سەردێڕ:

رێگەیەکی ئاسان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی شەحنی ئایفۆن

فۆتۆ: 
2019-07-22

12645 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر لە بەکارهێنەرانی ئایفۆنیت و کێشەی زوو دابەزینی شەحن (بارگاویی) پاتریی مۆبایلەکەت بۆ دروستبووە، ئەوا دەتوانیت سوود لە هەندێك رێگەی ئاسان وەربگریت بۆ چارەسەری ئەم گرفتە، تا ئیتر پێویست نەکات بەردەوام مۆبایلەکەت بە شەحنەوە بەجێبهێڵیت.


ئەگەر لە بەکارهێنەرانی ئایفۆنیت و کێشەی زوو دابەزینی شەحن (بارگاویی) پاتریی مۆبایلەکەت بۆ دروستبووە، ئەوا دەتوانیت سوود لە هەندێك رێگەی ئاسان وەربگریت بۆ چارەسەری ئەم گرفتە، تا ئیتر پێویست نەکات بەردەوام مۆبایلەکەت بە شەحنەوە بەجێبهێڵیت.

ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژەی بەوە کردووە، بەهێزیی پاتریی مۆبایل یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکان لە مۆبایلی زیرەکدا، چونکە ئێمە هەریەکێکمان مۆبایلی زیرەك بۆ تەلەفۆن کردن و ئینتەرنێت و گوێگرتن لە میوزیك و سەیرکردنی کورتە ڤیدیۆ و چەندین بواری جیاواز بەکاردەهێنین.

بۆیە بەکارهێنەرانی مۆبایلی زیرەك زۆرکات رووناکیی مۆبایلەکەیان کەمدەکەنەوە بۆئەوەی کەمترین وزە بەکاربهێنن و شەحنی مۆبایلەکەیان دانەبەزێت، بەڵام ئەمە تەنها رێگە نییە بۆ رێگریکردن لە دابەزینی شەحن.

لەبەرئەوەی کە ئەو بەرنامانەی لەسەر مۆبایلی زیرەك هەن زۆرترین وزەی مۆبایلەکە بەکاردەهێنن بەهۆی ئەوەی بەردەوام نوێدەبنەوە (refresh دەکەن) و نۆتیفیکەیشن دەنێرن، بەکارهێنەرانی ئایفۆن دەتوانن ئەم کێشەیە چارەسەربکەن لە رێگەی چەند هەنگاوێکی ئاسانەوە، کە چەند خولەکێك ناخایەنێت.

بۆ ئەمەش دەبێت بچیتە بەشی (Settings) دواتر بەشی (General) هەڵبژێرە و لەوێوە بچۆرە سەر(Background app refresh) ، لێرەدا دەبێت پەنجە بنێیت بە دوگمەی (off)دا تا بەرنامەکانی ناو مۆبایلەکە لە نوێبوونەوە بوەستن (واتە ریفرێش نەکەن و چیتر هیچ نۆتیفیکەیشن و زانیارییەك نەنێرن لەسەر ئەو داتا تازانەی بۆیان دێت).

لە هەندێك کاتیشدا لەبەرئەوەی بەکارهێنەر پێویستی بە نوێبوونەوەی بەرنامەکانە تا زانیاری و داتاکانی پێبگات، دەتوانێت لەو کاتانەی کە پێویستی نییە، نوێبوونەوەیان بوەستێنێت.

هەروەها دەتوانێت وابکات کە تەنها لەسەر وایفای بەرنامەکان کاربکەن و لەکاتی بەکارهێنانی داتای مۆبایلەکە هیچ نوێبوونەوەیەك روونەدات، بۆ ئەمەش دەبێت پەنجە بنرێت بە هەڵبژاردەی (Wi-Fi)دا.

ئەم رێگەیە یارمەتیدەرە بۆ پارێزگاریکردن لە شەحنی مۆبایل، چونکە رێگەدەگرێت لە نوێبوونەوەی بەرنامەکان، ئەمەش مانای ئەوەیە کە کەمترین نوێبوونەوە لە مۆبایلەکەدا روودەدات و کەمترین وزە بەکاردەهێنرێت.

لە حاڵەتێکیشدا کە بتەوێت هەموو بەرنامەکانت بەیەکەوە لەکارنەکەوێت، دەتوانیت سەیری ئەو بەرنامانە بکەیت کە زۆر شەحن بەکاردەهێنن تا ئەو بەرنامانە بسڕیتەوە و پێویست نەکات بەم جۆرە لەکاریانبخەیت.