سەردێڕ:

دەریاچەیەکی بەستوو لەسەر هەسارەی مانگ دۆزرایەوە

فۆتۆ: 
2018-08-24

27954 جار خوێندراوەتەوە

بیرۆکەی گەڕان بەدوای ژیان جگە لەسەر زەوی و لە هەسارەیەکی تر خەونێکی بەدینەهاتووی مرۆڤایەتییە، هەروەها گەرمبوونی کەشوهەوای زەویی و مەترسیی کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و گاز و کانزاکانی تر وای لە مرۆڤایەتیی کردووە زیاتر هەوڵ بۆ جێگرەوەی هەسارەی دایک واتە زەوی بدات، کە لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان لەو بوارەدا چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و چیتر تەنها بیرۆکەیەک نین.


بیرۆکەی گەڕان بەدوای ژیان جگە لەسەر زەوی و لە هەسارەیەکی تر خەونێکی بەدینەهاتووی مرۆڤایەتییە، هەروەها گەرمبوونی کەشوهەوای زەویی و مەترسیی کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و گاز و کانزاکانی تر وای لە مرۆڤایەتیی کردووە زیاتر هەوڵ بۆ جێگرەوەی هەسارەی دایک واتە زەوی بدات، کە لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان لەو بوارەدا چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و چیتر تەنها بیرۆکەیەک نین.

مانگ یەکێکە لەو هەسارانەی کە مرۆڤ ساڵی ١٩٦٩ بۆ یەکەم جار توانی بگاتە سەر ڕووی هەسارەکە و ئەمەش بووە وەرچەرخانێکی گەورە لە بواریی گەردوونناسیدا.

دوای ئەوەی مرۆڤایەتیی توانی بگاتە بۆشایی ئاسمان و زیاتر ئاشنابوونی بە هەسارەی مانگ، لێکۆڵینەوەکان لەسەر هەسارەکە دەستیانپێکرد بە ئامانجی کۆکردنەوەی زۆرترین زانیاریی لەسەر سروشت و پێکهاتەکەی.

گەڕان بەدوای ژیان لەسەر ڕووی هەسارەی مانگ دەیان ساڵە دەستیپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کەشتی ئاسمانیی رەوانەی خولگەی مانگ کراون تاوەکو لە نزیکەوە بە دوای ئاو یاخود سەهۆڵدا بگەڕێن لەسەر ڕووی هەسارەکە.

بە ڕای زانایانی گەردونناس ئەگەری بوونی ئاو یان دەریاچەی بەستوو لەسەر ڕووی مانگ هەیە و هەر کاتێکیش ئاو دۆزرایەوە ئەوا مرۆڤ دەتوانێت هەسارەکە ئاوەدانبکاتەوە و ژیان لەسەر مانگ دروستبکات.

هەتا ئێستا و لە ئاکامی گەڕانەکاندا هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بۆ بوونی ئاو لەسەر ڕووی مانگ بەدینەکراوە تەنها چەند نیشانە و هێمایەک نەبێت کە ئەگەر هەیە سەهۆڵ یان دەریاچەی بەستوو بن.

لە نوێترین ڕاپۆرتدا کە دەزگای گەردووناسی هیندستان بڵاویکردووەتەوە، زانراوە کە بەهۆی مانگی دەستکردی چاند ڕایان-1ەوە کە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ لە گەشتێکی زانستیدا ڕەوانەی خولگەی مانگ کراوە، توانیویانە دەریاچەیەکی بەستوو بدۆزنەوە لە سەر ڕووی مانگ کە بە پێی ڕاپۆرتەکەی دەزگای گەردووناسی هیندستان بێت، بەڕێژەیەکی زۆر لەوە دڵنیان ئەو وێنانەی کە لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکەیانەوە گیراوە دەریاچەی بەستووە.

ئەو ناوچانەی کە لە مانگی دەستکردی چاند ڕایان -1ەوە وێنەیان گیراوە  هەر دوو جەمسەری باکوور و باشووری هەسارەی مانگن.

لەسەر هەسارەی مانگ پلەی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانیدا بە ڕۆژ دەگاتە سەرو ١٠٠ پلەی سیلیزیی کە ئەمەش وای کردووە ئەستەم بێت ئاو یان سەهۆڵ لە سەر ڕووی هەسارەکەدا بمێنێتەوە چونکە لەو پلە گەرمییە بەرزەدا ئاو یان سەهۆڵ دەبێتە هەڵم، بەڵام هەندێک لە ناوچەکانی جەمسەری باکور و باشوری هەسارەکە هەرگیز تیشکی خۆر نایگرێتەوە کە ئەمەش زیاتر ڕاستیی ڕاپۆرتی دەزگا هیندییەکە  دەسەلمێنێت.

پسپۆڕانی گەردونناسی دەڵێن لە کاتی دۆزینەوەی ئاو لەسەر مانگ دەتوانرێت سود لەو ئاوە وەربگیرێت بۆ خواردنەوە و دواتر جیاکردنەوەی ئۆکسجین لە هایدرۆجینی ئاوەکە بە جۆرێک ئۆکسجینەکە بۆ هەناسەدانی ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە لە داهاتوودا لەسەر مانگ نیشتەجێدەبن، هەروەها هایدرۆجینی جیاکراوەش کە لە ئاوەکە جیادەکرێتەوە وەک سوتەمەنی بۆ  کارپێکردنی ئەو کەشتیی و ئامێرانە بەکاردهێنرێت کە ئەرکی گواستنەوە و هاتوچۆی دانیشتوانی سەر هەسارەی مانگ و زەوی لە ئەستۆ دەگرن.

ش.ق