سەردێڕ:

جەیشی شەعبییەكان، لەڕاوەدوونانەوە بۆ قوتدانمان!

6/7/2021 1:10:54 PM
5314 جار خوێندراوەتەوە
مەریوان عەلی
+ -

 جەیشی شەعبی عیراق، كە بەمیلیشیای شەعبی-ش دەناسرا، ساڵی (1970) وەك یەكەیەك-رێكخراوێكی فەرمی نیمچە سەربازی، لەخۆبەخشی مەدەنی‌و لەپێناو چەند ئامانجێكدا پێكهات، كە دیارترینیان (رووبەڕووبونەی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی‌و، بۆ راگرتنی باَلانسیش بوو لەبەرامبەر سوپای فەرمی عیراق، لەئەگەری هەر كودەتایەكی سوپادا..!).  

ئەم هێزە، لەپانتاییەكی فراواندا كارو چالاكییەكانیان ئەنجامدەدا‌و لەچەندین كردەوەی سەربازی، لەناوخۆو دەرەوەی عیراق بەشداریكردووەو لەساڵی (1987)یشدا، ژمارەی گەیشتە (650) هەزار كەس

لەكوردستانیش، هەبوون، هەندێك بۆ (دەفعی بەڵا)‌و كەمیش نەبوون ئەوانەیان، بێ‌ شەرم و شكۆ، خۆبەخشانە ببوونە جەیشی شەعبی‌و، (بەڵا) بوون بۆ رۆح‌و گیانی خەڵك..! تا ئەو ئاستەی شۆڕش، لەشاخەوە، بۆ فڕاندن‌و بەسزا گەیاندنیان، مەفرەزەی دەناردە ناوشار. هەروەكو پێشمەرگەی دێرین‌و برای ئازیز (ك، ك. و)، لەتیپی (..)، دەیگێڕێتەوەو دەڵێت: (بۆ رفاندن‌و تەمێكردن، یان بەسزاگەیاندنی یەكێك لەو جەیشی شەعبییانە، لەتیپەكەمان، مەفرەزەیەكمان دروستكرد‌و هاتینە ناو شاری سلێمانی، بەڵام دۆخی چاوەڕواننەكراو، پلانەكەی لێتێكداین‌و كاكی جەیشی شەعبی دەربازی بوو!)..  

هەر چۆن شۆڕشگێڕێتی‌و نیشتمانپەروەریی سنورەكان دەبڕێت، رێكخستنە نهێنییەكانی ناوشارو كەسوكاری پێشمەرگەش، گەڕەك بەگەڕەكی شار، گوند بەگوندو ناوچە بەناوچە، خۆیان لەدەستی بەعسییەكان‌و ئەو جەیشی شەعبیانە، شوێن بزر دەكرد! بەهەمانشێوە ئەوانیش، دڵسۆزیان بۆ بەعس‌و بۆ گەیشتن بەپلەی (رەفیق)، بێ‌ شەرمانە، سنوریان نەدەزانی!

تابلۆكە بەمشێوەیە گوزەرا، تا راپەڕین وەرچەرخا‌و جەیشی شەعبی‌و ئەندامانی ئۆرگانەكانی بەعسیش، لێخۆشبونیان پێبڕا..! بەڵام، ئەوەی لەئێستای كوردستاندا، بەتەواوی تابلۆكە نامەئلوف دەكات، هەر ئەوەنییە لەبەعسییەكان خۆشبوون، بەڵكو پانتایی تابلۆكەیە، كە بەتەواویی لەو رستەیەی (تیۆدۆر ئادرنۆ) دەچێت، كە دەڵێت: (كاتێك مرۆڤ سواری شەمەندۆفێر دەبێت‌و، لەتەنیشت كەسێكی نەناسراو دادەنیشێت، بێئاگایە لەوەی رەنگە ئەو كەسەی تەنیشتی تاوانبارێك بێت، یان یەكێك بێت لەو كەسانەی بەشداری قەتڵ‌و عامەكانی كردووە..!)، زۆرتریش لەم رستەیە بۆ ئێستای ئێمە ئەوەیە، كە ئاوڕ لەو مێژووە دەدەینەوە، باش دەزانین‌و دەیانناسین‌و بەئاگاشین لەوەی، ئەو زاتانەی شۆڕش بۆ بەسزا گەیاندنیان مەفرەزەی دەناردە ناو شارەكان، كە ئەختەبووت بوون لەڕاوەدوونانمان ماندوونەدەبوون، بەهەمان ئاكارو كاری رابردوویانەوە، ئێستاش ئەختەبوتێكی گەورەن بۆ مۆنۆپۆلكردنی ژیانمان‌و ماندووش نابن لەقوتدانمان..! 

هەموو ئەم چیرۆكانە، لەدوای راپەڕینەوە تا بەئێستا دەگات، وایكردووە پەیوەندی نێوان تاكی ئێمەو نیشتمان، وردو خاشببێت‌و گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەر مانا‌و پێناسەكەیدا بێت، چیتر پەیوەندییەكی تەندروست‌و دادپەروەر، بێ‌ ئەرزشەو ماف‌و ئازادیی‌و ئارامیش، لەسایەی مۆنۆپۆلی ئەو جەیشی شەعبیانەدا، كە بەهۆی گرێبەستی نەوت‌و بازرگانییە جۆراوجۆرەكانیانەوە، بۆ نەوە دوای نەوە، لەژیانێكی شاهانەدان، غیرەتی ئەوەیان نییەو بێزشیان نایات، لەئاوێنەی لێگززو كادیلاكەكانیانەوە، یان لەپەنجەرەی ڤێلا‌و كۆشكەكانیانەوە، ئاوڕێك لەرابردووی خۆیان‌و ئێمەش بدەنەوە، كە ئەوكات ئێمەو مانان، كەسوكارمان، لەتولە ڕێگەكانداو لەترسی ئەو زاتانە، بڕستمان لێبڕابوو لەوەی چیتر رابكەین..! هەروەك ئێستا لەتاڵانی ئاسمان‌و زەوی و ژێر زەوی ئەم وڵاتە، بڕستمان لێبڕاوە! ئەوەشی وادەكات زۆرتر زووخاو لەدێڕ بەدێڕی ئەم تێكستانە بچۆڕێت، شاردنەوەی مۆتیڤە حەقیقییەكانی مێژووی رابردووی بەر لەڕاپەڕینی ئەو زاتانە‌و، بەرژەوەندیی‌و گرێبەستەكانی ئێستایانە، كە وایكردووە بەتەنیشت هەندێك لەنیشتمانپەروەرو شۆڕشگێڕەكانی دوێنێ‌، چەپە ڕادیكال، ماركسیستە بزێوەكان، دیموكراتی نیشتمانی و نەتەوەیی نیشتمانی، لەسەر یەك مێز كۆببنەوە‌و گوتاری شۆڕش‌و نەتەوەش، بۆ كۆمپانیا‌و مۆنۆپۆلی بیری نەوت‌و خاڵی گومرك‌و بازرگانی قاچاغ‌و ناقاچاغ بگۆڕن! دەكرێ‌ بەڕووخسەتخواستن لەئۆسكار وایڵد بڵێین: ئەگەرچی ئەو جەیشی شەعبی‌و بەعسییانە، بەهەموو سەروەتەكانیان ناتوانن، رابردوویان بكڕنەوە! بەڵام پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە، كێ‌ دەتوانێ‌ لەبەر بەرژەوەندی ئابوری، بەو جەیشی شەعبیانە بڵێ، پشتی چاوتان برۆیە!