سەردێڕ:

نابێ لە غیابی دەستووردا بین

6/5/2021 7:58:40 PM
3615 جار خوێندراوەتەوە
تانیا تاهر
+ -

کاتێک بمانەوێ لەسەر نووسینەوەى دەستوورى هەرێمى كوردستان بدوێین،  ناتوانین خۆمان ببوێرین لەو قۆناغە مێژوویانەى كە خەمى دەستەبەرکردنی داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەكەمانى پێدا تێپەڕیووە تا بتوانین لەچوارچێوەى قەوارەیەكى یاسایى و دەستوررى دانپێنراوى ناوخۆییى و دەرەكى دا ممارەسەى دەسەڵات و ماف و ئازادییەكانمان بكەین.

من پێم وایە قۆناغەكانى مێژووى خەباتمان بەگوێرەى سەردەمەكان و هاوكێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان جیاوازى زۆری هەیە، بۆیە ئەگەر قۆناغى یەكەم لەخەباتى سیاسى و چەكدارى شۆڕشى ڕزگاریخوازی گەلەكەمان بەسەرهەڵدانى شۆڕشە یەك لەدوایەكەكان دەست پێبكات، تەماشادەكەین سەرجەم داخوازییەكانمان خۆى لەچەند خاڵێكى سادەى مافى ڕەواى گەلان و پاراستنى زمان و كلتور و فەرهەنگ و خاك و خۆڕێبەرى ئیدارى لەچوارچێوەى عێراقدا و بە پاراستنى گیانى یەكڕیزى و پێكەوەژیانى ئاشتیانە زیاتر نەبووە، كە بەداخەوە سیاسەت و ئیرادەى فاشیزمى عەرەبى لەهیچ قۆناغێك دا ئەمەى پێ ڕوانەببینیوین و تا گەیشتە ئەوەى ویستى سڕینەوەى ناسنامە و بونمان لەسەر خاكى خۆمان ڕقى پیرۆزى جەماوەرى كوردستان بەهاوكارى هێزە سیاسییە شۆڕشگێڕەكانى ڕاپەڕین و كۆڕەوەى هێنایە بەرهەم كە ئەمەش قۆناغى دووەمی ئەومێژووەى تۆماركرد و پرسی كورد سنوورەكانى تێپەڕاند و بووە پرسێكى نێودەوڵەتى لەچوارچێوەى یاساى نێودەوڵەتیدا پاراستنى ناوچەڕزگاركراوەكان و تاكى كوردستانى بوو بەئەمرى واقع.

 خۆشبەختانە سەركردایەتى سیاسى كورد بەیەكڕیزى و تەبایى قەوارەیەكى یاسایى و سیاسى دروست كرد كە لە دونیاى یاساى دەستوریدا ناونرا حكوومەتى ئەمرى واقع، بەمەشەوە نەوەستان لە ١٩٩١/١٠/٤لەلایەن ئەنجومەنى نیشتمانى ئەوكاتەوە بڕیارى ڕاگەیاندنى فیدراڵى درا، كەدیسان ئەمەش وەك غەمی سەركردایەتى سیاسى كورد بۆ نیەت پاكى و سەقامگیری سیاسى و ئیدارى و كۆمەڵایەتى ئەزموون و خەباتى گواستەوە بۆ قۆناغێكى تری مێژووى، تەواوى ئەو سیازدە ساڵە تا ڕووخاندنى حزبى بەعس و ڕژێمەكەى بوە پاڵپشتییەكى باش و بەهێز بۆ سەلماندنى ئەوڕاستیەى تواناى خۆبەڕێوەبەرى دەسەڵاتى سیاسى و ئیداریمان هەیە.

 ئیدى لێرە بەدواوە قۆناغى نووسینەوەى دەستوورى هەمیشەیی عێراق و بونیادنانەوەى دەوڵەتى هەڵوەشاوەى عێراق دەست پێدەكات، كە كورد ڕۆڵێكى گرنگى بینى لە پانتاییەدا و، توانى لەڕووى یاسایی و دەستوورییەوە زامنى مافەكانى بكات، لە عێراقی نوێدا و بۆ یەكەم جار لە چوارچێوەى ڕێكخستنێكى یاساییانەى دەستوورییدا كیانى سیاسى هەرێمى كوردستان و دەسەڵاتەكانیشى دانى پیانرا، كە بەداخەوە لەسەر ئەرزى واقع ویستى هەندێك كەس و لایەنى سیاسى عێراق و هاوكێشەى سیاسى ناوخۆیی و دەرەكى تا ئێستا ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنى زۆرترین مادەى پەیوەست بەمافەكانى گەلى كورد و خاكەكەى، هەربۆیە لەدواى بەهێزبوونى دەسەڵاتەكانى حكوومەتى فیدراڵى و هەندێك هێزى سیاسى مەیلى تاكڕەوى و مەبدەئى زۆرینە و زاڵبوونى هەژمونى دەسەڵاتى مەزهەب و دروستكردنى قەیرانى ئابوورى بۆ هەرێمى كوردستان بەمەبەستى بەرتەسككردنەوەى دەسەڵاتەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان وایكرد كە سەركردایەتى سیاسى هەرێمى كوردستان پەنا بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى خەڵكى كوردستان ببات، ئەوەى جێگاى سەرسوڕمان بوو ئەو سزادانە سیاسییە هەرێمى نێودەوڵەتیانە بوو كە خرایە سەرهەرێمى كوردستان، ئەم قۆناغەش لەخەبات پێویستى بەچارەسەرى حەكیمانە و سیاسەتى دیپلۆماسیانەى كەسانى دڵسۆز و ماندونەناس بوو تا بتوانرێت دۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە بەرێت وكوردستان بگەڕێنێتەوە قۆناغى سەقامگیرى سیاسى و پەیوەندیە نێودەوڵەتى و هەرێمى و ناوخۆییەكانیش جارێكیتر دابڕێژێتەوە ، لەم قۆناغە گرنگ و هەستیارەدا غەمى پاراستنى كیانى یاسایی و سیاسى هەرێم بوو بەغەمى لە پێشینەى سەرۆكی هەێمى كوردستان و بەكارهێنانى سەرجەم دەسەڵاتەكانى و وزە و پەیوەندیە كەسییە تایبەتییەكانیشى لەم پێناوەدا خستە گەڕ، لێرە بەدواوە غەمەكان دەبێت ببنە بەرهەم، خەمی نووسینەوەى دەستوورێك كە پرۆسەى بونیادنانەوەى ئینتماى تاكى كوردى تیا بەرجەستەبێت لەڕێگاى نووسینەوەى خودە و لە ماف و ئەركەوە بۆ جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان و پاراستنى مافى سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان.

لەپاڵ هەوڵە ئیجرائی و یاساییەكانى سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان، هەوڵەكانى سەرۆكى هەرێم و سەرۆكایەتییەكەى بۆلاى سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بێگوێدانە ژمارەى كورسى و دەنگدەر بۆ كۆكردنەوەى كۆدەنگى و دروستكردنى ئیرادەیەكى بەهێزى سیاسى بۆ نووسینەوەى دەستوورى هەرێم ئەوەمان پێدەڵێت كە چیتر پرسی نووسینەوەى دەستوور و بەیاسا ڕێكخستنى ماف و ئازادى و جیاكردنەوەى دەسەڵات و تایبەتكارییەكانى بووەتە ئەولەویەت و بە ئیرادەیەكى بەهێزەوە هەموومان بەسەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانمانەوە بۆیەكەمین جار كوردستان و گەلەكەى دەكەینە خاوەنى دەستوور، بۆیە پێویستە هەمووان پێكەوە هاوكار وهەماهەنگ بین، ئەو لەمپەرو بەربەستانە بشكێنین كە بیەوێت ئەم هەوڵە لەبار بەرێت کە خەونى چەندین ساڵەى ئێمە بووە .