ڕۆبۆتی ئینسایت کە لەلایەن ئاژانسی ناساوە ڕەوانەی سەر هەسارەی مەریخ کرا، یەکەم وێنەی هەسارەی سوری نارد.
ڕۆبۆتی ئینسایت کە لەلایەن ئاژانسی ناساوە ڕەوانەی سەر هەسارەی مەریخ کرا، یەکەم وێنەی هەسارەی سوری نارد.
ئاژانسی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا ناسراوە بە (ناسا) ئەمڕۆ یەکەم وێنەی سێڵفیی ڕۆبۆتی ئینسایتی لەسەر هەسارەی مەریخ بڵاوکردەوە.
ناسا لە لاپەڕەی گالیسکەی ئینسایت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەگەڵ وێنەکە نوسیوویەتی، "بێدەنگییەکی جوان هەیە لێرە، بەدوای دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی نوێدا دەگەڕێم."
بە مەبەستی تێگەیشتن لە دیوی ناوەوەی ھەسارە سورەکە، ڕۆژی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ ناسا بە سەرکەوتوویی ڕۆبۆتێکی بە ناوی "ئینسایت" لەسەر ھەسارەی مەریخ جێگیرکرد، ئەمەش ھەشتەمین جارە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ئامێرێکی ئاسمانیی لەسەر ھەسارەکە جێگیربکرێت کە بە یەکێک لە سەختترین ھەنگاو دادەنرێت لە کۆمەڵەی خۆردا.
ڕۆبۆتەکە، لەلایەن زانستکارانی ئەمەریکی، ئەڵمانیی و فەڕەنسییەوە دروستکراوە و لەلایەن ناساوە کاری پێدەکرێت. بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر مەریخ دەمێنێتەوە و لەڕێگەی جوڵەپێوێک، ھەستەوەرێکی گەرمیی و ئاریەڵێکی ڕادیۆییەوە زانیاری لەسەر ناوەرۆکی ھەسارەکە کۆدەکاتەوە. زانستکارەکان ھیواخوازن نیشانەی بومەلەرزەی ناوەکیی و ئاماژەی دیکە لەسەر ڕابردووی ھەسارەکە بدۆزنەوە، بەئامانجی تێگەیشتن لەسەر پێکھاتەکانی و چۆنێتی بەبیابانبوونی مەریخ.
ع.م