سەردێڕ:

فڕۆکە یان پەکەکە؟ لێکۆڵینەوەیکی خێرا لە رووداوەکەی ئامێدی

6/9/2021 10:32:16 PM
13638 جار خوێندراوەتەوە
عەممار گوڵی
+ -

قسەکردن لەسەر چۆنیەتی پێکانی باجەرەکەی ھێزی پێشمەرگە لە نزیک ئامێدی ئاڵۆزە، تا ئەو کاتەی لیژنەیەکی سەربەخۆ لە نزیک لە رووداوەکە نەکۆڵێتەوە و لەگەڵ شایەت حاڵەکان و پێشمەرگە بریندارەکان قسە نەکات، ھەرجۆرە لێکدانەوەیەک بۆ چۆنیەتی ئەم رووداوە ناتوانێت بەتەواوەتی راست بێت.

بەڵام سەرەڕای ئەوانەش پرسیار ئەوەیە کە گەلۆ دەکرێت بە رێگەی ئەو دیمەنانەوە کە تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بەرکەوتنی باجەرەکەی ھێزی پێشمەرگە بکرێت؟ بەڵێ دەکرێت بەڵام بە شێوەیەکی سنووردار.

پێش ئەوەی کە تیشک بخەمە سەر رووداوەکەی ئامێدی ئەبێت بپەرژێینە سەر چۆنیەتی رووماڵکردنی ئەم رووداوە لە لایەن میدیاکانەوە. کاتژمێرێک دوای بەرکەوتنی باجەرەکەی ھێزی پێشمەرگە ھەموو میدیاکانی ھەرێمی کوردستان (بە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە) باسیان لە ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر کاروانی پێشمەرگە کرد (چاو لە سکرین شۆتەکان بکەن)، ئەبێت روون بکرێتەوە ئەم زانیاریانە چۆن و لە لایەن کێیەوە درا بە راگەیاندنەکان؟



ئەم پرسیارە لەو رووەوە گرنگە کە لە کاتی رووداوەکە جیا لە ھێزەکانی پێشمەرگە ھیچ لایەنێکیتر یان رۆژنامەنووسێک لە نزیکی شوێنی رووداوەکە نەبووە و تا ئەم ساتەش مۆڵەت بە رۆژنامەنووسان نەدراوە لە نزیکەوە چاویان بە باجەرە پێکراوەکەی ھێزی پێشمەرگە بکەوێت.

ھاوکات تا ئەم ساتە بەڵگەیەکی سەلمێنراو لەبەردەست نییە کە شێوازی پەلامارەکەمان بۆ ئاشکرا بکات، پارتی و فەرماندەکانی دەڵێن پەکەکە بە چەکی دژە زرێپۆش (ATGM) ھێرشیان کردووەتە سەریان، لەولاشەوە پەکەکە بەتەواوەتی ئەم تۆمەتە رەت دەکاتەوە و داوای پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە ئەکات.

سەرەتا بە گوێرەی ئەو وێنە و فیلمانە کە بڵاو کراونەتەوە با سەیرێکی دۆخی باجەرەکەی ھێزی پێشمەرگە بکەین. باجەرەکە ماشینێکی گوولە نەبڕی جۆری ماکس پرۆیە (Maxx Pro) کە ئامێری پووچەڵکردنەوەی مینیشی لەگەڵە (Mine Roller). دیار نییە کە گەلۆ باجەرەکە خاوەن بۆرجەک بووە یا نە، دواتر ئەڵێم بۆ گرنگە.



بەگوێرەی ئەو دیمەنانە کە بڵاو کراونەتەوە، باجەرەکە لە ھەردوو لایەنی راست و چەپەوە ھێرشی نەکراوەتە سەر و شوێنی بەرکەوتنی مووشەک نابینرێت، تەنیا لە لای راستەوە و لە سەرووی لاستیکی دواوە کابینی باجەرەکە رەش بووەتەوە، پێدەچێت لە ئاڕاستەی ناوەوە شتێکی گەرم بە زەبرەوە بەری کەوتبێت.



لە دیمەنێکیتردا کە دواتر بڵاو کراوەتەوە شوێنی بەرکەوتنی گوولە بە لای راستی باجەرەکەوە دیارە، بە ئەگەری زۆر شوێنی گوولەی دووشکەی رووسی یان ئێم ٢ برۆنینگی ئەمریکایە

تەنانەت دەکرێت ئاڕاستەی گوولەکەش بەگوێرەی ئەو ئاسەوارەی کە لەسەر کابینی باجەرەکە بەجێ ھێشتووە ببینرێتەوە، لێرە وا دەردەکەوێت کە لە پشتەوە لێی درابێت. بەڵام سەرەڕای ھەموو ئەمانە ئەم پەلامارە ھۆکاری تەقینەوەی باجەرەکە نەبووە و تەنانەت گوولەکە نەیتوانیوە لەشی باجەرەکە ببڕێت و بچێتە ناوەوە.



