سەردێڕ:

لێکۆڵینەوەیەک: ئەمساڵ ئاماری توشبووانی شێرپەنجە دەگاتە ١٨ ملیۆن کەس

فۆتۆ: 
2018-09-13

6245 جار خوێندراوەتەوە

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، ئاماری توشبووانی شێرپەنجە لە ئەمساڵدا دەگاتە ١٨.١ ملیۆن کەس لە جیهاندا و لەو ژمارەیەش ٩.٦ ملیۆن کەسیان گیان لەدەستدەدەن.


لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، ئاماری توشبووانی شێرپەنجە لە ئەمساڵدا دەگاتە ١٨.١ ملیۆن کەس لە جیهاندا و لەو ژمارەیەش ٩.٦ ملیۆن کەسیان گیان لەدەستدەدەن.

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە (IARC) لە لێکۆڵینەوەکەیدا تاقیکردنەوەی لەسەر ٣٦ جۆر نەخۆشی شێرپەنجە لە ١٨٥ وڵاتی جیهاندا ئەنجامداوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکە، یەک لەسەر پێنجی پیاوان و یەک لەسەر شەشی ژنان لە ژیانیاندا تووشی جۆرێک لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەبن.

لێکۆڵەران ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە ڕێگاکانی کۆکردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر شێرپەنجە پەرەیان سەندووە، بەڵام ئاماری توشبوانی شێرپەنجە و گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە، دەریدەخات کە ئامارەکە ساڵ بە ساڵ ڕوو لەزیادبوون دەکات.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی مەمک و کۆلۆن یەک لەسەر سێی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و مردن بەهۆیانەوە پێکدەهێنن.

هاوکات ئاماری توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ساڵی ٢٠١٢دا زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەس و تێکڕای مردنیش ٨.٢ ملیۆن کەس بووە، ئەم زیادبوونەی ساڵانەش زیاتر بەهۆی گەشەی دانیشتووانی وڵاتان و چوونە تەمەنی مرۆڤەوەیە.

لە هەرێمی کوردستانیش نەخۆشییەکە بەربڵاوە و ماوەی زیاتر لە ھەفتەیەکە کەناڵی ئێن ئاڕ تی وەک ئەرکێکی مرۆیی بۆ ھاوکاریکردنی توشبووانی شێرپەنجە، کەمپینێکی فراوانی دەستپێکردووە، لەم چوارچێوەیەشدا چەندین بەرنامە و ڕاپۆرت و ڕووماڵی تایبەتی لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامداوە.

لە ئێستاشدا کەمپینەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەنێو چین و توێژەکاندا بڵاوبووەتەوەو لە چەندین شوێنی دیکە ھاوکاری بۆ نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی کۆکراوەتەوە.

ک.ئ