سەردێڕ:

کەی مۆبایل بۆ منداڵەکەت دەکڕیت؟

فۆتۆ: 
2018-08-03

18554 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی بواری دەروونی لە بەریتانیا ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر باوکان هۆشیاربن لە بەکارهینانی مۆبایل لەلایەن منداڵە بچوکەکانیانەوە.


پسپۆڕێکی بواری دەروونی لە بەریتانیا ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر باوکان هۆشیاربن لە بەکارهینانی مۆبایل لەلایەن منداڵە بچوکەکانیانەوە.

جۆن گۆڵدن پسپۆڕی بواری دەروونی و جێگری سەرۆکی کۆلێژی پزیشکی دەروونی لە بەریتانیا ڕایگەیاندووە، پێویستە تا تەمەنی ١١ ساڵی مۆبایلی زیرەک نەدرێتە دەستی منداڵ.

ئاماژەی بەوەش کردووە، باوکان ناچارن مۆبایلی زیرەک بۆ منداڵەکانیان بکڕن، بۆئەوەی منداڵەکانیان بخەنە ڕیزی هاوتەمەنەکانیانەوە لە قوتابخانە.

گۆڵدن پێیوایە پێویستە لەسەر دەسەڵاتداران ڕێنمایی فەرمی پێشکەش بە باوکان بکەن بۆئەوەی ئاگاداری باش بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک بن لەلایەن منداڵەکانیانەوە، بەتایبەت منداڵە بچوکەکان بە هۆکارێکی کاریگەری دەزانن بۆئەوەی فشار لە باوکان بکەن.

ئەو پسپۆڕە هۆشداری ئەوەشی داوە زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانەوە، ڕووبەڕووی دوودڵی و خەمۆکییان دەکاتەوە.

ئامۆژگاری خێزانەکانیش دەکات کە دەبێت ڕێگەنەدرێت بەو منداڵانەی تەمەنیان نەگەیشتووەتە ١١ ساڵان، ڕۆژانە لە ٢ کاتژمێر زیاتر ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، لە کۆی هەر ١٠ منداڵێکی تەمەنی ٨ بۆ ١١ ساڵان ٤ دانەیان خاوەنی ئەکاونتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

پسۆڕانی بواری پەروەردە و فێرکردن ترسی ئەوەیان هەیە بەهۆی سەرقاڵبوونی منداڵان بە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لایەنی خوێندن و فێرکردن لای منداڵان فەرامۆشبکرێت، هەروەها زۆر بەکارهێنانی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان مەترسی ئەوەشی هەیە کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە منداڵان ڕابکێشرێنە ناو هەندێک بابەتی مەترسیدارەوە.

ع.م