پێش و دوای باجەرەکە ئاسەواری شەپۆلی تەقینەوەیان پێیەوە دیارە. لە پێشەوە جامەکەی نەماوە و کاپووتەکەش بە ئاڕاستەی پێشەوەی ھەڵدراوەتەوە و کۆمەڵێک کەلوو پەلیش لە سەر جادەکە کەوتوون، دیارە بەھۆی شەپۆلی تەقینەوەکە لە دواوەوە بووە. لە پشتەوە دەرگای باجەرەکە نەماوە و ھەڵکەندراوە.



ھاوکات ئەگەر سەیری چوارچێوەی باجەرەکە بکرێت، بە روونی دیارە کە بە لای راستدا خوار بووەتەوە، ئەگەرچی شاسی باجەرەکە وەک خۆی ماوەتەوە. واتە کابین باجەرەکە بە ئاڕاستەی راست زەختێکی زۆری لێ کراوە و خوار بووەتەوە. ھاوکات سەقفی باجەرەکە بە تەواوەتی نەماوە



ئەگەرچی دیمەنێکی زۆر لە ناوەوەی کابینی باجەرەکە لەبەر دەست نییە، بەڵام لە ھەندێک لە دیمەنەکاندا شوێنی تەقینەوەیەکی بەھێز دەبینرێت. لەم دیمەنەی خوارەوە دیارە لە لای راستی کابینی باجەرەکە شتێکی بەھێز بەر کابینەکە کەوتووە و کونی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە لای دووەمی کابینەکە ببڕیت.


بە دڵنیایەوە دەکرێت لێرە ئیدعا بکرێت کە ئەمە شوێنی بەرکەوتنی مووشەکێکی دژە زرێپۆشە (ATGM)، ھیچ چەکێکی سووک یان نیمە قورس ناتوانێت بەم شێوازە لەشی گوولە نەبڕی (Armor) ماشینگەلێکی لەجۆری باجەر ببڕێت ئیلا مووشەکی دژە زرێ (Anti-Armor) نەبێت.

لەبەرئەوەی ھیچ زانیارییەک لە پاشماوەی مووشەکە ئاڕاستەکراوەکە لەبەر دەست نییە، ناتوانین لێرەدا جۆرەکەی دەستنیشان بکەین. بەڵام رەنگە بکرێت لە رووی شوێنی بەرکەوتنی باجەرەکەوە دەری بخەین کە مووشەکەکە لە کوێوە و بە چ زاویەکەوە ئاڕاستە کراوە.



کابینی باجەرەکە پێمان ئەڵێت کە مووشەکەکە یان لە سەقفەوە بەری کەوتووە یانیش لە جامی پێشەوەی. جامی پێشەوە ئەگەرەکەی بە نیسبەت ئەگەرەکانی تر کەمترە، لەبەرئەوەی کە ئەگەر لەوێوە ھاتبێتە ناو چۆن بەر ئەو شوێنە لە لای راستەوە کەوتووە، واتە زاویەیەکی ئاڵۆزە بۆ ئەگەرێکی وەھا.

ھەروەھا یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکان لە وتووێژێکی کورتی دوای رووداوەکە بە ئاشکرا دەڵێت لە پڕێکا سەقف بەسەریانەوە نەماوە. ئەمانە ھەمووی ئەگەرن و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردترە.

بەڵام ئەگەر لە سەقفەوە ھاتبێت ئاڕاستەکەی کوێیە؟ بۆ تێگەیشتن لەم مەسەلەیە لۆکەیشێنی باجەرەکە وەکوو ساعەتێک بێننە پێش چاوتان. پێشئەوەی سەعات ١٢، لای چەپی سەعات ٩ و دواوەوەی ٦. شوێنی بەرکەوتنی مووشەکەکە پێمان ئەڵێت مووشەکەکە لە نێوان سەعات ٩ بۆ ١٢ بەر باجەرەکە کەوتووە.



لەبەر ئەوەی کە مووشەکەکە بەر کابینەکە نەکەوتووە دیارە بە زاویەیەکی زۆرەوە لە سەقفەوە ھاتووەتە ناو. زاویەی بەرکەوتنەکە کەمتر لە ٤٥ دەرەجە نییە. شوێنی بەرکەوتنی باجەرەکە ١٧٦٠ مەتر بەرزە، بۆ ئەوەی کە مووشەکەکە لە سەقفەوە بێتە ناو دەبێت لە شوێنێکەوە ئاڕاستە کرابێت کە زۆر بەرزتر بێت



لای چەپی باجەرەکە دۆڵێکە کە دەچێتەوە ناو ھاوینەھەواری سۆلاڤ لە رۆژئاوای ئامێدیەوە. شاخێکیش لەوێیە کە بەرزیەکە ١٨٦٠ مەترە و نزیکەی ٢ کیلوومەتر لە شوێنی بەرکەوتنی باجەرەکەوە دوورە. بەڵام وەک دەزانرێت گەریلای پەکەکە لەوێ بوونیان نییە.



