سەردێڕ:

هواوی تۆڵە لە ئەمریکا دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-14

10613 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جوڕناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرایکرد، کۆمپانیای هواویی چینی سەرقاڵی پلانداڕشتنە بۆ ڕێوشوێنی وەڵامدانەوە لە بەرامبەر بڕیارەکانی ئەمریکا، کە کۆمپانیاکەی خستووەتە لیستی رەشەوە.


ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جوڕناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرایکرد، کۆمپانیای هواویی چینی سەرقاڵی پلانداڕشتنە بۆ ڕێوشوێنی وەڵامدانەوە لە بەرامبەر بڕیارەکانی ئەمریکا، کە کۆمپانیاکەی خستووەتە لیستی رەشەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، کۆمپانیای هواوی پلانی داڕشتووە بۆ دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندەکانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

چاوەڕوانیش دەکرێت پلانی دوورخستنەوە و دەرکردنی کارمەندەکانی کۆمپانیای هواوی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکەی توێژینەوە و گەشەپێدان بگرێتەوە، کە نزیکەی ٨٥٠ فەرمانبەری لە کۆمپانیاکانی توێژینەوە لە سەرانسەری ئەمریکادا دامەزراندووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ناتوانرێت ژمارەی ئەو کرێکار و کارمەندانە دیاریبکرێت کە بڕیارە دووربخرێنەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، چاوەڕواندەکرێت دوورخستنەوەکان سەدان کرێکار و کارمەند بگرێتەوە.

هاوکات کۆمپانیای هواوی لە ئەمریکا بژاردەی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان، خستووەتە بەردەم کرێکار و فەرمانبەرە چینییەکان، بۆئەوەی لە کۆمپانیاکە بەردەوامبن لە کارەکانیان.

چاوەڕوانیش دەکرێت دوای دوورخستنەوەی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کۆمپانیای هواوی لە ئەمریکا، کۆمپانیاکە بەشێکی تر لە کارەکانی خۆی لە ئەمریکا هەڵوەشێنێتەوە.

پێشتر "لیانگ هوا" سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای هواوی ڕایگەیاندبوو، ئەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، کە کۆمپانیاکەیانی خستووەتە لیستی ڕەشەوە، پێدەچێت کاریگەریی هەبێت لەسەر دۆخی هواوی لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەها زیانی ڕاستەوخۆش بدات لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

مانگی ڕابردوو واشنتۆن سزای بەسەر کۆمپانیای هواویدا سەپاند و خستیە لیستی رەشی وەزارەتی بازرگانیی وڵاتەکەیەوە، بەو هۆیەشەوە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا ئاڵۆزییان تێکەوت، جگە لەوەش کاریگەریی هەبووە لەسەر پەیوەندییەکانی ئەو کۆمپانیا چینییە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گوگڵ و ئینتل و مایکرۆسۆفت، بە شێوەیەک کە چیتر ڕێگە نادرێت بە جێگیرکردنی سیستمی ئەندرۆید لەسەر مۆبایلە نوێیەکانی هواوی.

ئەو بڕیارەی ئەمریکا، کاریگەریی دەبێت لەسەر خزمەتگوزاریی کڕیارەکانی هواوی لە ١٧٠ دەوڵەتی جیهاندا.

ع.م