سەردێڕ:

هۆی دانانى فلتەر لەسەر هێڵەکانى ئینتەرنێت لە هەرێم و بەغدا چییە؟

فۆتۆ: 
2018-07-15

16800 جار خوێندراوەتەوە

​دانانى فلتەر لەسەر هێڵەکانى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێم و شارەکانى عێراق هاوڵاتیانى ناچارکردووە بەدوای ئەو ڕێگایانەدا بگەڕێن کە بۆ شکاندنى فلتەرەکان بەکاردەهێنرێن.


دانانى فلتەر لەسەر هێڵەکانى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێم و شارەکانى عێراق هاوڵاتیانى ناچارکردووە بەدوای ئەو ڕێگایانەدا بگەڕێن کە بۆ شکاندنى فلتەرەکان بەکاردەهێنرێن.

ڕۆژى ١٤ى ئەم مانگە حکومەتى عێراق بڕیاریدا بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنى زیاترى خۆپیشاندانەکان فلتەر لەسەر ئینتەرنێت و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنێت، بڕیارەکە هەرێمى کوردستانیشی گرتەوە و بەهۆیەوە زۆربەى هیڵەکانى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى فەیسبوک و ئینستاگرام لەکارکەوتن.

لە ئێستادا بەشێکى زۆر لە هاوڵاتیان لەڕێگەى دابەزاندنی بەرنامەکانى  VPNەوە، واتە (تۆڕی تایبەتى ڕاستەقینە) توانیوویانە ئەو فلتەرانە بشکێنن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بکەنەوە چونکە سیستمەکە ئەو ڕێگرییانە دەشکێنێت کە حکومەت و دەزگاکان لەسەر ماڵپەڕ و خزمەتگوزارییەکانى ئینتەرنێت دایدەنێن.

سیستمی VPN بە چەندین بەرنامە کارادەکرێت، لەوانەش بەرنامەکانى ( snap VPN) و (VPN 360)  هەروەها بەرنامەى (HOLA) لەگەڵ چەند بەرنامەیەکى دیکە، بەڵام جگە لەو سێ بەرنامەیە کە بە خۆڕایین ئەوانى دیکە بە پارە دەکرێنەوە.

ئەو سێ بەرنامەیە، دەتوانرێت بۆ هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەکاربهێنرێت و تەواوى ئەو فلتەرانە دەشکێنێت کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دانراون.

دواى دابەزاندنى، بەرنامەکە ڕێگە بە بەکارهێنەر نیشاندەدات تاوەکو ئەو ئەپڵیکەیشنە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت فلتەرەکەى لەسەر لابەرێت، دواتریش دەتوانیت ئەو وڵاتە هەڵبژێریت کە دەتەوێت، پاشان فلتەرەکە نامێنێت و ئەپڵیکەیشنەکە دەکرێتەوە.

بە وتەى شارەزایانى بوارى ئایتى، باشترە لە هەڵبژاردنى وڵاتەکەدا وڵاتى ئەمریکا هەڵبژێردرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەى کە سێرڤەرەکانى ئەو وڵاتە زۆر خێران.

هەرچەندە وتەبێژى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند لەگەڵ حکومەتى عێراق لە هەوڵدان بۆ لابردنی ئەو فلتەرانە، بەڵام هێشتا دیارنییە کەى فلتەرەکان لەسەر شارەکانى هەرێم لادەبرێت.

بە وتەى چاودێران، بڕیارەکەى حکومەتى بەغدا لەوەوە سەرچاوەى گرت تاوەکو ڕێگری لە بڵاوبونەوەى ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانە بکات کە لە خۆپیشاندانەکاندا تۆماردەکرێن.

هەروەها هۆکارێکى دیکە بۆ پچڕاندنى ئەو پەیوەندیانەیە کە ڕێکخەرانى خۆپیشاندانەکان بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان لەڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەستویانە.

دواى ئەوەى بڕیارەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، هەر زوو لەلایەن شارەزایانى بوارى ئایتیەوە زانیاری درایە هاوڵاتیانى هەرێم و شارەکانى عێراق تاوەکو بەرنامەکانى کردنەوە VPN دابەزێنن بۆئەوەى فلتەرەکان بشکێنن، بەرنامەکانیش بە خێرایی لەناو خەڵکیدا بڵاوبوویەوە.

لە ماوەى ڕابردوودا و تا ئێستاش لەگەڵ هەر خۆپیشاندانێکدا لە ئێران حکومەتى ئەو وڵاتە بەردەوام فلتەر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەنێن، بۆیە لەوێش هاوڵاتیان پەنا بۆ بەرنامەکانى کردنەوەى VPN دەبەن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە، بۆیە ئەو کەسانەی کە لە ماوەى ڕابردوودا لە هەرێمەوە سەردانى ئێرانیان کردووە باشتر دەزانن کە چۆن فلتەرەکان بشکێنن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى وەک فەیسبوک و ئینستا بکەنەوە.

هــ.حــ