تەنانەت ئەگەریش بوونیان بێت زۆر ئاستەمە لەوێوە و بەو زاویەوە مووشەک لە سەقفەوە بەر باجەرەکە بکەوێت. ئەمێنێت شاخی بەرانبەری باجەرەکە. ئەو شاخە ١٩٢٠ مەتر بڵندە و ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە لەوێ بووبن ئەگەری ئەوەی کە لەوێ مووشەکیان ئاڕاستەی باجەرەکە کردبێت ھەیە.



بەڵام لە دیمەنەکانی دوای پەلاماردانەکە دەرئەکەوێت کە ھێزەکانی پێشمەرگە پشت لەو چیایە و بە ئاڕاستەی سەری ھەکاری، واتە شاخە بڵێندەکەی پشتەوەی باجەرەکە وەستاون و شاخەکە گوولەباران دەکەن. واتە بە ئەگەری زۆر گریلاکانی پەکەکە لەو شاخە سەنگەریان گرتووە.

لینکی فیلم: https://twitter.com/goliammar/status/١٤٠٢٢٦٣٢٦٣٣٠٤٤٢٥٤٨٦?s=٢٠

بە دڵنیایەوە ئەتوانین بێژین کە بە گوێرەی زاویەی بەرکەوتنی مووشەکەکە لە ناوەوەی کابینی باجەرەکە ئێحتماڵی ئاڕاستەکردنی مووشەک لەو زاویەیەوە نزیکی سفرە. واتە مووشەکەکە لە زاویەیکەوە ئاڕاستە کراوە کە دەکەوێتە نێوان شاخەکەی پشتەوەی سۆلاڤ و شاخە بڵێندەکەی بەرانبەری باجەرەکە.

لینکی فیلم: https://twitter.com/goliammar/status/١٤٠٢٢٦٣٢٧٥٤٦٧٨٥٣٨٢٥?s=٢٠

ئەگەر گریلاکانی پەکەکە لەسەر شاخە ١٩٢٠ متریەکە نەبووبێتن، ئەوا بە ئەگەری زۆر مووشەکەکە لە ئاسمانەوە ئاڕاستەی باجەرەکە کراوە. لە تەنیش باجەرەکەش پاشماوەی دەرگا و سەقف و ھەروەھا بە ئەگەری زۆر بۆرجەکەکە بەجێ ماون. ھەمووشیان کەوتوونەتە لای گۆشەی راستی باجەرەکەوە.

وەک دەبینرێت بۆرجەکەکە تەقریبەن سالم ماوە، بەڵام بە ھۆی شەپۆلی تەقینەوەکە کەوتووەتە لای راستی باجەرەکەوە. ئەمەش دەتوانێت ھۆکارێکیتر بێت بۆ ئاڕاستەی ھێرشەکە. کەواتە ئەگەر ساعەتەکە بێنینەوە پێش چاوی خۆمان بە ئەگەری زۆر ھێرشەکە لە نێوان ساعەتی ٩ بۆ ١٠ کراوە.



ئەگەری بەرکەوتنی مووشەکی درۆن لەو روویەوە زۆرە کە فڕۆکەخانەی سەربازی بامەڕنێ کەوتووەتە ٢٠ کیلۆمەتری شوێنی ھێرشەکە. ئەو فڕۆکەخانەیە لە ساڵەکانی دەیەی ٩٠ تا ئێستا لە کۆنترۆڵی سوپای تورکیادایە.



جیا لە فڕینی ھەلیکۆپتەر، لە چەند ساڵی رابردوودا ئەو فڕۆکەخانەیە بۆ فڕینی درۆنی بایرەکتار بەکار ھاتووە. ساڵی پار لەکاتی پەلاماردانی چیای گارە درۆنەکانی تورکیا لە بامەڕنێیەوە دەفڕین و ناوچەکەیان بوردمان دەکرد.

لینکی فیلم: https://twitter.com/NNS_Roj/status/١٢٧٦٥٦٢٤٠٤٥٣٣٤٦٩١٩٠?s=٢٠

ھەروەھا ئەو مووشەکانەی کە درۆنەکان (UMTAS) ئاڕاستەی دەکەن لە کلاسی مووشەکەکانی ATGM دان، بەو جیاوازیەوە کە تۆزێک بەھێزترن. ئەمانە کە لێرە باس کران ھەموویان ئەگەر بوون و تا ئەو ساتەی کە کەسانی پسپۆڕ لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە شوێنی ھێرشەکە و ھەروەھا پاشماوەی مووشەکەکە نەکەن راستی رووداوەکە بە تەواوەتی دەرناکەوێت.