سەردێڕ:

ھەباسە لەم وێرانەیە چ باسە؟

6/4/2021 10:21:40 AM
7922 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر هەڵەدنی
+ -

دکتۆرە باخان لەسەر ئاشکرا کردنی گەندەڵی ڕوبەڕووی ھەڕەشە وگرتن وسوکایەتی دەبێتەوە.
بایی نرخی ھەشت ملیار دۆلار زەوی تەخشان وپەخشان دەکرێ وبەکەس ناوترێ بەری چاوت کلی پێوەیە.
بازرگانێک تادوێنێ شەریکی عودەی وقوسەی کوڕەکانی سەدام حوسەینی گۆڕ بەگۆڕی نەفرەتی بوە،کەچی  بەڕۆژی ئاشکرا و بەھەمان تاس وحەمامی جارانەوە لەناو جەرگەی ھەولێری پایتەخت ولەبازاڕێک پارەی خەڵک حەپەلوش دەکات وکەسیش نابێ فزەی  لێوە بێت.
لەولاوە دکتۆرێکی جوانکاری دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر چەندین ئافرەت ودەیان خەڵەتێنێ و وەک بەرزەکی  بانان بۆی دەردەچێت.
زەوی ھەیە دووسەد ساڵە بەدەست جوتیارەوەیە بەناھەق وناڕەوا لێی زەوت دەکرێت وکەس نیە جگە لەخودا سکاڵای خۆی بۆبەرێت.
من مردوو ئێوە زیندوو دەبینن پەنجا ساڵی تر عەرەب لەھەرێمی کوردستان دەبنە زۆرینە خانوو وموڵکی شاروشارۆچکەکانی کوردستان وسیتەک ومێرگەپان وشوێنەگەشتیاریەکانیان لەسەر تاپۆ دەکرێ وئەوان وەک کوردیش نین ڕێکخستن وسنووردانان بۆ نەوەو وەچە وفرەژنی بکەن، وەک برایەکی عەرەبمان بەھاوڵاتیەکی خەڵکی پیرەمەگروونی ووتبوو( چەند ساڵێکی تر ئێمە خاوەن ماڵ وئێوەدەبنە غەریب)، چونکە دەسەڵاتدارە چاوچنۆکەکانی ھەرێم جگە لەپارە ھیچی تریان بیر نەماوە (ئەم بابەتە بەداتاو ژمارە لەبیرۆکەیەکدا دەخەمە بەردەستی پەرلەمان ولایەنە پەیوەندیدارەکان کەچ مەترسیەک لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان بەڕێوەیە.)
دەزانن حوکمڕانانی ھەرێم ستەم ونادادیتان گەیشتۆتە چڵەپۆپە،ئەم مفتە خۆرانەی دەوریان دوان چەند فریای ئەبو عودەی کەوتن  ھەر ئەوەندەش بەھانای  ئێوەوە دێن، پەتی ئەستووری ستەمتان ڕوو لەپچڕانە.