سەردێڕ:

بۆ کاک ئایدین مەعروف… زۆر بە کورتی

6/5/2021 11:28:43 AM
10763 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+ -

عادەتێکی زۆر خراپی ئێمەی کورد ئەوەیە، کە بۆ ئەوەی دڵی شۆڤێنیستی عەرەب و تورکمان لێ نەڕەنجێت، شانازی بە کورد بوونمانەوە ناکەین. بستێکی خاکی پیرۆزی کوردستان لەبن دەستی خۆمانە، کەچی بەم رۆژگارە خەریکی دڵڕاگرتنی ئەم و ئەوین بۆ ئەوەی دان بەوەدا بنێن کە کوردستان تۆزقاڵە زاڕەیەکیش موڵکی کوردە.

لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش حیزبی قەومی (نەتەوەیی) تورکمان، ئاشوری و عەرەبی بونیان ھەیە، کە چی ھەتا ئێستا لە کوردستان حیزبێک نیە بەناوی پارتی نەتەوەیی یان بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد.

لە راگەیاندنەکاندا بۆ چوونێکی کاک ئایدین مەعروف بڵاوبۆتەوە کە (لابد منھا) پێویستە ھەڵوێستەی لەسەر بکەین. کاک ئایدین پێی وایە کە ئەم ئاڵایەی ئێستای کوردستان و سرودی ئەی رەقیب زیادەن و لەگەڵ کۆمەڵگەی فرەنەتەوەیی ئێستای کوردستان ناگونجێت.

جارێ پێش ھەموو شتێک ئینسان لە خۆی دەپرسێت: عەجەبا لە ئێستادا کە تورکمان لە کەمینەدان (لە روی ژمارەوە) کاک ئایدین بەم جۆرە قسەمان لەگەڵ دەکات. ئینجا خۆ ئەگەر زۆرینە بونایە ھەرچی بیگوتایە کوردم نەیاندەدایە بەر شەق؟

کاک ئایدین دەبێت بزانێت کە لە پێناو شەکانەوەی ئەو ئاڵایەدا لەشکرێک ئینسانی کورد شەھید بوون، کەم ئەندام بوون، بە ھەتیوی گەورەبوون و ئاوارە ی وڵاتان بوون. کاک ئایدین دەبێت بزانێت کە لە جەلادخانەکانی بەعسدا ئافرەت و پیاوی شۆڕشگێڕی کورد ملوانکە شەرە فمەندەکەی پەتی سێدارەیان دەکرایە مل، بە سرودی ئەی رەقیبەوە دەچونە بەھەشتی بەرینی شەھیدانەوە. بۆیە دەبێت کاک ئایدین لەوڕاستیە رەھایە تێبگات کە ئاڵا و ئەی رەقیب ھێڵی سورن و تەنانەت قابیلی موناقەشەش نین.

کاک ئایدین دەبێت بزانێت کە ھەر کەس باسی لەناوبردنی پیرۆزیەکانی کورد بکات، نەک سەری خۆی، سەری باوک و باپیرانیشی دای لە بەرد. ھەرکەس و لایەنێکیش موساھەمە لەسەر ئاڵاو ئەی رەقیب بکات ئەوا خائینە بە خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستان.