سەردێڕ:

گورچیلە چاندن لە کوردستان

6/9/2021 8:37:46 PM
2334 جار خوێندراوەتەوە
عارف گۆران
+ -

چەند ھەفتەی رابردوو لە میدیاو سۆشیال میدیاکانی کوردستان بابەتی چاندنی گورچیلەم کەوتە بەرچاو ، ئەوەی زۆر ناڕەحەتی کردم فەتوای کەسێک بوو بە ناوی نووری ھەمەدانی، کە مەرجەعێکی بالای شیعەکانی ئێرانە، کە دەلێت فرۆشتنی گورچیلە بۆ ھاوسەرگیری ڕێگەپێدراوە!. ئەو نووسینە ھانیدام  لێکۆلینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکەم و لە گەل کۆمەلێک لە ھاوکارەکانم لە کوردستان، کە لە بواری چاندنی گورچیلە کاردەکەن پەیوەندی بکەم و گەیشتمە کۆمەلێک ڕاستی  ، ھەولدەدەم لەم کورتە پۆستە دا باسی بکەم و ھەندێک پێشنیار بخەمە بەردەست لایەنی پەیوەندیدار، بە ھیوای ئەوەی خەمێک لەو بابەتە گرنگە بخورێت.

1. گومان لەوەدانیە، کە بەخشینی گورچیلە بۆ ھەر ئەندامێکی خێزان یان کەسێکی خۆشەویست لوتکەی مرۆڤایەتیەو ژیانی کەسێک لە چەرمەسەری و ناخۆشیەکانی پەککەوتنی گورچیلە رزگار دەکرێت .

2. جێگای داخە لە عێراق و کوردستان دیاردەیەکی زۆر قێزەون دەبینرێت ئەویش فرۆشتن و بازرگانی کردنە بە گورچیلە ، ئەو کارە لە جیھاندا وەک بازرگانیکردن بە ژیانی مرۆڤ سەیر دەکرێت و وەک تاوانێکی گەورە مامەلەی لەگەل دەکرێت،  بۆیە بەخشینی گورچیلە لە ئەوروپاو زۆربەی وولاتانی جیھان زۆر بە وردی چاودێری دەکرێت و کۆمەلێک رێکاری زۆر توند دەگیرێتە بەر، بەھیچ شێوەیەک رێگا بە فرۆشتنی گورچیلە نادرێت. لە کوردستان زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی  گورچیلەیان لێوەردەگریت ھیچ پەیوەندیەکیان لەگەل کەسە نەخۆشەکە نیە ، زۆربەیان کەسانی باشووری عێراق و خەڵکانی ھەژارو کەم دەرامەتی کوردستانن، کە ژیان ناچاریان دەکات بۆ بڕە پارەیەک گورچیلەی خۆیان بفرۆشن . 

3. کۆمەلێک پسپۆر لەکوردستان ھەیە، کاری چاندنی گورچیلە دەکەن و تا رادەیەکی باش لە کارەکەیان سەرکەوتوون.

4.  لە کوردستان گورچیلە لە کەسانی زیندوو وەردەگیرێت بۆئەوەی بیدەنە کەسێکی نەخۆش، بەپێچەوانەی ئەمە لە ئەمریکاو ولاتانی ئەوروپا زۆربەی ئەو گورچیلانەی بۆ نەخۆش دەچێنرێت، لە کەسانی مردوو وەردەگیرێت . 

5. لە بەریتانیاو بەشێکی زۆری وولاتانی ئەوروپا ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەندامەکانی لەشیان ببەخشن دوای مردن خۆیان ناونووس دەکەن ، لە بەریتانیا پار سال یاسایەک دەرچوو، کە رێگا بە بەکارھێنانی ئەندامەکانی ھەموو کەسێکی مردوو دەدات ، مەگەر کەسەکە پێش مردن فۆرمێکی تایبەتی پڕ کردبێتەوە، کە نەیەوێت دوای مردنی ئەندامەکانی بەکاربھێنرێت .

6. لە بەشێکی ولاتە ئیسلامیەکان فەتوای تایبەت ھەیە دەربارەی بەخشینی ئەندامەکانی لەش دوای مردن و رێگا پێدراوە ، بۆ نمونە لە بەریتانیا ناوەندە ئیسلامیەکان ھانی موسلمانەکان دەدەن، دوای مردن  ئەندامەکانی خۆیان ببەخشن .

7. جێگای داخە لە کوردستانی ئێمە، خەلکانێکی زۆر، کە بەشێکی بەرچاویان گەنجن و بە ھۆی کارەساتی ھاتووچۆوە یان نەخۆشی تر  گیان لە دەست دەدەن، ئەندامەکانی جەستەیان بەفیڕۆ دەچێت، لەکاتێکدا دەکرێت لە رێگای ھەر کەسێکی مردوو ژیانی دوو کەس، کە گورجیلەیان سست و پەککەوتە بووە رزگار بکرێت.

8. حکومەتی ھەرێم و لایەنی پەیوەندیدار دەبێت بە ھەموو شێوەیەک ھەولبدەن رێگا لە بازرگانی کردن بە گورچیلە بگرن و سزای توند بسەپێنێتە سەر ئەو کەسانەی لەو کارە نامرۆڤانەو قێزەونە تێوەگلاون .

9. حەق وایە لیژنەی تەندرووستی لە پەرلەمانی کوردستان بە ھاوکاری پیاوانی ئایینی و وەزارەتی ئەوقاف بە شێوەیەی جدی زەمینە بۆ دەرکردنی یاسایەک خۆش بکەن، کە رێگا بدات گورچیلەی  کەسانی مردوو بەکاربھێنرێت ، لایەنی کەم ئەو کەسانەی ئامادەییان ھەیە دوای مردنیان ئەندامەکانی جەستەیان ببەخشن.

١٠.لە رووی لۆجستیەوە ھیچ رێگریەک بۆ وەرگرتنی گورچیلە لە کەسێکی مردوو بۆ چاندنی لە جەستەی کەسێکی زیندوو نابینرێت، ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆرانی ئەو بوارە لە کوردستان ھەن و دەبێت لە نزیکەوە راوێژکاری لەگەل ئەو کەسانەدا بکرێت بۆ ھەر ھەنگاوێکی پەیوەست بەو بابەتە.

ھیوادارم ئەو کورتە پۆستە دەرگای باسکردنی ئەو بابەتە بکاتەوەو لە ئایندە ھەندێک ھەنگاوی کرداری بنرێت و ئێمەش وەک گەلانی جیھان خەمخۆری کەسانی نەخۆش و پەککەووتەی ولاتەکەمان بین .