سەردێڕ:

شلەیەک وزەى خۆر بۆ ماوەى ١٨ ساڵ لەخۆیدا هەڵدەگرێت

ئەو شلەیە هاوەشێوەى پاترییەکان دەتوانرێت سەرلەنوێ بارگاوى بکرێتەوە.
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-07

4083 جار خوێندراوەتەوە

گروپێک لە زانایانی سویدی و ئەمریکی جۆرە شلەیەکیان پەرەپێداوە کە دەتوانێت وزەى خۆر بۆ ماوەى ١٨ ساڵ لەخۆیدا هەڵبگرێت.


گروپێک لە زانایانی سویدی و ئەمریکی جۆرە شلەیەکیان پەرەپێداوە کە دەتوانێت وزەى خۆر بۆ ماوەى ١٨ ساڵ لەخۆیدا هەڵبگرێت.

جیفرى گرۆسمان ئەندازیار لە پەیمانگەى ماساچوسێتسی ئەمریکا بە کەناڵى سى ئێن ئێن راگەیاندووە، گرووپێک زاناى سویدى کە خۆى ئەندامى ئەو گرووپەیە، شلەیەکیان پەرەپێداوە بەناوى (سووتەمەنیی گەرمیبەخشى وزەى خۆر)و لە توانایدایە وزەى خۆر بۆ زیاتر لە ١٠ ساڵ هەڵبگرێت.

باسی لەوەشکردووە، ئەو شلەیە هاوەشێوەى پاترییەکان دەتوانرێت سەرلەنوێ بارگاوى بکرێتەوە، بەڵام لەبریی وزەى کارەبا، وزەى خۆرى تێدا هەڵدەگیرێت کە لەکاتى پێویستدا دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

ئەو شلەیە زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن زاناکانى سویدى سەر بە زانکۆى شاڵمەرزى تەکنۆلۆژى کاری لەسەر دەکرێت و تا ئێستاش بەردەوامن لە پەرەپێدانى، گەردیلەکانى زۆر وردن و پێکهاتوون لە کاربۆن و هایدرۆجین و نایترۆجین، کاتێک بەرتیشکى خۆر دەکەوێت، گۆڕانکارییەکى نائاسایی بەسەردا دێت، بەشێوەیەک بەندەکانى نێوان گەردیلەکانى سەرلەنوێ رێکدەخاتەوە و خۆدەگۆڕێت بۆ شێوازێکى نوێى چالاک، کە ئەوەش بەئایزۆمەر ناسراوە.

ئەو شلەیە وەک راوچى هەڵدەستێت بە هەڵگرتنى وزەى خۆر لەنێوان بەندە کیمیاییە بەهێزەکانى ئەو ئایزۆمەرە و تیایدا دەمێنێتەوە تا شلەکە بۆ پلەى گەرماى ژوور سارد دەکرێتەوە.

کاتێکیش کاریگەریی تیشکى خۆر کەمدەبێتەوە و نامێنێت لەکاتى شەو یان لە زستاندا، شلەکە لەڕێى هاندەرێکەوە بە شێوەیەکى ئاسان دەکێشرێتەوە و دەگەڕێنرێتەوە بۆ شێوازە رەسەنەکەى خۆى، بەوەش شلەکە وزە هەڵگیراوەکە بەشێوەى گەرمى دەداتەوە و دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

بەپێى وتەکانى کاسپەر موس بۆڵسن کە ئەندامى تیمى توێژینەوەکەیە و زاناى بوارى مادە نانۆییەکانە، ئەو ئایزۆمەرە تواناى هەڵگرتن و لەخۆگرتنى وزەى خۆرى هەیە بۆ ماوەى ١٨ ساڵ.