سەردێڕ:

عێراق لە ڕیزبەندی ١٣٥ وڵاتی جیهان لە ڕووى خزمەتگوزارى ئینتەرنێتەوە پلەی ١١٥ یەمی گرتووە

فۆتۆ: 
2018-07-18

5177 جار خوێندراوەتەوە

ئینتەرنێت یان تۆڕی جاڵجاڵۆکەى جیهانى، ئەو داهێنانەى کە تەمەنى نزیکەى ٤٠ ساڵە و بە یەکێک لە گرنگترین داهێنانەکانى مرۆڤایەتی دادەنرێت، کە زیاتر لە نیوەى دانیشتووانى جیهان بەکاریدەهێنن.


ئینتەرنێت یان تۆڕی جاڵجاڵۆکەى جیهانى، ئەو داهێنانەى کە تەمەنى نزیکەى ٤٠ ساڵە و بە یەکێک لە گرنگترین داهێنانەکانى مرۆڤایەتی دادەنرێت، کە زیاتر لە نیوەى دانیشتووانى جیهان بەکاریدەهێنن.

بەپێى نوێترین توێژینەوەى ناوەندە جیهانییەکان لە ئێستادا لەسەر ئاستى جیهان ڕۆژانە زیاتر لە ٥٢٠ ملیۆن کەس ئینتەرنێت بەکاردەهێنن.

بەپێی ئامارى ڕیزبەندى باشترین وڵاتانى جیهان بۆ خێرایی هێڵەکانى ئینتەرنێت لە ساڵى ٢٠١٨دا، لە کۆى ١٣٥ وڵاتى جیهانى، عێراق لەڕووى خراپی خزمەتگوزارى ئینتەرنێتەوە لە ڕیزبەندى ١١٥یەم وڵاتى جیهاندایە.

بەپێى ئەو ئامارە هەریەک لە وڵاتەکانى سەنگاپورە و ئایسلەند و هۆنگ کۆنگ و کۆریاى باشور و ڕۆمانیا لە ڕیزبەندى پێشەوەى وڵاتانى جیهانن بۆ خێرایی هێڵەکانى ئینتەرنێتى جێگیر.

لەسەر ئاستى خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بۆ ئەو هێڵانەى کە بە مۆبایل بەکاردەهێنرێن، هەریەک لە وڵاتەکانى نەرویج و قەتەر و ئایسلەندا و سەنگاپورە و ئیمارات لە ڕیزبەندى پێشەوەى ١٣٥ وڵاتە بەکارهێنەرەکەى ئینتەرنێتدان، کە عێراق لەم ڕیزبەندییەدا لە پلەى ١١٧یەمدایە.

لە هەرێمى کوردستاندا زیاتر لە 10 کۆمپانیاى دابینکردنى خزمەتگوزارى ئینتەرنێتى جێگیر و جوڵاو هەیە، کە هەریەکەیان بە خێرایی و نرخى جیاواز خزمەتگوزارییەکان پێشکەشدەکەن، حزبە دەسەڵاتدارەکانى هەرێم بەشێکى گەورەى ئەم جۆرە بازرگانییەشیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە

سەرەڕاى ئەوەى هاوڵاتییان بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانجى جۆراوجۆر لەسەر لاوازى هێڵەکانى ئینتەرنێت و گرانى نرخەکانى دەدەن، بەڵام ئومێد محەمەد وتەبێژى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، خێرایی بەشێک لە هێڵەکانى ئینتەرنێت بە بەراورد بە بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپا لە هەرێمى کوردستان باشتر و خێراترە.

دەشڵێت، حکومەت نرخى ئینتەرنێت دانانێت، بەڵکو کۆمپانیاکان لە دانانى نرخەکاندا ئازادن، بە جۆرێک لە ئێستادا کۆمپانیا هەیە نرخى خزمەتگوزارییەکانى بۆ یەک مانگ، دەگاتە ٤٥٠ هەزار دینار بۆ هێڵى جێگیر و ٩٠ هەزار دیناریش بۆ هێڵە جوڵاوەکانى مۆبایل.

بەشێک لە بەکارهێنەرانى ئینتەرنێت لە هەرێمى کوردستان دەڵێن، سەربارى خراپى کوالیتى و گرانى نرخى بەشداریکردنى مانگانەى هێڵەکانى ئینتەرنێت، لە بەشێک لە ناوچە و ڕێگاوبانەکانى شارەکانیشدا تۆڕەکانى ئینتەرنێت زۆر لاوازن.

سەرەڕاى سکاڵاى بەشێک لە هاوڵاتیان لە خراپى هیڵەکانى ئینتەرنێت، بەکارهێنەرانى ئینتەرنێت لە عێراق و هەرێم لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ڕووبەڕووى بڕینى خزمەتگوزارییەکە بوونەوە، بەبێ ئەوەى قەرەبووبکرێنەوە.

ڕاگرتنى هێڵەکان کە سێ ڕۆژى خایاند بە بڕیارى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى عێراق بوو بۆ ڕێگرى لە تەشەنەسەندنى زیاترى خۆپیشاندانەکان، کە لە هەرێمیش جێبەجێکرا.

جگە لەوە ساڵانە لەکاتى تاقیکردنەوە وەزارییەکاندا ڕۆژانە بۆ ماوەى ٣ کاتژمێر ئینتەرنێت لە هەرێم ڕادەگیرێت، کە بە وتەى شارەزایان، دەکرێت ڕێگەى تر بۆ پاراستنى ناو هۆڵەکانى تاقیکردنەوە بگیرێتەبەر لەبرى ڕاگرتنى هێڵەکانى ئینتەرنێت.

ش.ق