سەردێڕ:

توێژینەوەیەک: سێڵفی و سناپچات و ئینستاگرام لێکەوتەی دەروونی خراپ دروست دەکەن

فۆتۆ: 
2018-08-20

9539 جار خوێندراوەتەوە

سێڵفیگرتن شێوازە نوێ و سەردەمیانەکەی وێنەگرتن، ئەمڕۆ بەربڵاوترین شێوازی وێنەگرتنە کە هەموو کەس لە ڕێگای مۆبایلەکەیەوە دەتوانێت وێنەی خۆی بگرێت، سێڵفی دوای زیادکردنی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلە هۆشـمەندەکان زیاتر برەوی سەندووە، ئێستا کۆمپانیاکانی بواری مۆبایل کێبڕکێیانە لەسەر زیادکردنی پێکسڵی کامێراکانی پێشەوەی مۆبایل لە پێناو بەرزکردنەوەی کوالیتی وێنەی سێڵفی.


سێڵفیگرتن شێوازە نوێ و سەردەمیانەکەی وێنەگرتن، ئەمڕۆ بەربڵاوترین شێوازی وێنەگرتنە کە هەموو کەس لە ڕێگای مۆبایلەکەیەوە دەتوانێت وێنەی خۆی بگرێت، سێڵفی دوای زیادکردنی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلە هۆشـمەندەکان زیاتر برەوی سەندووە، ئێستا کۆمپانیاکانی بواری مۆبایل کێبڕکێیانە لەسەر زیادکردنی پێکسڵی کامێراکانی پێشەوەی مۆبایل لە پێناو بەرزکردنەوەی کوالیتی وێنەی سێڵفی.

لەگەڵ زیادبوونی سێڵفی و سێڵفیگرتن، توێژەرانی تەکنەلۆژیا و بوارە دەرونییەکانیش بەردەوامن لە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی.

ئەگەر تویژەرانی بواری تەکنەلۆژیا بەردەوام هۆشداری بدەن لە خراپییەکانی زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر ئامێرەکە، ئەوا توێژەرانی بواری دەروونی لە ناوەندی پزیشکی بۆستن کاریگەرییە خراپەکانی سێڵفیان لەسەر لایەنی دەروونی مرۆڤ خستووەتە ڕوو لە ڕیگای توێژینەوەیەکی زانستییەوە.

بەپێی توێژینەوەکەی ناوەندەی پزیشكی بۆستن، زیادەڕەویکردن لە گرتنی سێڵفیدا یەکیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕازی نەبوون بە شێوەی ڕووخسار و شێوەی مرۆڤ خۆی، هەر ئەمەش هاندەرەی سەرەکی زۆربەی خەڵکییە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری کە بەگوێرەی توێژینەوەکە دەرکەتووە ٥٥%ی ئەوانەی نەشتەرگەری جوانکاری دەکەن لە ئەمریکا هۆکارەکەی وێنەی سێڵفییە، بەجۆرێک ئەوانەی لە ڕوخساری خۆیان ناڕازین بەهۆی گرتنی وێنەی سێڵفییەوە زیاتر حەزی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکارییان لا دروست دەبێت.

ناوەندی پزیشکی بۆستن کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەرە، لە توێژینەوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەکارهێنانی ئیفێکت و فلتەرەکانی سناپ چات و ئینستاگرام هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی خواستە لەسەر نەشتەرگەییەکانی جوانکاری، زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ ڕوویان لە ناوەندە پزیشکیەکانی جیهان کردووە بۆ جوانکاری داوایانکردووە، بەشێوەی فلتەر و ئیفێکتەکانی سێڵفییەکانی سناپچات نەشتەرگەری جوانکارییان بۆ بکەن، ئەمەش وەک پزیشکان دەڵێن لە زانستی پزیشکیدا داواکارییەکی ناواقیعییە و چونکە فلتەر و ئیفێکتەکان زیاتر لە خەیاڵەوە نزیکن نەک لە واقیع، زۆربەی ئەو کەسانەش داوای گەورەکردنی چاو و بچووکردنەوەی لوتیان دەکەن هاوشیوەی ئیفێکتەکانی سناپ چات.

بەشێک لە توێژەرەکان دەڵێن و سێڵفی سناپچات کاریگەری لەسەر مێشک و لایەنی دەروونی بەجۆرێک دروست دەکات کە بیرکردنەوەیان دەگۆڕێت و حەزی دەستکاریکردن و گۆڕانکاری شێوەی ڕوخساریان تێدا دروست دەبێت و هۆشداریش دەدەن لە کاریگەری خراپی دیکەی لەسەر مێشک و ڕەفتاری مرۆڤ.

تویژەران دەشڵێن ناڕازیبوون لە ڕوخساری خۆت بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئیفێکتەکانی سێڵفیەوە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی هەستی متمانە بەخۆبوون و لاوازبوونی کەسایەتی کە بنەمایەکی گرنگی تەندروستی دەروونی  و سەرکەوتنی کەسایەتیی و بڕوا بەخۆبوونەوە، هەرچۆنێک بێت ئێستا سێڵفی گرتن و سێڵفییەکانی سناپچات بووەتە بەشێک لە ژیانی بەکارهێنەرانی مۆبایلە هۆشمەندەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەت سناپچات کە بەشێکی زۆری گەنجان بەتایبەت کچان گیرۆدەی بەکارهینانی بوون.

ش.ق