ڤیزەیەک بۆ وەرگرتنی ئاو
6/6/2021 9:30:13 PM
5986 جار خوێندراوەتەوە
حسێن مەحمود
+
-
گومانی تێدانیە کە ناوچەکەی ئێمە بەکەم ئاویەکی مەترسیداردا تێدەپەڕێ ، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆدەکاتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس و ڕەنگبێ لەداھاتودا زۆر کەس نەتوانن دەمیان تەڕکەن ، کەم بونەوەی ئاو لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی ئاوو ھەوا کەوایکردووە ناوچەکە ڕوبەڕوی شەپۆلی وشکی و کەم بارانی ببێتەوە و بەپلەی دوەمیش سیاسەتی وڵاتانی ئیقلیمیە ، کەئاو وەک کارتی فشار بەکار دەھێنن . لەم نێوەدا تورکیا وەک وڵاتێکی ئیقلیمی بەپلەی یەکەم دێ و دواتریش ئێران، کەدەیانەوێ بەشێکی گرینگ لە ئەجێنداکانی خۆیان لەڕێی ئاوەوە جێبەجێ بکەن .
تورکیا چەند جارێک ئەوەی دوپات کردۆتەوە کە بەمافی خۆی دەزانێ بەتەنیا سود لەئاوی دیجلەو فورات وەربگرێ و نەھێڵێ بگەنەسوریاو عیراق چونکە لەخاکی خۆیدایەتی و دەڵێت ئەو وڵاتانەی خاوەن نەوتن ئازادن چۆن نەوت ھەڵدێنجن چونکە لەخاکی خۆیاندایە ، بەمەش ئەو مافە بەخۆی دەدات کەپێشیلی یاسا نێوەدەوڵەتیەکان وڕێکەوتنامە ھەرێمیەکانیش بکات . بەپێی یاسا ڕوبارە نێودەوڵەتیەکان مافی ھەموو ئەو وڵاتانەی بەسەرەوەیە کەپێیدا گوزەردەکەن ، لەڕێکەوتنامەی پاریس ساڵی ١٩١٤ و کۆنگرەی ڤیەنناساڵی ١٩١٥ جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو ڕوبارانەی سنوری چەند وڵاتێک دەبڕن ڕوباری نێودەوڵەتین .
ھەروەھا بەپێی ڕێککەوتنامەیەک کەلەساڵی ١٩٨٧ لەنێوان تورکیاو سوریا ئیمزا کراوە دەبێ لەچرکەیەکدا٥٠٠مەتر سێجا ئاوی ڕوباری فورات بێتە ناو سوریاوە ، بەڵام لەئێستادا کەمتر لە ١٠٠ مەترسێجا دێتە ناو سوریاوە، کەئەمەش ھەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر سوریاو عیراق. ھەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد کەم بونەوەی ئاوبەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی ئاوو ھەوا climate change .بەپێی ڕاگەیاندنی دەزگای ناوەندی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی عیراق داھاتی ئاوی ڕوباری دیجلە لەساڵی٢٠١٨ دا ٢٣.٤ملیار مەترسێجابووە و ڕوباری فوراتیش لەھەمان ساڵدا ٩.٥٦ ملیارمەترسێجا بووەو بەھەردوکیان بەنزیکەیی گەیشتۆتە ٣٢.٩٦ ملیار مەترسێجا ، ھاوکات ساڵی ٢٠١٩ کەساڵێکی پڕ باران بوە داھاتی ئاوی ڕوباری دیجلە ٧٦.٥٢ ملیار مەتر سێجا بووە و ڕوباری فوراتیش ١٦.٩٥ ملیار مەتر سێجا بوەو کۆی داھاتی ئاو بەھەردوکیان ٩٣.٤٧ ملیارمەترسێجا بووە . ھەرلەم بوارەدا بانکی نێودەوڵەتی لەپێگەی خۆی ڕایگەیاندوە لەساڵی ٢٠١٦-٢٠٢٠ بڕی ٨٣ ملیار دۆلاری وەک کۆمەگ بەخشیوە بە وڵاتە گەشەسەندوەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاکامەکانی گۆڕانی کەش و ھەوا.بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی میترۆلۆجی (چاودێری بەرگە ھەوای زەوی ) ناوچەکەی ئێمە بەشەپۆلێکی وشکیدا تێدەپەڕێ و ئەمەش پێویستی بەپلانی گونجاو ھەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا .
ئاکام و مەترسیەکان :
کەمبونەوەی ئاوھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئاوو ئاسایشی خۆراک و کەم بونەوەی ڕوبەری سەوزایی و فراوان بونی دیاردەی بەبیان بون (desertification) کە ھەموو ئەمانە پێکڕا ئاڵنگاری گەورەن بۆ مرۆڤ و ژیان ئەستەم دەکەن . ئینستتیوتی دەرامەتە جیھانیەکان world resources institute کەناوەندێکی نێو نەتەوەیی یە لە ڕاپۆرتی خۆیدا کەلەسەر پێگەی خۆی بڵاوی کردۆتەوە ، ئاماژەی بە چەندین مەترسی کردووە و دەڵێت کەم ئاوی ھەڕەشە لە یەک ملیار مرۆڤ دەکات لەجیھاندا و بەشێکی زۆریان لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستن و پێشبینی دەکرێ ھەندێ وڵات بگەن بە ڕۆژی سفری ئاو zero day ، واتا نەمانی ئاو .بەپێی ھەمان ڕاپۆرت لەساڵی ٢٠٣٥ یەک ملیارو ھەشت سەد ملیۆن کەس ڕوبەڕوی نەبونی ئاو دەبنەوەو لەساڵی ٢٠٤٥دا ١٣٥ ملیۆن کەس بەھۆی بەبیابان بونەوە ئاوارە دەبن.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتوەکان ودەزگا نێوەدەوڵەتیەکان ھەرگیز گوشار ناخەنە سەر وڵاتان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەکان و سەرگەرمی بیروکراتیەتی خۆیانن ،ئەوەی لەسیمای سیاسەتدا بەدی دەکرێ بریتیەلە بەکارھێنانی دەرامەتی ئاو لەململانێی جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیجی داو ئەو وڵاتانەی دەکەونە پەراوێزی ئەم ململانێ یە باجی قورس دەدەن ، بەڵام ئەگەر پلانی تۆکمەھەبێت ، دەتوانرێ تاڕادەیەکی زۆر ئەو گوشارانە کەم بکرێتەوە بۆنمونە ئەگەر بەنداوی بێخمە تەواوبکرێ ئەوا ھەرێمی کوردستان و عیراق تاڕادەیەکی زۆر مەترسیان لەسەر نامێنێت ، بەڵام ئەگەر ھیچ پلانێک نەبێت قەیرانی ئاو مسۆگەرە ، لەنەبونی پلاندا لەداھاتودا بۆ ھاتنی ئاو دەبێ ڤیزە وەربگری وئەمەش ڕەنگبێ بەرامبەر نەوت یان ھەرشتێکی تر بێت .