شەڕی کورد؛ تورک و پەکەکە
6/8/2021 6:02:21 PM
11520 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+
-
ئەم عەنتەریاتەی پەکەکە بەرامبەر بە کوردی عێراق دەینوێنێت، نیشانەی ترسنۆکی و خۆشاردنەوەیەتی بەرامبەر بە سوپای تورکیا. پەکەکە تەنیا یەک قەزیەی ھەیە، ئەویش مانەوەیەتی لە ناوچەی ئارامی کوردستانی عێراق . ئەوان، چێژ لە سروشتی دڵگیری کوردستانی عێراق وەرئەگرن، ھیچ بستێکی ئەم خاکە پیرۆزە نابەن بەڕێوە و بەرپرسن نین لە بوون و نەبونی، ئاو، کارەباو مووچە، کەچی بە شۆڕشگێڕیش حیسابن، بە ڕێبەری کوردیش حیسابن (ئەمانە ھەموی بە حسابی خۆیان). بە پارەی ئامۆزا ئێرانیەکانیشمان لە قەندیل پاڵیان لێ داوەتەوە، تورکیش لە تورکیا بە دڵی خۆی کورد ئەکا بە تورک.
ھەموو ژیانم دژ بە شەڕی نەگریسی براکوژی بووم، شەقی برا کوردەکانی خۆم خواردوە، ھەوڵی کوشتنیان داوم و بەدەستی برا کوردەکەم برینداریش کراوم. بەڵێ دەستم چۆتە جاش و ئیستیخبارات و ئەمن. بەڵام ھەرگیز دەستم نەچۆتە ئەندامی حیزبی مونافیس. ئەمە عەقیدەی کوردایەتیە و نابێت کەسمان لێی لابدە ین. بەڵام پەکەکە پێی وایە ھەرچی کوردزمانە دەبێت خزمەتکای ئەوان بێت. پەکەکە پێی وایە خاکی پیرۆزی کوردستان موڵکی باوکێتی. پەکەکە بە عەقڵیەتی فاشیستی کەمالیستەکان پەروەردە بوە، بۆیە جگە لە خۆی کەسی تری قوبوڵ نیە. ئێمە، یەکێتی، شویعی و سۆسیالیست و حیزبە ئیسلامیەکەن، ھەر ھەمومان ھەتا کاتێک شەرعیەتمان ھەیە، کە کوێرانە ئەشھەدو بیلا بۆ فتوا سەقەتەکانی پەکەکە بکەین.
خوێندەوارەکانی کورد لە کوردستانی عێراق، پەکەکە باش ئەناسن، بەڵام لە ڕقی ئێمە (پارتی)، بە سیستەمی ستالینستی پەکەکە ڕازین. زۆر سەیرە ئەم خوێندەوارانە بە وشەیەکیش تەعلیق و تەفسیریان لەسەر ئەتوارەکانی پەکەکە نیە. خۆ لەوانەشە ئەم بێ مەوقیفیەی خوێندەوارەکان لە ترسا بێت. چونکە ئەگەر پەکەکە توانیبێتی لە ئۆپسالا (لەسوید ساڵی١٩٨٥) ئیختیالات بکات، ئیتر بۆچی نەتوانێت لە ھەڵەبجە، سلێمانی، قەڵادزێ، کۆیە، ھەولێر، سۆران، ئاکرێ، دھۆک، ئامێدی و زاخۆ بیکا؟… لەوانەیە ئەو خوێندەوارانەش لە ژیانی خۆیان بترسن و حەقی خۆشیانە، چونکە تاکە چەکی دەستیان قەڵەمەکەیانە و ھیچیتر.
ھەرچی ئێمەین، ئەگەر پەکەکە ھەر خۆی بە سۆپەرمان زانی، ئەوا ناچارین جامە ژەھرەکە بخۆینەوە و لە مێژوی نەتەوەکەماندا ئەو ڕاستیە تۆمار بکەین کە شەڕی عەنتەری و خۆسەپاندنی پەکەکە شەڕی براکوژی نیە، بەڵکو بۆ ئێمەی کوردی عێراق، شەڕی مانەوەیە. ھەرکاتێکیش پەکەکە ئەم شەڕە نەخوازراوەی فەرزکرد، ئەوا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ھەموو لایەنە سیاسیەکانی تر لە کوردستانی عێراق، ئەبێت خۆیان ساخ بکەنەوە. یان بچنە پاڵ پەکەکە و لولەی تفەنگەکانیان ڕو بکەنە ئێمە، یانیش مەوقیف لە بەرامبەر ئەم عەنتەرتاریەتەی پەکەکە وەرگرن. ئەگەر پەکەکە تۆزێک عاقڵ نەبێت و بە سیاسەتی خۆیدا نەچێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ھەر کوردێک بە فیشەکی پەکەکە بکوژرێت شەھیدە. چونکە پەکەکە ئەیەوێت دەست بەسەر کوردستانی عێراقدا بگرێت و پاشان کەرامەتی یەک بە یەکەمان بخاتە ژێر پێڵاوەکانیەوە. شەھادەت زۆر خۆشتر و شەرە فمەندانەترە لە وەی کە ئینسانی کورد ژێردەستەی سیستەمە ھاوبەشەکەی تورک و پەکەکە بێت… ئەمەش دوا قسەیە.