رۆژنامەی یو ئێس ئەی تودەی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هۆشداریداوە لە ناردنی نامەیەکی ساختەی ئەلیکترۆنی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە کە هاککەرەکان خۆیان وەک کارمەندی کۆمپانیای ئەپڵ دەناسێنن و لەو رێگەیەوە، ملیۆنان دۆلاریان کۆکردووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، ئەو کەسانەی کۆمپیوتەری ماک بەکاردەهێنن نامەیەکی باکگراوند زەرد بۆ ئایفۆنەکانیان دەنێردرێت، کە تیایدا داوایان لێدەکەن دەستبەجێ پەیوەندی بکەن بە راژەی بەشداربوون و خزمەتگوزارییەوە، چونکە هاککەرەکان توانیویانە دزەبکەنە ناو کۆمپیوتەرەکانیانەوە و هاکیان بکەن.
جینیفەر جولی نوسەری راپۆرتەکە هۆشیاریدەدات و دەڵێت، ئەمەیان ڤایرۆس نییە کە لە کۆمپیوتەرەکان دەدات، بەڵکو کەسێک کاتێک وەڵامدەداتەوە هاککەرەکان دەتوانن دەست بەسەر کۆمپیوتەرەکانیاندا بگرن و هەموو زانیارییە تاکە کەسییەکان بۆ خۆیان ببەن و لە بەرامبەردا، داوای پارە لە کەسە هاککراوەکە دەکەن.
جینیفەر جولی ئەم هەنگاوەی بە سەرکەوتووترین پرۆسەی فێڵکردنی لە رێگەی ئینیتەرنێتەوە وەسفکردووە، بە تایبەتی لە دژی کەسانی بە تەمەن کە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کاتێکی زۆر بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەرەکانیانەوە بەسەردەبەن.