لە هەنگاوێکى مێژووییدا ئاژانسى ناسا کەشتییەکى ئاسمانى ڕەوانەى ئاسمان کرد، بە ئامانجى لێکۆڵینەوە لە بەرگە گازییەکەى دەورى خۆر و گەیشتنى بە نزیکترین خاڵ لە خۆرەوە.
لە هەنگاوێکى مێژووییدا ئاژانسى ناسا کەشتییەکى ئاسمانى ڕەوانەى ئاسمان کرد، بە ئامانجى لێکۆڵینەوە لە بەرگە گازییەکەى دەورى خۆر و گەیشتنى بە نزیکترین خاڵ لە خۆرەوە.
کەشتییەکە کە لە ناوچەى کیب کانافیراڵ لە ویلایەتى فلۆریداى ئەمریکاوە هەڵدرا، بە ناوی فیزیاناس و گەردونناسی ئەمەریکی یوجین پارکەرەوە ناونراوە کە ئێستا تەمەنی ٩١ ساڵە، کە لە کۆتایی پەنجاکاندا باسى لەوە کردبوو، خۆر بە بەردەوامی تەنۆچکەی بارگاوی لێ دەردەچێت و بە بۆشایی ئاسماندا بڵاودەبێتەوە، ئەو لێشاوە تەنۆچکانەى ناونا ڕەشەباکانی خۆر.
کەشتییە ئاسمانییەکە، بە هەمان قەبارە و شێوەى ئۆتۆمبیلێکى بچوک دروستکراوە و بە خێرایی ٤٣٠ هەزار میل لە کاتژمێرێکدا گەشت دەکات و بڕیارە گەشتەکەى ٧ ساڵ بخایەنێت.
بڕیارە کەشتییەکە لە ماوەى شەش هەفتەدا هەسارەى زوهرە تێپەڕێنێت و دواى شەش هەفتەى دیکەش بگات بە نزیکترین خاڵ لە خۆرەوە.
ئاژانسى ناسا پێشبینى کردووە کەشتییەکە بە دوورى ٦ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کیلۆمەتر لە دەورى بەرگى خولگەى خۆرەوە بسوڕێتەوە، کە حەوت هێندە نزیکترە لەو کەشتییانەى تر کە هەڵدراون بۆ بۆشایى ئاسمان، بەوەش پلەی گەرمییەکەی بۆ هەزار و ٦٥٠ پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، کە توانای توانەوەى زۆر بەهێزترە لە توانەوەى ئاسن، چونکە کەشتییەکە بە چینێک لە پێکهاتەی کاربۆن بە سیرامیک داپۆشراوە و ڕووپۆشکراوە کە توانای هەیە بەرگەی ئەو پلە گەرمیە بەرزە بگرێت.
لە ماوەى حەوت ساڵى گەشتەکەیدا، کەشتییە ئاسمانییەکە ٢٤ جار بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە، بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى فیزیایی لەبارەى ئەو چینە پلازمایەى کە دەورى خۆرى داوەو بە کۆرۆنا ناسراوە، دەکەوێتە نێوان بۆشایی ئاسمان و خۆرەوە و تەنیا لەکاتى خۆرگیراندا بە چاو دەبینرێت و پلەى گەرمییەکەى لە نێوان یەک بۆ دوو ملیۆن پلەى سیلیزیدایە.
ئەو ناوچەیەى دەورى خۆر، زۆربەى ئەو چالاکییە گرنگانەى لەسەر ڕوودەدات کە کاریگەرى لەسەر زەوى دروستدەکەن و دەبنەهۆى هەڵکردنى ڕەشەباکانى خۆر کە هەر ٢٧ ڕۆژ جارێک بەر خولگەى زەوى دەکەوێت و ئەگەر لەوە زیاتر بەر زەوى بکەوێت ئەوا ژیان لەسەر زەوى تێکدەچێت.
ئەم پرۆژەیە تێچووەکەى یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە و ئامانجى سەرەکى ئەوەیە زانیارى ورد لەسەر خۆر کۆبکاتەوە.
ئاژانسى ناسا لە ساڵانى حەفتاکانەوە دەیەوێت کەشتییەکی لەم شێوەیە بنێرێت بۆ نزیکی خۆر بەڵام نەیدەتوانی لەبەر بەرزی پلەی گەرما لە نزیکی خۆر و نەبوونی ماددەی پێویست لە ساڵانی ڕابردوو بۆ دروستکردنی کەشتییەک کە بەرگەی ئەو گەرمییە زۆرە بگرێت.
کەشتییەکە لە نزیکەوە کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لەسەر خۆر کۆدەکاتەوە و ڕەوانەى زەوییان دەکات، دوای تەواوبوونی کارەکانیشى ئاژانسی ناسا کەشتییەکە بەردەداتەوە سەر خۆر و دەسوتێت.
ع.م