سەردێڕ:

بەهێزترین کۆمپیوتەری جیهان لە ئەمریکا دروستکرا

فۆتۆ: 
2018-06-15

7035 جار خوێندراوەتەوە

بەهێزترین کۆمپیوتەری جیهان، گونجاو بۆ چاخی ژیریی دەستکرد، لە ئەمریکا دروستکرا.


بەهێزترین کۆمپیوتەری جیهان، گونجاو بۆ چاخی ژیریی دەستکرد، لە ئەمریکا دروستکرا.

لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەهێزترین سوپەرکۆمپیوتەری جیهان هی وڵاتی چینە کە ناوی  TaihuLightە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر جارێکی دیکە وڵاتی ئەمریکا بووەوە بە خاوەنی بەهێزترین کۆمپیوتەری جیهان، ئەم سوپەرکۆمپیوتەرە نوێیە ناوی سەمیتە.

ئامێرە نوێیەکە لە چرکەیەکدا ٢٠٠ هەزار تریلیۆن حسابکردن ئەنجام دەدات، بۆ ئەوەی لە گەورەیی ئەم ژمارەیە تێبگەین، وای دابنێن هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی  بۆ ماوەی ٣٠٥ ڕۆژ لە هەموو چرکەیەکدا حسابکردن ئەنجام دەدەن، کۆی ئەم کارە دەگاتە کارێک کە ئەم سیستمە لە چاوتروکانێکدا ئەنجامی دەدات.

سەمیت لە سەدا ٦٠ لە ئامێرە چینییەکەی پێش خۆی بەهێزترە و ٨ بەرامبەر لە کۆمپیوتەری تیتان بەهێزترە کە پێش سەمیت، بەهێزترین سوپەرکۆمپیوتەری وڵاتی ئەمریکا بووە.

تەنیا بەهێزبوون نییە کە سەمیت لە سووپەرکۆمپیوتەرەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە، بەڵکو ئەو کەڵکەیە کە ئەم سیستمە هەیەتی.

 پێشتر لە سوپەرکۆمپیوتەرەکان بۆ داڕشتنی کەرەستەی نوێ، داڕشتنی چەکی ئەتۆمی و توێژینەوەی زانستی کەڵک وەرگیراوە، بەڵام کەڵکی تایبەتی سەمیت لە بواری ژیریی دەستکرددایە، لە سەمیتدا لە ٢٧٠٠٠ چیپی جی.پی.یوو کەڵک وەرگیراوە کە دروستکراوی کۆمپانیای ئێن ڤیدیان و هەروەها لە ژمارەیەک چیپی Power9 بەرهەمی کۆمپانیای ئای.بی.ئێم کەڵک وەرگیراوە.

 بەکارهێنانی سەرەکیی سەمیت بۆ بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد وەک ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی ئامێری و تۆڕی نۆرۆنیی دەستکردە.

ئێستا لەگەڵ سەمیت مرۆڤایەتی توانای زیاتری لە ژمێرکاریدا هەیە، بە هەبوونی سیستمێکی لەو چەشنە پێتان وایە کۆمپیوتەرەکان بەهێزترن یان مرۆڤ؟ ئایا مرۆڤ توانایەکی تایبەت بە خۆی هەیە کە لەم ئامێرانەدا نییە؟!

وشەکان:

 Summit سەمیت

Supercomputerسوپەرکۆمپیوتەر

 Artificial intelligence ژیریی دەستکرد

Machine learning فێربوونی ئامێری

Neural network تۆڕی نۆرۆنی

Titan تیتان

Nvidia ئێن ڤیدیا

ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی هۆژانەوە وەرگیراوە.

ش.ق