خزمەتگوزارییەکی نوێی فەیسبووک بۆ "ژووان دانان" دەخرێتە بەردەست بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.
خزمەتگوزارییەکی نوێی فەیسبووک بۆ "ژووان دانان" دەخرێتە بەردەست بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.
دوێنێ لە کۆنگرەی گەشەپێدانی ساڵانەی فەیسبووک کە ناسراوە بە F8 لە شاری سان خۆسییە لە کالیفۆڕنیا ئەنجامدرابوو، مارک زوکەربێرگ خاوەنی کۆمپانیای فەیسبووک ئاماژەی بە خزمەتگوزارییەکی نوێدا کە تایبەتە بە عاشقان و خۆشەویستان و بە ناوی Dating واتە ژووان.
هۆکاری بیرکردنەوە لەم خزمەتگوزارییە بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە ڕێگەی ئەم تۆڕەکۆمەڵایەتییەوە یەکتریان ناسیوە و ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە، هەربۆیە فەیسبووک سوودی لەم دەرفەتە وەرگرتووە بۆ دانانی ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە بەمەبەستی ژووان دانان.
مارک لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە ئاماژەی بەوە کرد ئەم خزمەتگوزارییە سەرەتا سەلامەتی و ئاسایش و پارێزگاری لەبەرچاو دەگرێت، هەروەها ئەم تایبەتمەندییە بۆ پەیوەندی ڕاستەقینە و درێژ خایەنە نەوەکو بۆ پەیوەندی ناڕاست و کورت خایەن بێت.
بەکارهێنەران لەڕێگەی ئەم تایبەتمەندییەوە دەتوانن پڕۆفایلێکی تایبەت بە خۆیان بۆ مەبەستی ژوان بەستن دروست بکەن و هەر لەوێوە دەتوانن خەڵکی نزیک لە کەسایەتی و تایبەتمەندی خۆیان بدۆزنەوە و پەیوەندیان لەگەڵ بگرن.
هەروەک لە ووتەکانی مارکدا هاتووە، بە هیچ شێوەیەک هیچ جموجوڵێکی ناو ئەم خزمەتگوزارییە لەسەر مێسنجەر و بەشی Newsfeedـی فەیسبووک دەرناکەوێت و بەشێکی تەواو تایبەتە.
شایەنی باسە تاوەکو ئێستا کاتی بەردەستبوونی ئەم خزمەتگوزارییە بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە و ئاماژە بە هیچ کاتێکی دیاریکراو نەکراوە، ڕاگەیەنراوە کە لە چەند مانگی داهاتوودا زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە ئاشکرا دەکرێت.