانەش کۆنە لە حوکمڕانیی (الفترە الإنتقالیە) ٢٠٠٣-٢٠٠٥ تا نوسینەوەی دەستوور بۆ ئێستای فەترەی دابەشکاریی پۆست و بلۆکبەندییە نەوتیەکان و کودەتای حەشدی شەعبی بەسەر شەرعیەتی حوکمی کازمی تا ھاتنی سەرۆکی فەیلەقی قودسی ئێرانی ئیسماعیل قائانی بۆ بەغداد درێژەی ھەیە، ئەگینا عێراق و وەزارەتخانەو سوپاو کوتلە سیاسیەکانی بۆچی دەبێت گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی سەرکردەیەکی باڵای عەسکەریی سیاسی دەرەوەی خۆیان بن و ڕۆڵیان بۆ دیاریی بکات و بێزەحمەت دەوڵەتی دەستووریی و یاساکان و حەمورابی کواو کامەیە؟

سازانەکە بۆ ئێستا ڕوونە چۆن دەگوزەرێت، یەکەمجار ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و مەرجەعیەتی قوم و نەجەف. دوەمجار لە نێوان ئەقتاب و بلۆکە گەورەکانی نەوت و ھێزگەلە تائیفی و مەزھەبیەکاندایەو بەدیاریکراوییش ئ ەمریکاو ئ ێران ڕۆڵی گەورە وازی دەکەن بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی عێراق و مانەوەی ھێزو ناوچە جێناکۆکەکان و سەرچاوەکانی داھات و پاڵاوگەکان. 

بۆیە نەوت و عەسکەرو میلیشیا و فیرقەو لیواو بیزنسی حیزبی و ئایدۆلۆژیی و دیبلۆماسی قوڵت نەبێ مەحاڵە بتوانی یاری باش بکەیت لەم ھەڵبژاردنەدا ئەگەرچی ئ ەمە ھەڵبژاردن نییە بەڵکو ڤاکسین و شەرعیەتدانە بە واقیعی تاڵ و پەتای عێراقیەکان بە کوردیشەوە.