دوورگەیەکی ئارام و گەشتیاریی، لە چاوەڕوانی ڕووداوێکی مێژوویی گەورە و دیبلۆماسی جیهانیدایە.ئێرە دوورگەی سینتوسایە لە باشوری سەنگاپورە کە بە زمانی مالاوی بە مانای دورگەی ئاشتی و ئارامی دێت.
دوورگەیەکی ئارام و گەشتیاریی، لە چاوەڕوانی ڕووداوێکی مێژوویی گەورە و دیبلۆماسی جیهانیدایە.ئێرە دوورگەی سینتوسایە لە باشوری سەنگاپورە کە بە زمانی مالاوی بە مانای دورگەی ئاشتی و ئارامی دێت.
ئێرەش ئوتێل کابێلایە، یەکێک لە ڕاقیترین ئوتێلە پێنج ئەستێرەکانی دوورگەکە، لەم شوێنەدا لە دوو ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی کۆریای باکور یەکەمین دیدار و کۆبوونەوەی مێژووییان سازدەکەن.
هەر زوو ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی دوو نەیارترین وڵاتی ئەم سەدەیە لێرە دەستیپێکردووە، مانگێک پێش ئێستا ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لێرە توندتر کرانەوە. سەرەڕای کۆبوونەوەی وەفدە دیبلۆماتکارەکانیان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا.
لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تەواوبوونی هەموو ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی لوتکەی ڕاگەیاند.
٤٨ کاتژمێر بەر لە کۆبوونەوەکە کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکور لەژێر چاودێرییەکی ئەمنی تونددا لەگەڵ ١٢ پاسەوانە تایبەتەکەی گەیشتە سەنگاپورە، کیم ڕایگەیاندووە دەبێت لە سەنگاپورەش پاسەوانە تایبەتەکانی لەگەڵبن.
زۆربەی وڵاتان لەسەر ئاستی میدیا و ناوەندە سیاسییەکان چاوەڕوانی کۆبوونەوەی لوتکەی سێشەممە دەکەن، بەو هیوای دانوستانەکە کۆتایی بە کێشەی نیمچە دوورگەی کۆریا و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکور بهێنێت، بەو پێیەی کۆریای باکور بەرنامە ئەتۆمییەکانی ڕاگرت و ئامادەیی بۆ دانوستان نیشاندا و کیم جونگ ئونیش لە نامەیەکدا بۆ ترەمپ دەرگای هەموو دانوستانێکی بەڕووی ئەمریکادا کردەوە. ئەمریکاش هۆشداریدا لەوەی کە سزای قورستری بەسەردا دەسەپێنێت ئەگەر لەسەر سەرکێشییەکانی بەردەوامبێت.
دۆناڵد ترەمپ کە دواى کیم جۆنگ ئون گەیشتە سەنگاپورە، پێشتر ڕایگەیاندبوو لە یەکەم دیداری نێوانیان پێناچێت هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجامبدرێت بەڵکو دەبێتە سەرەتای پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
پێش دیدارە مێژوویییەکەی لەگەڵ ترەمپ، کیم جۆنگ ئون لە سەنگاپورە دەستی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی ئەو وڵاتە شوێنی بەیەکگەیاندنی هەردوو وڵات کە تا چەند مانگێک لەمەوبەر پەیوەندییەکانیان گەیشتبووە ئەوپەڕى ئاڵۆزى.
دوورگەی سانتوسای سەنگاپورە لەگەڵ بوونی مێژووە خوێناوییەکەی، شوێنی دیدار و کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا بووە، نیو سەدە لەمەوبەر ئێرە شوێنی شەڕی نێوان چەتە دەرییاییەکان بووە و هەزاران کەسیان تێدا کوشتووە تەنانەت ناوی دوورگەی دوای مردن بووە بەڵام ئێستا دوورگەکە هێمای گەشەی ئابووری و دۆخە ئارام و گەشتیارییەکەی سەنگاپورەیە و چەندین ئوتێلی پێنج ئەستێرە و یاریگا بەناوبانگەکانی یاری گۆڵف و ڕێستۆرانتە گرانبەهاکانی تێدایە.
میدیاکانی ئەو وڵاتە دەڵێن شوێنێکی باشە بۆئەوەی ترەمپ و کیم جۆنگ ئون دوای کۆبوونەوەکانیان پشوویەکی تێدا وەرگرن و پێکەوە یارییەکی گۆڵف بکەن.
ع.م